رێگای كورستان
هەرچەندە بەپێی ڕێکەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتیەکان،هەرێم نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە،بەڵام هێشتا گرفتی دواکەوتنی مووچە چارەسەر نەکراوەو بەردەوامی هەیە، چاودێرێکی سیاسی پێی وایە هەر لایەنێک خاوەنی هێزی سەربازی وئابوری و دیبلۆماسی بێت پاڵپشت بەو سێ کایە لەسەر مێزی دانوستان دانیشێت ئەوا گرەوی دانوستان و ململانێکە دەباتەوە کە بەداخەوە لە ئێستادا هەرێم خاوەنی هیچ کامێک لەو کایانە نیە و بەپێچەوانەوە عێراق هەر سێکیانی هەیە.
زیرەک کەمال چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی ڕێگای کوردستان دوواو ووتی ،پرس و کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کە بەغدا پێی وابوو هەرێمی کوردستان خۆی لە ئیلتزامە دەستوریەکان نەبان دەکات و لەدەرەوەی دەستوور نەوت دەفرۆشی و پەیوەندی سیاسی لەگەڵ وڵاتانیتر دەبەستێ،هەرێمیش پێی وابووە عێراق مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکات،بەڵگەشیان ئەوە بوو حکومەتی عێراق لە ٢٠٠٥ ەوە دەبوایە ٪١٧ ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەڵام لەو بەروارەوە تا ٢٠١٤ تەنها سەدا ١١ ی ناردووە،لەم بارەیەشەوە هەروەها بەدرێژایی ئەو مێژووە کەیسی موچە وبودجە بە گشتی بەردەوام فاکتەری ململانێ و ئاڵۆزیەکانی نێوان هەردولا بووە،لەساڵی ٢٠١٤ ش عێراق بە بیانوی ئەوە هەرێم نەوت دەفرۆشێت بودجەی هەرێمی بەتەواوەتی بڕی.
زیرەک کەمال ووتیشی هەڵبەت لە کایەی ململانێدا ،هەر لایەنێک خاوەنی هێزی سەربازی وئابوری و دیبلۆماسی بێت پاڵپشت بەو سێ کایە لەسەر مێزی دانوستان دانیشێت ئەوا گرەوی دانوستان و ململانێکە دەباتەوە کە بەداخەوە لە ئێستادا هەرێم خاوەنی هیچ کامێک لەو کایانە نیە و بەپێچەوانەوە عێراق هەر سێکیانی هەیە،هەربۆیەش دوای ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا،بەڵام حکومەتی عێراق هەر ڕۆژە و بە بیانویەک مەرجی قورس و ئاڵۆز لە جێبەجی کردن نەهاتوو دەخاتە چوارچێوەی وتووێژەکان و وەکو براوە ڕەفتار دەکات نەک وەک لایەنێکی مێزی سەر وتوێژ .
لەدرێژەی لێدوانەکەیدا،زیرەک کەمال چاودێری سیاسی ووتی،لە ٢٠٠٥ کە دەستوری نوێ لەلایەن گەلانی عێراق بڕیاری لەسەر درا نوخبەی سیاسی عێراقی بە شیعە و سونەوە لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و کایەی ناچاریدا ئەو دەستورەیان قبوڵ کرد ئەگیا خۆشیان ڕەمزە سیاسیەکانی عێراق چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە ئەو کاتەی ئەو دەستورەیان پەسەند کرد عێراق لە دۆخێکی لاوازدا بوو ئەگەرنا ئەو دەستوورە لە بەرژەوەندی کوردەکانە نەک ئێمەی عەرەب.
ڕاشیگەیاند، هەر کەسێک شارەزای لە دنیای سیاسی و ئایدۆلۆژیا و عەقڵیەتی نوخبەی سیاسی ئێستای عێراق هەبێت لەو ڕاستیە تێدەگات کە عێراقیەکان لە دەستوور پەشیمان بونەتەوە،بۆیە من واشی دەبینم هەر کاتێک بارودۆخی نیودەوڵەتی لەباردابێت و چەرخاڵەی ڕۆژگار لەبەرژەوەندی ئەوان بسوڕێ کار بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمیی کوردستان دەکەن و دەستکاری دەستوریش دەکەن،بۆیە من پێم وایە هەرێمی کوردستان پێویستە دەستوور بکاتە بنەمای وتوێژەکانی لەگەڵ بەغدا و هەروەها هەموو توانا و گوشارێک بخاتە گەڕ بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێکەوتن نامەیەی بەو دواییە لەسەر نەوت و بودجەی هەرێم کرا ،وەهیچ بیانویەک نەداتە دەست نوخبەی سیاسی عێراقی.