ئەمڕۆ یەکشەممە، 5//10/ 2025 لە سووریا بە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی یەكەم پەرلەمانی دوای سەردەمی ئەسەد دیار دەكرێن؛ بەڵام پڕۆسەكە رەخنەی لێدەگیرێت و بە نادیموكراسی دادەنرێت، چونكە سێیەكی ئەندامەكان لەلایەن سەركردەی كاتی، ئەحمەد شەرعەوە، دادەنرێن و كورد و دروزیش تێیدا بەشدار نین.
بەگوێرەی لیژنەی رێكخەر، زیاتر لە 1500 بەربژێر كە تەنیا 14%یان ژنن، كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی كورسییەكانی "ئەنجوومەنی گەل" دەكەن، كە خوولەكەی 30 مانگ دەبێت و شیاوی نوێكردنەوەیە.
بەگوێرەی دەستوورێكی كاتی كە لە مانگی ئاداردا راگەیێندرا، پەرلەمانی داهاتوو ئەركی یاسادانان جێبەجێ دەكات تاوەكو دەستوورێكی هەمیشەیی پەسند دەكرێت و هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوەدەچێت.
نزیكەی شەش هەزار كەس بەشداری لە پرۆسەی دیاریكردنی ئەندامانی پەرلەماندا دەكەن كە رۆژی یەكشەممە بەڕێوەدەچێت.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لە پرۆسەی دیاریكردنەكە گرتووە و دەڵێن، دەسەڵات لە دەستی شەرعدا قۆرخ دەكات و نوێنەرایەتیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی وڵات ناكات.
مانگی رابردوو، لە راگەیێندراوێكی هاوبەشدا، زیاتر لە 10 رێكخراوی ناحكومی رایانگەیاند، پرۆسەكە بەو واتایەیە كە شەرع "دەتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەر زۆرینەیەكی پەرلەمانی لەو كەسانە پێكبهێنێت كە خۆی هەڵیبژاردوون یان دڵنیایە لە وەفادارییان"، ئەمەش مەترسیی "پێشێلكردنی پرەنسیپی فرەلایەنیی سیاسی دروست دەكات كە بۆ هەر پرۆسەیەكی دیموكراسیی راستەقینە پێویستە."