هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
بێگومان سروشت و گەردوون یادەوەرییان هەن، سروشت لەسەر بنەمای میکانیزمی عەقڵی بەڕێوە دەچێ، لە ناواخنی سروشت دا سیستەمی هەیە بەپێ لۆژیکی زانستی کار دەکا. لە ئاکامی تەقینەوە گەورەکە پێش چەندین ملیار ساڵ، پەیتا، پەیتا یەکەی سروشت دروست بووە وەک خۆرو مانگ و ئەستێرەکان. لەڕاستی دا عەقڵ و لۆژیک سەرەتا لە ناخی سروشت بوونی هەبووە، زانستەکان وەک فیزیک و کیمی و ماتماتیک و زانستی زمانەوانی سەرچاوەکەیان سروشت و گەردوونە، لە هەقیقەت دا سروشت لە پروسەیەکی زاوزێ بەردەوام دایە، هەمیشە پروسە دوای پروسە وێنەی خۆی لە شیوەی گیانلەبەری بایلۆژی بەرهەمهێناوە، بەواتایەکی دی سروشی خۆی کۆپی کردۆتەوە لە یەکە بایلۆژیەکان وەک رووەک و دارو درەخت و ئاژەڵ دواتر تا گەیشتوتە شەمپازی و ئینسانی ئەم سەردەمە بۆ نموونە پروسەی هەناسە هەڵکێشان لە نێوان درەخت و ئینسان بە شێوەی پێچەوانە بوونی هەیە، درەخت دووی ئۆکسیدی کاربون هەڵدەکێشێ لەهەمان کاتدا ئۆکسجین دەر ئەدا کەچی مرۆڤ ئۆکسجین هەڵئەکێشێ و دووی ئۆکسیدی کاربون دەر ئەدا، کەواتە ئەم دوو پروسەیە بۆ تەواو کردنی یەکترە، ڕاگرتنی بەڵانس و تای تەرازووە. سیستەمی بەڕێوبردنی سروشت لەسەر بنەمای باڵانس ڕاوەستاوە. لێرەدا ئەگەر باسی ( تفاضل و تکامل Calculas) بکەین لە زانستی ماتماتیک دا، لە کاتێک دا ئەم پروسەیە بەسەر گوڕانکاری سروشت و گەردوون دا پەیڕەو دەکرێ، گەشەکردنی سروشت و گەردوون لە سەر بنەمای ئەم پروسە ماتماتیکی یە کار دەکا. زمانی ڕاستەقینەی سروشت کوانتومی یە کە زمانی داتایە بەواتایەکی تر زمانی ماشینی داتایە و لە یەکەی سروشت وەرگیراوە. ئاین بە گشتی و ئاینە ئاسمانیەکان بەتایبەتی هەوڵیان داوە، میکانیزمی دروست بوونی گەردوون و سروشت لە شیوەی ئایەتی سیمبۆلی و میتافوری و دەقی پیرۆز روون بکەنەوە لە کاتێکدا لە سەردەمی ئاینەکان لەسەر گومان و گریمان و میتافور ئیشیان کردووە. لە سەردەمی داهاتنی ئاینەکان جارێ شوڕشی ریسانسی ئەوروپا نەکرا بوو، جارێ نێوتن و ماکسویل و فارادای و ئەنیشتاین و دەیان و سەدان زانا سەریان هەڵنەدا بوو. مرۆڤ بە درێژایی میژوو بەردەوام لە کنەو دوزینەوەی یاساکان بووە. پێش دوو هەزارو پینج سەد ساڵ دیمۆقراسی فەیلەسوف لە یونان باسی ئەتۆمی کردووە وەک بچوکترین یەکە لە گەردوون، گوایا لە ئەتۆم بچوکتر نییە کەچی ساڵی ١٨٩٧ زاناکان ئەلیکترون و پروتون و نیوترون لە نێو ئەتۆم دا دۆزییەوە بگرە لە نێو ئەوانیش دا شەپۆلی لۆژیکی دیکە هەن وەک تیئوری لەرینەوەی ژێیەکان. لە ڕاستی دا شادەماری گەردوون و سروشت وزەی کارەباو شەپۆلی کهروموگناتیسی یە، شەپۆلەکان هەندێ جار بەچاوی ئاسایی ئەبینرێن بۆ نموونە هەندێکیان لە خوارەوەی تیشکت قرمزی یە هەروا لەسەرەوەی تیشکی وەنەوشەیی یە، بەچاو نابینرێن، بۆ نموونە فریکوینسی