لێکۆڵەرێکی سیاسی پێی وایە ،ڕێکەوتنی نەوتی نێوان بەغداو هەولێر گۆڕانکاریەکی نوێ لە نەخشەی هاوپەیمانیەتیەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئایندەی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی
لوقمان حسێن لێکۆڵەری بواری سیاسی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (بغداد الیوم) ڕایگەیاندوە، ڕێکەوتنی ئەم دوایانەی نێوان بەغداو هەولێر تایبەت بە نەوت، بەدەر نەبوو لە فشاری دەرەکی.
ڕونیشیکردوەتەوە،ڕێکەوتنی نەوتی و چارەسەری گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە فشاری ئەمریکا بووەو جەختیشی لەسەر کردوەتەوە کە پەیوەندیەکانی نێوان سودانی و سەرکردایەتی کورد بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشچونیان بەخۆوە بینیوە”.
لێکۆڵەرەکە هێماشی بۆکردوە، لەم دوایانەدا پەیوەندیەکانی نێوان بەغداو هەولێر بەرەو پێشچونی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، دووپاتیکردوەتەوە ئەم هەنگاوە ڕۆڵی گەورەو گرنگی دەبێت لە ڕەسمکردنی میکانیزمی هاوپەیمانیەتیەکانی هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق.
ڕاشیگەیاندوە، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی پێشوازی لە بەرەو پێشچونی پەیوەندیەکانی نێوان سودانی و سەرکردایەتی کورد دەکرێت و ڕێکەوتنی نەوتیش زەمینە بۆ ڕێکەوتنی پاش هەڵبژاردن دەڕەخسێنێت.
بەپێی ووتەی لوقمان حسێن ئەم پێشهاتانە هەنگاوێکی نوێ دەبن بەرەو هێوربونەوەو نزیکبونەوە لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان،بەم جۆرە لەگەڵ نزیکبونەوە لەهەڵبژاردنەکان، عێراق سەقامگیری زیاتر بەخۆوەی دەبینێت
جێگای باسە ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی کێشەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم، گرژی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێرو بەغدا چەند جارێک ڕویداوە تا گەیشتە بڕینی بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە