بزووتنەوەی حەماس داوا لە پسپۆڕان دەكات بۆ دۆزینەوەی تەرمی بارمتەكان هاوكاریان بكەن و لەمڕوەشەوە توركیا تیمێكی ئامادە كردووە و چاوەڕێیە ئیسرائیل رەزامەندی بدات و بچنە نێو غەززە.
لە وەڵامی داواکارییەکی حەماسدا بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی تەرمی 19 بارمتە کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر فەلەستینی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە، ئەنقەرە تیمێکی تایبەتمەندی ناردووە بۆ ئەوەی لە گەڕاندا یارمەتییان بدات.
بەرپرسێکی تورکیا رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دەیان پسپۆڕی بەدەمەوەچوونی کارەساتە سرووشتییەکان لە سنووری میسرن و چاوەڕێی رەزامەندیی حکومەتی ئیسرائیلن بۆ چوونە نێو غەززە.
تیمەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) کە لە 81 ئەندام پێکدێ، ئامێری تایبەتمەندی گەڕان و رزگارکردنیان پێیە، لەوانەش ئامێری دۆزینەوەی تەرم و سەگی راهێندراوی گەڕان.
ئەو بەرپرسە گوتی، "تاوەکو ئێستا روون نییە کەی ئیسرائیل رێگە بە تیمی تورکیا دەدات بچنە نێو غەززە."
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نێوەندگیری بۆ کردووە، حەماس 20 بارمتەی رزگاربوو و تەرمی 9 لە 28 بارمتەی گەڕاندەوە.