سروشت و مرؤڤ دەبێ هەماهەنگ بن لە رێگای جیهازی (Oscilloscope) دەبینرێ ئەم جیهازە وێنەی فریکوینسی بۆمان دەکێشێ و شێوەوشکڵی دیاری ئەکا، هەندێ نووسەری پزیشکی ئافرەت پێیان وایە زانستی پزیشکی و وزەی کارەباو شەپۆلەکانی کهروموگناتیسی دوو دیوی دڕاوێکن، هەر وەک چۆن زانایەک وەک ماکسویل دەڵێ وزەی کارەباو موگناتیس دوو دیوی دراوێکن. لێرەدا من بەدڵنیاییەوە دەڵێم تەزووی کارەبا شادەماری سروشت و گەردوون و گیانلەبەرە بایلۆژیەکانە بۆ نموونە ڕێژەی کارەبای دڵ ١٠ توان -١٤ هەروا وزەی کارەبا لە مێشک دا بوونی هەیە یا روونتر بڵێم وزەی کارەبا لە نێو تێکڕای شانە بایلۆژیەکان وجودی هەیە، بەپێ سیستەمی ماتماتیکی و کارەبایی و فیزیاوی شانەکان ئیش و گەشە دەکەن بەڵام وەک هەر پروسەیەکی زانستی ئاکام ڕێژەی هەڵەی هەیە، هەموو پروسەیەک ڕێژەی هەڵەوە و لەیاسا دەرچوونی هەیە، بۆ نموونە دیاردەکانی لافاو گەردەلوول و بومەلەرزە ئاکام و ئەنجامی هەڵەی یاساکانی سروشتە، دەتوانین ئەم کارەساتە سروشتیانە لە نێو ( رێژەی هەڵەی یاساکانی سروشت) قەتیس بکەین. لێرەدا مرۆڤ بەدڵنیاییەوە دەتوانی بڵێ، وزەی کارەبا و شەپۆلی کهروموگناتیسی شادەمارو دیوی پشتەوەی تێکڕای دیاردەکانە. هەر وەک پێستر گوتمان سروشت ئەقڵ و ئاوەزی هەیە سەربار سروشت رەفتارو شێوە رەفتاری هەیە، گۆڕانی هەر چوار وەرزەکە یەکێکە لە دیاردەی رەفتارەکانی سروشت لەنێو یەکەی گەردوون. هەر چۆن شانەکانی مێشک بەردەوام خۆیان تازە ئەکەنەوە ئەوا سروشت هەمیشە لە گۆڕان و داکشان دایە چەشنی مار سروشت هەمیشە کاژی نوێ فڕێ ئەدا بە پێ وەرزەکان، تەنانەت درەختەکانیش وەک مار کاژی نوێ فڕێ ئەدەن بەپێ وەرزەکان، هەڵوەرینی گەڵاکان خۆی لە خۆی دا فڕێ دانی کاژە. ئەگەر لەسەر یەکەی مرۆڤ ڕاوەستین و هەڵوەستە بکەین، مرۆڤیش بەشێکی ئۆرگانیکە لە یەکەی سروشت بەدیوێکی دیکە کوپی سروشتە. بێگومان ئەو پروسانەی لە ناخی جەستە و دەروونی مرۆڤ دایە، دیوەکەی دیکەی لە ناخی سروشتە. بۆ ئەوەی لە مرۆڤ تێبگەین دەبێ سەرەتا لە یەکەی سروشت حاڵی بین، لە میکانیزم و سیستەمەکەی ورد بینەوە، مرۆڤ وێنەی بچوککراوی سروشت و گەردوونە تەنانەت هەندێ زانای گەردوون دەڵێن، هەر مرۆڤێک بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیمبۆلێکی سروشتەوە وەک خۆڕ و مانگ و ئەستێرەکان تەنانەت گوایا رەفتارو چارەنووس و قەدەرەکان کار لە یەک دەکەن. لێرەدا ئەگەر باسی جێگاو رێگای مرۆڤ بکەین لە نێو کۆمەڵگا یان بەشێوەیەکی دی باسی یادەوەریی تاک و یادەوەریی بە کۆمەڵ بکەین کە چۆن هاوکاری و هاریکاری یەکتر دەکەن، هەندێ جار بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەندێ جاریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ. ئەگەر بەشێوەیەکی میتافوری وێنای یادەوەریی تاک بکەین لە نێو یادەوەریی کۆدا ئەوە وەک گیانلەبەری بایلۆژی