
نوسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە بڕیارەکانی عێراق "بابەتێکی نیشتمانیی پەتییە" و حکومەت ڕەوایەتیی بڕیارەکانی لە هەڵوێست یان ئاراستەی هیچ وڵات و لایەنێکی دەرەکییەوە وەرناگرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە کۆماری عێراق "دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، دیموکراتی و فیدراڵییە"؛ دەسەڵاتەکانی و ڕەوایەتیی دامەزراوەکانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەکەیەوە وەردەگرێت و بە سەربەخۆیی تەواو، بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی جێبەجێ دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو ڕێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی عێراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنیا پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن، نەک وەک وەڵامێک بۆ هاندان، سەپاندن یان ئاراستەکردنی هیچ لایەنێکی دەرەکی.
هەروەها دووپات کراوەتەوە کە حکومەتی عێراق چاوەڕێی هاندان لە هیچ کەسێک ناکات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەکانی، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، مافی گەلەکەی و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی هەنگاو دەنێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕاشگەیەنراوە: "بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعمان دەستوور و یاسایە، و بەرژەوەندیی باڵای عێراقیش ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و ڕێکارەکانمان دیاری دەکات."
ئەم ڕاگەیەنراوەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، هاوکات بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لە بەیاننامە و ڕاگەیەنراوی جیاجیادا، کاردانەوەی توندی خۆیان سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
•
