ڕزگار عومەر

 

لە دەوروبەری ساڵی ١٧٥٣ لە ڕۆژئاوای ئەفریکا کچێکی ئاسایی لە دایك دەبێت، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بازرگانەکانی بە کۆیلە کردنی مرۆڤ ئەم مناڵە دەکەن بە کۆیلە و دەیبەن بۆ ئەمریکا بۆ فرۆشتن، لەوێ لەلایەن بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند کە بە بنەماڵەی ویتلی  ناسراوبوون لە بۆستن ئەم کچۆڵەیان کڕی و ناویان لێنا فیلیس و پاشگری ناوی خۆشیان بە ناوەکەی لکاندو ناوی تەواوی بووە " فیلیس ویتلی".فیلیس سەرەڕای ئەو ناخۆشیانەی کە وەک کچێکی گەنجی کۆیلە ڕووبەڕووی بووەوە،  توانایەکی نائاسایی بۆ فێربوون و زمان نیشان دا.

خاوەنەکانی کە بنەماڵەی ویتلی بوون، زیرەکی ئەم کچەیان بەدی کرد و جیاواز لەسەردەمەکەی خۆیان و جیاواز لە خاوەن کۆیلەکانیتر  پەروەردەو خوێندنێکی تایبەتیان بۆ دابین کرد کە بۆ هەر کۆیەلەیەکیتر لەم سەردەمە وەکو خەون وابوو. لە ژێر سەرپەرشتی ئەواندا، فیلیس ویتلی فێری خوێندنەوە و نووسین بوو بە زمانی ئینگلیزی و لاتینی و یۆنانی، دەستکەوتێک کە بۆ هەر ژنێک لە ڕادەبەدەر دەگمەن بوو، چ جای ژنێکی ئەفریکایی کۆیلە.

هەر زوو بەهرە ئەدەبییەکانی فیلیس ویتلی دەرکەوتن کاتێک لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بەنووسینی شیعر کرد. لە ساڵی ١٧٧٣ کە تەمەنی تەنها بیست ساڵ بوو، یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاوکردەوە، بەمەش بووە یەکەم ژنی (ڕەشپێست)ی کۆیلە/ ئەمریکی- ئەفریکایی کە کتێبێک بڵاوبکاتەوە. کارەکانی لە ئەمریکا و دەرەوەی وڵاتدا ستایشی زۆری لێکرا، ئەمەش تەحەدای بیروباوەڕە باوەکان بوو سەبارەت بە توانا فیکرییەکانی خەڵکی  ڕەشپیشت و بە ڕەچەڵەک ئەفریکایی.

سەرەڕای دەستکەوتەکانی: فیلیس ویتلی ڕووبەڕووی گومان و تانە لێدانی زۆربوو سەبارەت بە توانا ئەدەبیەکانی. زۆر کەس گومانیان لە توانای ژنێکی گەنجی ئەفریکایی کۆیلە هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی شیعری وەها ئاڵۆز، ئەمەش وایکرد هەندێک پرسیار بکەن کە ئایا ئەو نووسەری ڕاستەقینەی بەرهەمەکان بێ؟ لە بەرامبەردا ویتلی پێشەکییەکی بۆ  بەرهەمەکانی نووسی و تیایدا بەرگری لە خاوەندارێتی شیعرەکانی کرد و مافی خۆی دووپاتکردەوە کە وەک شاعیرێکی شەرعی بناسرێت.

شیعری ویتلی زۆرجار باسی تەوەری ئیمان و ئەخلاق و ئازادیی دەکرد، کە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی مەسیحییەکەی و ئەزموونەکانی بوو وەک کەسێکی کۆیلە. بەرهەمەکانی زیرەکییەکی قوڵ و شارەزایی لە فۆرمەکانی کلاسیکدا نیشان دا، ستایشی لەلایەن کەسایەتییە ڕووناکبیرو گرنگەکانی وەک جۆرج واشنتۆن و بنیامین فرانکلینەوە بەدەستهێنا.

سەرەڕای پەرەسەندنی ناوبانگەکەی وەک شاعیر، ویتلی بەردەوام بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان. دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی، کێشەی زۆری هەبوو بۆ دۆزینەوەی  ناوەندێکی چاپ کردن بۆ بەرهەمە تازەکانی، و بە درێژایی ژیانی لە ژێر ڕەحمی کێشەی دارایی بوو.

میراتی فیلیس ویتلی زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا دەستکەوتی تاکە کەسی بێت. ئەو لە ڕێگای تەحەدای بڵاوکردنەوەی شیعر ڕێگای بۆ نەوەکانی داهاتووی نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەمریکی - ئەفریکایی خۆش کرد، هەروەها هێزی ئەدەبیاتی بۆ تەحەدای نۆرمەکانی کۆمەڵگا و داکۆکیکردن لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی نیشان دا. بوێری و خۆڕاگری و لێهاتوویی ئەدەب بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە خوێنەران لە سەرانسەری جیهان، هەر ئەم تێزەش بوو پێگەی ئەوی وەک کەسایەتییەکی پێشەنگ لە ئەدەبیاتی ئەمریکادا چەسپاند.سیستەمی کۆیلایەتی ڕوخاو ئەوانەی گومانیشیان لە شیعرەکانی هەبوو ڕوخان، بەڵام ناوی فیلیس ویتلی وەکو مەشخەڵێکی تێکەڵ لە ئەدەب- خەبات بە زیندوویی مایەوە.

 

وتاری نووسەران