هەرچەندە ڕێکەوتنی سێ قۆڵی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو هەرێم نەوتی ڕادەستی عێراق کردووە، بەڵام هێشتا چارەسەری پرسی مووچە بەتەواوی نەکراوەو داهاتی ناوخۆو تەوتین دوو خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمە.
هەرچەند بەغدا هەفتەی ڕابردوو مووچەی مانگی 7ی ڕەوانەی هەرێم کرد،بەڵام هێشتا چارەنوسی مووچەی مانگەکانی 8و9 نادیارە،"
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات ،"بۆیە جارێکی تر مووچە خۆرانی هەرێم چاویان خستۆتە سەر ئەم کۆبونەوەیەو چاوەڕوانی هەواڵی یەکلاکردنەوەی مووچەی ئەو دوو مانگەیان دەکەن.
بەپێی ووتەی بەرپرسانی باڵای هەرێم و میدیای دەسەڵات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی نوسراوی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کردوە بۆ بڕیاردان لە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 .
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە داهاتی ناوخۆ رادەست بکات و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشتیش بنێرێت، بۆیە داوا دەکەن بڕیار لە خەرجکردنی مووچە بدرێت .
هەر بەپێی میدیای دەسەڵات وەزیرە کوردەکان، نوسراوەکە دەگەیەنن بە سوودانی و لە نێو کۆبونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت.