بەئامانجی دانوستانێكی یەكلاكەرەوەو ئازادكردنی تەواوی بارمتەكان نوێنەرانی ترەمپ گەیشتنە شەرمشێخی میسر و بڕیارە لەگەڵ سەركردەكانی حەماس كۆببنەوە.
سەردانەکەی نێردراوەکانی دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبونەوەیەک دێت کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی لە واشنتن ئەنجامدا و تاوتوێی پێشکەوتنەکانی دانوستانەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی غەززەیان کرد پێش ئەوەی نێردراوەکانی بەرەو میسر بڕۆن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوه، کۆبونەوەکانی شەرم شێخ شاهیدی ڕاوێژکاری چڕ و پڕی ئاستی باڵا لە نێوان نێوەندگرانی ناوچەیی و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبن.
ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ فشارێکی توند دەخاتە سەر هەردو لایهنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتودا بگەنە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە، لەنێویاندا ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
ئەو سەردانە بەشێکە لە هەوڵە خێراکانی دیپلۆماسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی واشنتن لە ڕێگەی نێردراوەکانی لە قاهیرە و دهوحە بۆ چەسپاندنی پڕۆسەی ئاشتی دوای دو ساڵ شەڕی خوێناوی لە غەززە.