
ستار ئەحمەد
پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها چیرۆکی نەتەوەیەکی بێبەش نییە لە مافە سیاسییەکانی، بەڵکو گوزارشتە لە یەکێک لە گەورەترین نادادییە مێژووییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ، کە تێیدا نەتەوەیەک بەسەر چوار قەوارەی سیاسیی جیاوازدا دابەشکرا. ئەم دابەشکارییە تەنها لەسەر کاغەز نەبوو، بەڵکو بووە سەرەتایەک بۆ زنجیرەیەک لە ململانێی خوێناوی و هەوڵی بەردەوام بۆ سڕینەوەی ناسنامەیەک ،کە ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی مێژوودا هەیە. یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کۆسپانەی، هەمیشە وەک بەربەست لەبەردەم سەربەخۆیی کورددا وەستاوەتەوە، گرێدراوی ئەو جوگرافیا ئاڵۆزەیە ،کە کوردستان تێیدا هەڵکەوتووە. کوردستان وەک ناوچەیەکی شاخاویی داخراو، هیچ ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئاوە نێودەوڵەتییەکان و دەریاکان نییە، ئەمەش وایکردووە، هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕووی ئابووری و گواستنەوەی کەلوپەلەوە هەمیشە چاوی لە دەستی ئەو دەوڵەتانە بێت، گەمارۆیان داوە و وەک زیندانێکی جوگرافی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ڕۆڵی ئابووری لەم کێشەیەدا پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی هەیە و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. کوردستان خاوەنی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی سروشتییە، بەتایبەتی لە بواری نەوت، غاز و سەرچاوە ئاوییەکاندا کە بڕبڕەی پشتی پیشەسازی جیهانن. ئەم دەوڵەمەندییە لە جیاتی ئەوەی ببێتە هەوێنێک بۆ سەربەخۆیی، زۆرجار بووەتە نەفرەتێک بۆ سەر ئەم خاکە و چاوی تەماحی وڵاتانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ پاراستنی ئەم سەرچاوە گرنگانە، ئامادە بوونە توندترین جۆری چەوساندنەوە بەرامبەر کورد بەکاربهێنن، چونکە لەدەستدانی کوردستان بە واتای داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتانە دێت. لە لایەکی ترەوە، وابەستەیی ئابووریی کورد بە وڵاتانی دراوسێ بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، هەمیشە وەک چەکێکی کاریگەر بۆ برسیکردن و پاشەکشە پێکردنی کورد بەکارهاتووە. کاتێک ئابوورییەک تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی خاو ببەستێت و ڕێگەی ناردنە دەرەوەشی لەژێر کۆنترۆڵی نەیارەکانیدا بێت، بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ دەبێتە سەرکێشییەکی گەورە کە زۆرجار بە گەمارۆی ئابووری کۆتایی دێت.
کاتێک سەیری مێژووی شکستی شۆڕشەکانی کورد دەکەین، دەبینین جۆرێک لە دووبارەبوونەوەی تاڵ لە ڕووداوەکاندا هەیە. لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و ڕاپەڕینی ئاگرییەوە، هەتا کۆماری کوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوول، هەموویان لە یەک خاڵدا هاوبەشن: متمانەکردنی لەڕادەبەدەر بە بەڵێنی هێزە دەرەکییەکان و غافڵبوون لە گۆڕانکارییە خێراکانی ناو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان. زۆرجار شۆڕشەکان لە لوتکەی هێز و سەرکەوتندا، بەهۆی ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێری نێوان وڵاتانی ناوچەکە یان پشتتێکردنی زلهێزەکان، تووشی هەرەسی کتوپڕ بوونەتەوە. ئەم شکستە مێژووییانە دەریدەخەن، کە خەباتی چەکداری بە تەنها و بەبێبوونی پشتیوانییەکی سیاسیی جێگیر، ناتوانێت گەرەنتی مانەوە بکات. هەروەها نەبوونی پلانێکی ستراتیژی بۆ کاتی تەنگانە وایکردووە، بە کشانەوەی یەک وڵاتی پشتگیر، تەواوی جەستەی شۆڕشەکە لەبەریەک هەڵوەشێتەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، کۆمەڵگەی کوردی بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر سایەی سیستەمێکی خێڵەکی و دەرەبەگایەتیدا بووە، تێیدا دڵسۆزی بۆ سەرۆک خێڵ یان ناوچەیەک، پێش دڵسۆزی بۆ نەتەوە و دەوڵەت کەوتووە. ئەم فرە ناوەندییە لە بڕیاردا، ڕێگر بووە لە دروستبوونی شوناسێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، کە هەموو تاکەکان لەژێر یەک ئاڵادا کۆبکاتەوە. سیستمە پەروەردەییەکانی ناوچەکەش بە مەبەست هەوڵیانداوە تاکی کورد بە جۆرێک پەروەردە بکەن ، هەمیشە هەست بە کەمێتی بکات و مێژووی خۆی وەک مێژوویەکی پەراوێز خراو ببینێت. کاتێک نەوەیەکی نوێ بە بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی و زانستی پێنەگات، ناتوانێت دامەزراوەی مۆدێرن و سیستەمی حوکمڕانیی تۆکمە بەڕێوە ببات. نەزانی و نەخوێندەواری لە سەدەکانی ڕابردوودا دەرفەتی ئەوەی بە داگیرکەران داوە ، بە ئاسانی ئایین و مەزهەب بۆ لێکترازانی کۆمەڵگەی کوردی بەکاربهێنن، بە جۆرێک کە کورد لە جیاتی خەبات بۆ دەوڵەت، خەریکی ململانێی مەزهەبی و ناوچەیی بێت.
لە پاڵ ئەمانەشدا، ڕەهەندی سەربازی و شێوازی بەرگری کوردیش پێویستی بە وردبوونەوەی زۆر هەیە. کورد لە مێژوودا بە جەنگاوەری ئازا و چاونەترس ناسراوە، بەڵام ئەم قارەمانییەتییە تاکەکەسی و شێوازە پارتیزانییە نەیتوانیوە بەرامبەر سوپا ڕێکخراو و مۆدێرنەکانی دەوڵەتان کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی جەنگی و فڕۆکەن، سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت. نەبوونی پاڵپشتییەکی سەربازیی ن…