
شۆڕش/ڕێگای کوردستان
عەلی ئەشڕەف دەروێشیانی نووسەر و چیرۆکنووسی پایەبەرزی کرماشان لە وەها ڕۆژێکدا (٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦-٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧) کۆچی دوایی کرد. ئەو ئەزموونە کەسییەکانی ژیانی وەک «ژیانی دەربەدەری... ژیانی کرێچێتی... کە زۆربەیانی لە "ساڵە هەورییەکان"»دا [وەرگێڕانی عەزیز گەردی، چاپی ناوەندی غەزەلنووس] نووسیویە، بە ئیلهامی نووسین و گێڕانەوەکانی دەزانێ. دەروێشیان ساڵی ١٣٢٠ لە بنەماڵەیەکی کرێکار لە شاری کرماشان لە دایک بوو. بە وتەی خۆی: «لە ژیانیدا بە دیار گەلێک قایەتگۆوه گوێی هەڵخستووە، بەڵام دایەگەورەی باشترینیان بووە»؛ وە ئەو دیاردەیە شوێنەوارێکی بەرچاوی لەسەر قالبگرتنی دەروێشیانی چیرۆکنووسدا بەجێهێشتووە. یەکەم جار لە تەمەنی نۆساڵی بە کتێبی "امیرارسلان نامدار" -کە یەکەم کتێب بووە پێی ناوەتە ماڵێیان- ڕووی لە خوێندنەوە کردووە و وەک باس دەکا: سەرەتا «شەوانی زستان بۆ بنەماڵە»ی خوێندووەتەوە، بەڵام لە پاشان بە هۆی هەندێک نەریت و خوڕافات ڕێگرییان لە بەئەنجامگەیاندنی خوێندنەوەکەی کردووە و دوایین بەشی بە دزیی ماڵێوە خوێندووەتەوە.
دەرێشیان لە تەمەنی دوازدە ساڵییەوە، هاوکات لەتەک "کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژ" و ڕووخانی دەسهەڵاتی موسەددیق ڕووی لە کرێکاری کردووە. پاش چوار ساڵ، لە شازدە ساڵیدا لە "دانیشسەرای سەرەتایی کرماشان" خوێندنی مامۆستایەتی دەستپێکردووە و پاش دوو ساڵ، لە هەژدەساڵیدا لەسەر پیشەی مامۆستایەتی دامەزراوە و لە گوندەکانی کرماشان و گیلانغەرب وانەی کوتووەتەوە. خوێندنی ئاکادێمیکی لە دەیەی ٤٠ی کۆچی هەتاوییەوە لە بەشی ئەدەبی فارسیی زانکۆی تارانی ئێران دەستپێکردووە و «بەهۆی [پیشەی] مامۆستایەتییەوە، تەنیا دوو ڕۆژ» لە حەوتوودا توانیویە بۆ زانکۆ بچێتە ئێران. یەکێک لە مامۆستاکانی لە زانکۆ "جەلال ئالی ئەحمەد" نووسەری بەنێوبانگی فارس بووە کە وێڕای «چەن قوتابیتر بانگێشتی ماڵەکەی» کردوون و «باسی ئەدەب، دەروەستبوون و گەورەنووسەرانی جیهانی بۆ» کردوون.
چوونە نێو زانکۆ و ناسینی ئالی ئەحمەد دەلاقەیەکی ڕوون بەرەو ئاواڵەبوونەوەی پتری جیهانبینیی ئەدەبی و ناسینی دەروێشیان لەسەر ئەدەبیاتی گەلانی جیهان بووە. گیانبەختکردوو "سەمەد بێهڕەنگی" چیرۆکنووسی گەورەی تورکیشی هەر لەوێ، لە ماڵی ئالی ئەحمەد و خێزانەکەی "سیمین دانیشوەر" ناسیوە و وەک باس دەکا: «هەردوو [خۆی و سەمەد] عاشقی ئالی ئەحمەد و دانیشوەر» بوون. لە پاش ئالی ئەحمەد، سەمەد لە کارتێکەرترین کەسایەتییەکانی ژیانی دەروێشیان بووە؛ بە جۆرێک کە پاش گیانبەختکردنی سەمەد، بڕیاری درێژەدانی ڕێبازەکەی داوە و بە دوو بەرهەم بە ناوەکانی "صمد جاودانی شد" (سەمەد هەرمان بوو) و "یادمان صمد" (یادی سەمەد)، پێداگریی خۆی لەسەر ڕێبازەکەی سەمەد سەلماندووە.