ئەمیبایە، وەک ئاشکرایە ئەمیبا شکڵ و شیوەو دەسەڵاتی خۆی دەگۆڕێ ئا بەو شێوەیە کە مرۆڤ رەفتار دەکا، بەشیکە لە رەفتاری کۆ، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بەشیوەی ناڕاستەوخۆ پێکەوە بەستراونەتەوە، وەک پەندی پێشینان دەڵێ، ترێ سەیری ترێ ئەکا ئاو ئەگرێ، ئا بەم شێوەیە مرۆڤەکان کار لە یەکتر دەکەن بە نیازو رەفتار بە قسەو هەڵس و کەوت. نەستی هەر کەسێک بگرێ دەیان و سەدان وێنەی کەسایەتی تیایە بە درێژایی مێژووی کەسەکە، کاریگەریان داناوە لەسەر نەستی تاکەکان. ئەگەر باسی نەستی تاک بکەین لە روانگەی یونگەوە، یونگ دەڵێ،نەستی مرۆڤ بریتی یە لە زانیاری یەکەمی نێو یەکەم شانەو کرومۆسۆمی گەردوون تا رۆژگاری ئەمرۆ بە سیمبۆلەکانی دەسەڵاتەوە وەک دەسەڵاتی ئاینی و داب و نەڕیت و دەسەڵاتی کۆمەڵگا بەگشتی. لەڕاستی دا مرۆڤ لە نێو ئەم توڕو ڕایەڵی شەپۆلی کهروموگناتیسی و وزەی کارەبایە، ئازادییەکی ڕێژەیی هەیە، ئازادییەکی دیاریکراو ئازادییەکی چەقبەستوو، بۆ نموونە ڕاپەرینی خوێندکارانی فەرەنسا مایوی ١٩٦٨ کە داوای ئازادی زیاتریان کرد لەم ڕوانگەیەوە بوو، ڕوانگەی زانستی و لۆژیکی سروشت و گەردوون.
لەڕاستی دا ئینسان تا ڕادەیەک گیرودەیە، هەندێ زاناو شارەزا دەڵێن کە مرۆڤ لە دایک دەبێ گیرودەیە مەبەست لە گیرودەبوون ئەو ڕایەڵانەیە کە ناهێڵێ مرۆڤ وەکو باڵندە باڵ بهاوێژێ، تەنانەت رەفتاری باڵندە چەشنی رەفتاری مرۆڤ بەپێ خاریتەی موگناتیسی سروشت لە شەقەی باڵ ئەدەن، وەک بڵێ لە زەینی هەر باڵندەیەکGPS و قیبلە نوما هەیە هەر بۆیە بەشێوەیەکی رێکخراوەیی کۆ و هەندی جار تاک هەڵدەفڕن.
لە کۆتایی دا ئەگەر بەشێوەیەکی میتافوری و مەجازی بڵێێن خوا بوونی هەیە، کەواتە خوایەکی بزرە لە نێو سروشت و گەردوون، بزرە لە نێو سەرجەم یادەوەرییەکان، لە ڕاستی دا چەمکی خودا ئەو وزە کارەبایە کە هاوبەشە لەنێو یادەوەرییەکان، چەمکی خودا دەسەڵاتی روون و شەفافی یادەوەریین، چەمکی خودا ئەوەیە ئەگەر فریکوینسیمان لە سەرەوە بێت دەتوانین زانیاری نێو مێشکی ئەوانی دیکە بخوێنینەوەو ئاڵوگۆڕی پێ بکەین بە شێوەی ڕاستەوخۆو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ.
لەڕاستی دا دیاردەی پاراسایکۆلۆژی و تەلەپاتی نێوان یادەوەرییەکان تا ڕادەیەک بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕاستە، کەواتە یادەوەریی تاک زمانحاڵی یادەوەریی کۆ یە، لێرەدا دەبێ پێناسەی کۆ بکەین کە بریتی یە لە پارتیکی سیاسی دیاریکراو یان نەتەوەیەکی بەرجەستە یان گروپێکی ئاینی یان کۆمەڵایەتی کە فریکوینسیان لە یەک ئاست دا بێت، بێگومان دەتوانین بەشیوەیەکی کۆ رووبەرووی شەپۆلەکانی دەریای دەروونی سروشت ببینەوە، کەواتە تاک بەتەنیا تا ڕادەیەک لە دەرەوەی مێژووی زانیارییە بەڵام کە پەیوەست بوو بە گروپێکەوە دەبێ بە بەشێک لە مێژووی زانیاری و زانست.
٢١ / ١٠ ٢٠٢٥