سوودانی رایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی رێگەی بە هیچ لایەنێک نەداوە هەنگاوێک بنێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق بگەیێنێت و پاساو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق دروست بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆچوونی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لێک نزیک دەکەنەوە و پشتیوانی لە گفتوگۆ دەکەن.
ڕۆژی هەینی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری رایگەیاند، "کارمان لەسەر چاکسازی لە دەستە چاودێرییەکان کردووە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە کە لە دزیی تێوەگلاون و توانیمان (500) ملیار دینار بگەڕێنینەوە." .
وتیشی: بەردەوام لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و تێوەگلاون بە گەندەڵی، ئەوەش "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانییەکی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی رابگەیێندرێت کە پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان لەخۆبگرێت." دەشڵێت، "پێویستە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بجووڵێن و هاوئاهەنگی و هاوکاری بکەن."
سوودانی باسی لەوە کردووە:بڕیاری ئاشتی و جەنگ لەدەست دەوڵەتە. حکومەتەکەشمان رێگەی بە هیچ لایەنێک نەداوە هەنگاوێک بنێت کە زیان بە بەرژەوەندیی وڵات بگەیێنێت و پاساو بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان دروست بکات. هەروەها "گفتوگۆیەکی نیشتمانیمان لەنێوان هەموو هێزە سیاسییەکان ئەنجامدا کە بنەماکەی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق و تێنەگلاندنی بوو لە جەنگدا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، بۆچوونی ئێران و ئەمریکا لێک نزیک دەکەنەوە و پشتیوانی لە گفتوگۆ دەکەن، "ئەوەش بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم." دەشڵێت، "عێراق پاڵنەرە بە ئاراستەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پرسی دانوستاندن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی."