
ژووری هەواڵ
بڕیارەکانی حکومەتی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، شەپۆلێک لە کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی فەرمی و حیزبی و جەماوەری لێکەوتووەتەوە و زۆربەی لایەنەکان ئەو بڕیارانەیان بە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان ناوبردووە و ڕەتیان کردووەتەوە.
بەڵام، بەشێک لە ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دژی بڕیارەکانی بەغدا، لە کاتێکدایە کە خودی ئەو دوو حیزبە، هۆکارن بۆ ئەم دۆخەی ئێستاو هەنگاوەکانی حکومەتی زەیدی.
ئەم دوو حیزبە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستانیان پەکخستووە و دامەزراوە شەرعییەکانیان لەکارخستووە. بە بۆچوونی ڕەخنەگران، بەڕێوەبردنی هەرێم لەلایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەرەوە و قووڵبوونەوەی ململانێ حیزبی و بنەماڵەییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، دۆخەکەی گەیاندە ئاستی لێکترازانی ناوخۆیی و لاوازکردنی پێگەی هەرێم، بە شێوەیەک کە کۆدەنگییە هاوبەشەکەی ئێستاشیان وەک هەڵوێستێکی ڕووکەش و هەوڵێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیان دەبینرێت.
بەڵام، سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی هەڵوێستە هاوبەشەکەیان بە هەنگاوێکی پێویست و نیشتمانی دەزانن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە دارایی و سیاسییەکانی هاووڵاتییان لە بەرانبەر فشارەکانی بەغدادا.
