دوای رازی نەبوونی ئێران بەمەرجەكانی ئەمەریكاو دەسبەردارنەبوونی لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمەریكا چەندین سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و دەەڵێت پێشكەوتنی ئێران لە رووی موشەكی و چەكی بالستی هەڕەشەن بۆسەر كارمەندەكانی ئەمەریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەراست.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "٢١ دامەزراوە و ١٧ کەسایەتی ئێرانی خراونەتە لیستی سزاکانەوە"، دەشڵێت" ئەم کەسایەتی و دامەزراوانە تێوەگلاون لە دابینکردنی کەرەستە و تەکنۆلۆجیای هەستیار بۆ وەزارەتی بەرگریی و هێزەچەکدارەکانی ئێران و بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازی."
وەزارەتەکە، هەروا ڕایگەیاندووە "تواناکانی ئێران لە بواری مووشەکی بالیستی و چەکی ئاساییدا، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کارمەندانی خزمەتگوزاری ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا کە بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕن و هاوڵاتیانی مەدەنی، دروست دەکەن."
وەزارەتەکە، جەختی لەوەش کردەوە "پێویستە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپەلە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی و چەکەکانی دیکەی ئێران جێبەجێ بکەن. لەوانەش قەدەغەکردنی کڕینی چەک، کۆنترۆڵی هەناردەکردن، قەدەغەکردنی گەشتکردن، سڕکردنی دارایی و سامان و سنووردارکردنەکانی دیکە بۆ سەر ئەو تاک و دامەزراوانەی، بە بانکەکانیشەوە، کە لە چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێراندا تێوەگلاون."