لە دوێنێ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 ،بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکردوە، 69 هاوپەیمانی و حزب بە 7768 کاندیدەوە لەسەر تاسەری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ڕکابەریان دەستپێکردووە.
بانگەشەی هەڵبژاردن لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت،دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،دۆخێکی هەستیارەو جموجۆڵێکی نائاسایی لەناوچەکە هەیەو پێشبینی ڕوداو گەلێکی خراپ ونەخوازراوی لێدەکرێت."
بەبۆچونی شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازی لەعێراق و ناوچەکە، ئەوەی ئەمڕۆ لەناوچەکە دەگوزەرێت ،لە ڕوی کۆکردنەوەی هێزو جموجۆڵی سەربازی نائاسایی، تەنها لە ساڵی 1991 جوڵەی لەم جۆرە هەبووە کاتێک هاوپەیمانیەتیەک بۆ لێدان و وەدەرنانی سوپای عێراق لە کوەیت بەسەرکردایەتی ئەمریکا پێکهات.
بەشێک لەسەرکردە سیاسیە عێراقیەکان، جەختی لەسەر دەکەنەوە،کە گۆڕانکاری لەناوچەکە بەڕێوەیەو عێراقیش بەدوور نابێت لەو گۆڕانکاریەو تەنها لەسەر کات وەستاوە.
لە ماوەکانی ڕابردوو، ڕائد فەهمی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، چەند جارێک لەدیدارە ڕۆژنامەوانیەکانیدا،ئەوەی ئاشکرا کردووە،کە ئەو گۆڕانکاریانەی ناوچەکە دەگرێتەوە،عێراق لێی بەدوور نابێت و بەشێک دەبێت لە گۆڕانکاریەکان.ئەو هیواشی دەخواست گۆڕانکاریەکان لەناوخۆوە ئەنجامبدرێت نەک لەڕێگەی هێزو لایەنی دەرەکی.
لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا عەدنان زورفی سەرۆکی هاوپەیمانی بەدیل.دوای گەڕانەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، گروپە چەکداریەکانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لێدانداندان جگە لەوەش دوورنییە ئەمریکا سزای توندی ئابوری بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.
هاوکات ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیەش هەفتەی ڕابردوو ئاشکرایکرد،عێراق و ئێران دەکەونە بەر لێدان و هێرشی سەربازی ئەمریکاو ئیسرائیل.
لەکۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەنیووێورک بەڕێوەچو، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا هەڕەشەی تەفروتوناکردنی میلیشیا چەکدارەکانی عێراقی کرد.
هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزو فراوانبونی جموجۆڵە نائاساییەکانی ناوچەکە،حکومەتی ئێرانیش فشاری زیاتری بۆ سەر حکومەتی عێراق دەستپێکردووە. کە نابێت چیتر ڕێگە بدرێت ئاسمانی ووڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لەدژی خاکی ئێران بەکار بهێنرێت.
لەگەڵ ئەم فشارانەی ئێرانیشدا عەلی ساعدی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،هەرکاتێک عێراق ڕوبەڕوی شەڕ ببێتەوە لەماوەی دوو کاتژمێردا هەرەسدەهێنێت، ووتیشی،لەناوخۆی عێراقدا ڕێگری لە بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی کراوە چونکە پێکهاتەکان ترسیان هەیە حکومەت لەهەر ڕوداوێکدا ئەو هێزە لەدژیان بەکاربهێنێت.
ڕونشیکردەوە تا ئێستا فڕۆکەکانی جۆری 16_F ی ئەمریکی کە بەعێراق دراوە،کۆنتڕۆڵیان بەدەست ئەمریکیەکانەوەیە.
ئێستا عێراق بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووەو خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەکات ،ناوچەکەش دەکوڵێت و خۆی بۆ ڕوداوگەلێکی نەخوازڕاو ئامادە دەکات.