دەروێشیان لە سەردەمی ڕژێمی بەکرێگیراوی پاشایەتیدا لە لێکەوتەی خەفەقانی ڕادەربڕین و قەڵەمدا، تەنگوچەڵەمە و نەهامەتییەکی زۆری چێشتووە و لەسەر چالاکییەکانی لە "کانوونی نووسەرانی ئێران" کە لە چالاکترین ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە بووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەوە لەتەک قڕە و کێشەگەلێکی زۆر بەرەوڕوو بووەتەوە؛ بەڵام هەرگیز نە ڕژێمی پاشایەتی و نە هیچ ڕژێم و دامودەزگایەکی داپلۆسێنەریتر نەیتوانیوە سێبەر بخاتە سەر قەڵەمی یاغی و سەرکێشی دەروێشیان و بەچۆکیدا بێنێ. دەروێشیان لە سەردەمی بەر لە شۆڕشی دژە-ئیمپڕیالیستیی گەلانی ئێران-١٣٥٧ (١٩٧٩)دا سێ کەڕەت دەستبەسەر کراوە و شەشساڵ زیندانی کراوە و یەکەم ئەزموونی چیرۆکنووسیی خۆشی لە بەندیخانەی کرماشاندا ئافڕاندووە. تەنها بە تاوانی نووسینی کۆمەڵەچیرۆکی "از این ولایت" هەشت مانگ زیندانی کراوە. بەدەر لە بەندکران، دەرکران لە زانکۆ... دەرکران لە پیشەی مامۆستایەتی... وە هەروەتر قەدەغەی نووسین... بەرهەمی نەبەزی و کۆڵنەدانی قەڵەمی ئازادیخواز و دادپەروەری دەروێشیانە.
بەهۆی هەندێک هەلومەرجی ژێئۆپۆلێتیکی مێژوویی کە لەسەر دەستی کوڵۆنیالیزمی ئێرانی بەسەر ناوچەی کەلهوڕایەتی و کرماشاندا زاڵە، چ دەروێشیان، چ مەنسوور یاقووتی و لاهووتیی کرماشانی و حەمەعەلی ئەفغانی و زۆرێک نووسەریتریش یان هەر بە کوردی نەیاننووسیوە، یاخود نۆ لە دەی بەرهەمەکانیان بە زمانی فارسییە و ناسین و ڕوانگەیەکی ڕێئالیست و زانستی لەسەر ناوەی کەلهوڕایەتی و بە تایبەت کرماشان، گلەییەکان لەسەر دەروێشیان و سەرجەم نووسەرانی ئەو ناوچەیە هەڵدرێ. سەرەڕای ئەوەش کوڵۆنیالیزمی ئێرانی هەرگیز نەیتوانیوە پێناسەی تاکی ئاسیمیلاسەکراو بخاتە ئەستۆی دەروێشیانەوە و ناوبراو لە چەندین ڕەهەندی وەک چیرۆک، وەرگێڕان و کۆکردنەوەی وشە بە کوردی هەنگاوی ناوە. لەسەر ئەو مژارە خۆی وەها دەدوێ: «بەهۆی ئەو بەربەستانەی لەوکاتدا دەیانخستە بەر ڕێی زمانی کوردی، چیتر نەمتوانی درێژە بە کوردینووسین بدەم». جیا لە نووسینەکانی خۆی، چەندیک بەرهەمی لەلایەن کۆچکردوو "عەزیز گەردی"، "عەبدوڵڵا حەسەنزادە"، "هیوا مەولوودپوور-پێڵا"، "شەریف فەللاح" و هتد وەرگێڕدراونەتە سەر کوردیی زاراوەی کرمانجیی نێوەڕاست و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە.
دژبەری و دوژمنایەتی لەتەک دەروێشیان تەنیا بە ڕووخانی ڕژێمی بەکرێگیراوی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دوایی نەهات، بەڵکوو بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بەداخەوە تەنگوچەڵەمەکان چڕتر بوونەوە و دەروێشیان لە چاپی زۆرێک لە بەرهەمەکانی بێبەری کرا. تەنانەت لە پێشانگای نێونەتەوەیی کتێب لە ساڵی ١٣٩٠ک.ه لە تاران، بەرهەمەکانی دەروێشیان لە پێشانگاکە خڕ کرایەوە. لە وڵامی پێشیلکارییەکاندا کە بەرهەڵستی نووسینەکانی بوویەوە، ئاوا وڵامی دایەوە: «ئێوە وادەزانن کاتێک کتێبەکانی من سانسۆڕ بکەین، خەڵک دێن کتێبەکانی ئێوە دەخێننەوە؟ نەخێر، گەلێک کە لەتەک سانسۆڕدا ڕاهاتبێ، نە کتێبەکانی ئێوە دەخوێنێتەوە، نە هی من!».
معدَّلە
بەداخەوە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا تووشی جەڵتەی مێشک بوو، وە نەخۆشی و ئازارێکی زۆری بە تووشەوە بوو؛ بە جۆرێک کە توانای ڕاوەستانەسەرپێی نەبوو، وە بە ویلچێڕ هامووشۆی دەکرد. لەمەڕ نەخۆشییەکەیەوە دەروێشیان وەها دێتە گۆ: «شەووڕۆژێک بەر لەوەی نەخۆش کەوم، دیمەنی لەسێدارەدانی کوردەکانی عێڕاقم دیت کە ئاوام لێهات. ئەو سێدارانەی بە فەرمانی سەددام حوسێن هەڵیانخست».
یادی هەرمان.
*
سەرچاوە:
- علیاشرف درویشیان؛ چهره رنجور ادبیات ایران: علی جیحون
- پەیڤ/ عەلی ئەشڕەف دەروێشیان کۆچی دوایی کرد
- فەیسبووکی عەبدوڵڵا حەسەنزادە
بە سەردێڕی:
دەروێشیان مرد! بژی دەروێشیان!
بەناوی: