
گاریس ئیڤانس*
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی - لەنەوەدەکان لەڕواندا و نیمچەدورگەی باڵکان، لەسەدەی٢١ لە دارفۆر، سریلانکا، لیبیاو سووریە- ویژدانمانی ڕاچڵەکاند. لەکاتی ڕودانی هۆلۆکۆست و جینۆساید لەکامبۆج، دنیا چۆنێتی دەستپێک و توندبوونی کارەساتەکەی دەزانی، بۆیە دەتوانرێت بەئاسانی نەهێڵرێت زۆربەیان ڕووبدەن کە ویژدانمان زۆر ئازاردەدات. بەچەندساڵێک کارەساتێکی وا ڕوودەداو ئێمە جارێکیتر شەرمەزار و سەرنەویدەکەین، بەڵێندەدەین هەرگیز ڕێگەنادەین کارەساتێکی وەها ڕووبداتەوە.
بۆماوەیەکی زۆر سیاسەتدانەران لەبۆشاییدا مانەوە، لەسەر هیچ پرەنسیپێککۆدەنگ نەبوون.پێکنەدەهاتن کە وڵاتێکی سەربەخۆ نەبۆتە هەڕەشە بۆهیچ دراوسێیەکی یان ئاسایشی جیهان، پێویستە لەکاری ناوخۆیی تەواو ئازادبێت یان نا، هەتا ئەوانەی باوەڕییان بەئازادی تەواو نەبوو، ناکۆکبوون دەربارەی کۆتوبەندو سنورداری پێویست. پێکنەهاتن کەی و لەکوێ دەکرێت دژی وڵاتێکی سەربەخۆ پەناببرێتەبەر هێزی سەربازی، بەڵام خوشبەختانە ئەم بۆشاییە نەماوە. لە ساڵی ٢٠٠٥، لە لوتکەی جیهانیدا بۆ یادی ٦٠ ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکردەی زیاتر لە ١٥٠ وڵات بەکۆدەنگ لەسەر بنەمایەک کۆکبوون کە ڕوونیدەکاتەوە دەکرێت لە چ دۆخێکدا دەستوەردان لە کاری ناوخۆی وڵاتێکدا بکرێت و تەنانەت پەنا بۆهێز ببرێت.
پێویستە لەڕاپۆرتێکی گرنگدا هەر بەوناونیشانە، داوای «پرەنسیپی پاراستن» بکرێت، کە "کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی دەستوەردان و سەربەخۆیی دەوڵەتان" ئامادەی کردووە.ئەم شانازییەم بەرکەوت لەگەڵ محەمەد سەحنون سەرۆکایەتی ئەم گروپە نێودەوڵەیەتییە بکەم. بەپێی پرەنسیپی«بەرپرسیارێتی پاراستن» ــ کە بە «R2P» ناسراوە ــ پێویستە بەچاوی ستەملێکراوانەوە لەپرسەکە بڕوانین و بەفۆکەس خستنەسەر ئێش و ئازاری مرۆڤەکان بڕیاربدەین. پرەنسیپی بەرپرسیارێتی هەر حکومەتێکە هاوڵاتییەکانی لەکارەساتی مرۆیی بپارێزێت، بەڵام ئەگەر حکوومەت – چ بەهۆی نەتوانین یان نیازخراپی - بەرپرسیارێتی هەڵنەگرێت، ئەوبەرپرسیارێتییە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ڕێکخراوە ناوچەیی یان جیهانییەکان (وەک یەکێتی ئەفریقا یان نەتەوە یەکگرتووەکان)، دەگوازرێتەوە بۆ حکوومەت و هاوڵاتییانی وڵاتانی دیکە.
بۆیە، هیچ حکومەتێک «مافی دەستوەردانی مرۆڤدۆستانە»ی نییە. «بۆردی نێودەوڵەتی دەستوەردان و سەربەخۆیی وڵاتان» جەختدەکاتەوە کە نابێت هیچ سیاسەتدانەرێک ئەم زاراوە زۆر مشتومڕاویە بەکاربێنێت. حکومەتەکان «مافی» هێزنوێنییان نییە، بەڵکو «بەرپرسیارێتی» بینینی ڕۆڵی گونجاویانهەیە. بەدەستەواژەیەکی دیکە، ئامانج دەستوەردان نییە، بەڵکو «پاراستن»یپیاوان، ژنان و منداڵانە کە توندوتیژی زۆریان بەرامبەر دەکرێت. جگەلەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە دۆخە توندەکاندا کە ناتوانرێت مەدەنییەکان بەهیچ ڕێگەیەکیتر بپارێزرێن، پەنابردنەبەر کردەی سەربازی ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەوە تەنها توخمێکە لەچوارچێوەیەکی گەورەتر و وردتردا کە تێیدا خۆپاراستن لانیکەم بەقەد وەڵامدانەوە بەهای هەیە. بەواتایەکی تر، هەر کاتێک بتوانرێت، پێویستە هەمیشە لە پێشینەی کارە مەدەنییەکاندا بێت.
هیچ بیرۆکەیەکی تری خێراتر لە «پرەنسیپی پاراستن» لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا تۆمارنەکراوە. سەرەتا ئەم بیرۆکەیە لەناو گروپێکی بچوکدا خرایەڕوو، بەڵام نهۆ سەرۆکانی کۆمەڵی جیهانی وەک یاسایەکی ڕەفتاری نێودەوڵەتی قبوڵیانە. کاتێک ئاسایشی مرۆڤەکان بەهۆی جینۆساید، پاکتاوی نەتەوەیی و بابەتە گرنگەکانی تری تاوانکردن دژی مرۆڤایەتی بکەوێتە مەترسییەوە، مافی تاک بەتاکی تاکەکان لەمافی باڵادەستی حکومەتە شەڕانگێزەکانی فەرمانڕەوایان گرنگترە.
وڵاتانی کوبا، سودان، نیکاراگوا و ڤێنزویلا هەوڵیاندا کۆدەنگی ساڵی ٢٠٠٥ لەباربەرن و سەروەری بگەڕێننەوە، بەڵام شکستیان هێنا.مشتومڕە یەکلەدوای یەکەکانی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی٢٠٠٩ و بەردەوام بانگەشەکردنیئەنجومەنی ئاسایش بۆ بنەمای "بەرپرسیارێتی پاراستن" لە بڕیارەکانیدا – کە ئێستا زیاتر لە ٣٠ بڕیارە، سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستوەردانی لیبیا لە ساڵی٢٠١١ – بەڕوونی نیشانیدەدات کە بنەماکانی پرەنسیپی "بەرپرسیارێتی پاراستن" پشتگیرییەکی زۆرینەیان هەیە و بوونەتە نۆرمێکی دامەزراو.
بێگومان بەرچاوترین نموونەی بەکارهێنانی سەربازی پرەنیسپی «بەرپرسیارێتی پاراستن» بریتییە لە بریاری ئەنجومەنی ئاسایش لە ئازاری ساڵی ٢٠١١ بەرمەبنای ڕەزامەندی دەستوەردانی ناتۆ لە لیبیا بۆ پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی کە ترس هەبوو ڕژێمەکەی قەزافی کۆمەڵکوژیان بکات. ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەندە یەکلاکەرەوە و بەتوندی مامەڵەی کردبا،ڕەنگە ئەو ۸ هەزار کەسەی لە سرێبرینیکا و ۸۰۰ هەزار کەسەی لە ڕواندا جینۆسایدکران زیندووبونایە،بەڵام نابێت بیرمانبچێت کە ئەوجۆرە مامەڵەیە زۆرترسناکە. کاتێک دەرکەوت ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسە ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی پێویستی بەگۆڕینی ڕژێمە و دژایەتیکردنی ڕووسیا، چین، بەرازیل، هیندستان و باشووری ئەفریقا پشتگوێ دەخرێت. کەشی ئەنجوومەنی ئاسایش هەر زوو گرژ بوو. دەرئەنجامی ئەم وازهێنانە لە ئەرک، جگە لە بەرگرتن لە پەرەسەندنی کۆدەنگی وەڵامدانەوەی کاریگەر بۆ قەیرانی نوێ لە سوریا، هیچیتر نەبوو.
نموونەی لیبیاو سوریا دەریدەخات کە لەکاتی کردەی سەربازیدا، پرەنسیپی "بەرپرسیارێتی پاراستن" لەمەترسیدایە، گەیشتن و پاراستنی کۆدەنگی ئەستەمە. ئاسۆی کردەی سەربازی، هەتا کە بەرزترین پاڵنەرە مرۆییەکان لەمەترسیدان، هەمیشە کاردانەوەکەی سۆزداری و شڵەژانە. بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێستا – بە تایبەتی لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا – بەدوورنازانرێت لەداهاتوویەکی نزیکدا کۆدەنگی لەسەر قوورسترین پرس بەدەستبهێنرێت.
سەرەڕای ئەمەش، زەمینە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەری داهاتوو دانراوە.بەپێی گەڵاڵەیەک کە بەرازیل لە ساڵی٢٠١١ پێسکەشی کرد، لە پشت پەردەوە گفتوگۆیەکی زۆری دەربارە کرا،دەکرێت پرەنسیپی «بەرپرسیارێتی پاراستن» بەپرەنسیپەکان و ڕواڵەتەکانی «بەرپرسیارێتی لە کاتی پاراستن» (RWP)تەواوبکەین، نەک جێگەی پێ بگرینەوە. «بەرپرسیارێتی لەکاتی پاراستن» دوولایەنەیە: پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش پێش ڕاسپاردنی بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی، گفتوگۆی چڕی پێوەر و پرەنسیپەکانی یەدەکی بڕیارلێدراو بکەن،دەبێت چاودێریکردن و پێداچوونەوە لەکاتی جێبەجێکردن وردتربێت بۆئەوەی ئەوەندەی دەکرێت، تا کۆتایی ئۆپەراسیۆنێکی لەوشێوەیە کۆدەنگی بپارێزرێت. تاوەکوئێستا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرانسەزۆر ئامادەنین ئەوبڕیارەپەسند بکەن، بەڵام وردە وردە لەم واقیعییەتە تێدەگەن کە ئەگەر ئەوبڕیارانە پەسندنەکەن، ڕەنگە لەداهاتوو نەتوانن بۆ هەر وەڵامێکی ڕاشکاوانە ــ نەک تەنیا کردەی سەربازی ــ بتوانن پشتیوانی زۆرینە بۆ پرسی هەستیاری سیاسی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کۆبکەنەوە.
بەفۆکەس خستنەسەر ئەو گۆڕانکارییانە و پشتیوانی یاسایی بەرچاو لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی «بەرپرسیارێتی پاراستن»یڕێکخراوی نەتەوەکان و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانیتر، گەشبین بین بەداهاتووی «بەرپرسیارێتی پاراستن»،بەڵام هێشتا ڕێگایەکی دورودرێژ لەپێشە بۆ پراکتیزەکردنی ئەم پرەنسیپە. جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە لەدنیادا پێویستی بەچەسپاندنی کۆدەنگی، بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی و دروستکردنی ئیرادەی سیاسییە. ئەگەر نامانەوێت جارێکیتر شەرمەزاربین و بڵێین "هەرگیز جارێکیتر"، دەبێت ئەم کارە تەواونەکراوە تەواو بکەین.
* وەزیری پێشووی دەرەوەی ئوسترالیا و بەڕێوەبەری پێشووی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری پێشووی زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیا.
تابلۆی جێرنیکای بیکاسۆ
