
ماڵئاواییی ئەمریکا و سەرهەڵدانی سیستەمێکی نوێی جیهانی: بۆچی دەبێت کورد ستراتیژێکی نوێ دابڕێژێتەوە؟
نووسینی: د. کامەران مەنتک
ئیمپراتۆریای ئەمریکا لە گیانەڵادایە و ڕەفتارەکانی ترەمپ، بەتەواوی ئەو هەڵبەز و دابەزەی سەرەمەرگی ئەمریکا وەک ئیمپراتۆریایەکی جیهانی نیشان دەدات. لە ڕاستیدا، ترەمپ وەک کەسێکی بەخیل، لەخۆبایی و هەرزەکارێکی سیاسی دێتە بەرچاو، زیاتر لەوەی وەک سەرۆکی وڵاتێکی زلهێز دەربکەوێت. ئەمە نیشانەی بەکۆتاهاتنی هێزی نەرمی ئیمپراتۆریای ئەمریکی و شکستی پڕۆژەی جیهانگەرییە، کە دەیەوێت لە ڕێگەی هێزی ڕەقەوە ئامانجەکانی خۆی بەدی بهێنێت. دیارە هێز هەرچەندە ترسناک و گەورەش بێت، بەبێ بوونی هێزێکی نەرم کە پاڵپشتیی بکات، ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. بۆیە ئەمریکا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا خاوەنی هەرچ هێزێک بێت، ناتوانێت وەک ئەو ئیمپراتۆریایە بمێنێتەوە کە کاری بۆ دەکات و خەونی پێوە دەبینێت.
شکستی گەورەی هێزی ئەو ئیمپراتۆریایە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستی پێکرد؛ لە کاتێکدا ئەوان چەندین ساڵ بانگەشەی شەڕی تیرۆریان دەکرد، لە کۆتاییدا هاوپەیمانییان لەگەڵ هێزێکی تیرۆریست بەست و کەوتنە وێزەی ئەو هێزە نوێخوازەی کە تا دوێنێ ڕەفتار و شێوازی بەرگ و ژیانیان سەرنجی هەموو دنیای ڕاکێشابوو. پشتبەستنی هێزێکی وەک ئەمریکا بە گرووپێکی تیرۆریستیی توندڕەو، شەرعیەتی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا دەسێنێتەوە و متمانەی پێ لەدەست دەدات. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا وەرچەرخانێکی گەورەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، کە شەرعیەت بدرێتە هێزێک و وەک سوپایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، تا بەو بەڕەڵایی و هۆڤیەتییەوە ژن و منداڵی کوردان تیرۆر بکات و هەرکەسێک بیانەوێت لەناوی بەرن.
پەنابردنی ئەمریکا بۆ تیرۆریستان و ئەو زمانەی ترەمپ قسەی پێ دەکات و ئەو سووکایەتییەی بە سەرۆکی وڵاتانی دەکات، خاڵی کۆتاییی ئەمریکا وەک ئیمپراتۆریایەکی جیهانی دیاری دەکات. شکستی ترەمپ لە داڤۆس، ئەو گریمانەیەی ئێمە بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە. لە کاتێکدا بە متمانەبەخۆبوونێکەوە "ئەنجومەنی ئاشتی"ی ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ هێزێکی گەورەی ئەوروپی و ئاسیایی ئیمزایان لەسەر میساقەکەی نەکردووە. فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا کە هێزە گەورەکانی ئەوروپان، لەگەڵ دەوڵەتانی ئەسکەندەناڤیا وەک سوید و نەرویج، بە ڕاشکاوی ڕەتیان کردووەتەوە تێکەڵ بەو ئەنجومەنە بن. دیارە دانیمارکیش بەهۆی کێشەی گرینلاندەوە گرفتاریی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروست بووە. لە ئاسیاش، جگە لەو هێزانەی لە مدارى ئەمریکا دەخولێنەوە، هیچ زلهێزێکی تری ئاسیایی ئیمزای لەسەر میساقی ئەو ئەنجومەنە نەکردووە، وەک چین، ڕووسیا و هیندستان کە سێکوچکەی زلهێزەکانی ئۆراسیان. تەنانەت سەرۆکی ڕووسیا بە تەنزەوە گوتی: "ئێمە ئەو ملیار دۆلارە دەدەین بۆ ئەندامبوون لەو ئەنجومەنە، بە مەرجێک لەو پارانەمان بێت کە سڕ کراوە!"
ئەم هەڵوێستە ئەوە دەگەیەنێت کە چیتر هەڕەشەکانی ئەمریکا، نەک هەر وڵاتە ڕکابەرەکانی، بەڵکو دۆستەکانیشی ناترسێنێت. ئەمەش ڕۆڵی گەورەی دەبێت لەسەر داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزی جیهانی. واتە، خەریکە ئۆراسیایەک دروست دەبێت کە دەتوانێت هەموو پێویستییەکانی پاراستنی خۆی دابین بکات. بە پێچەوانەی سەدەی ڕابردوو، ئەمجارەیان وڵاتانی ئەوروپاش ڕەنگە ڕۆڵێکی گەورە ببینن لە دروستکردنی ئیمپراتۆریایەکی ئۆراسی لەو شێوەیە، لەبەرئەوەی قووڵاییی ستراتیژیی ئەوانیش بۆ ئاسیا دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە، ئاڕاستەیەکی بەهێز لەنێو ئەڵمانیا و فەرەنسادا هەیە کە وای بۆ دەچن بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئەوان لەگەڵ ڕووسیادایە. تەنانەت لەم ڕۆژانەدا سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە دەبێت گفتوگۆکانمان لەگەڵ ڕووسیا دەست پێ بکەینەوە. بەم چەشنە، دابەشبوونی هێزەکان لەسەر بنەمای کیشوەرەکان دادەڕێژرێتەوە و ئۆراسیـا دەبێتە گەورەترین هێز و تاکجەمسەریی ئەمریکی تێک دەشکێنێت. ئەمەش ئەمریکا لەودیوی کەنارەکانی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و هێمن قەتیس دەکات.
مەبەستمان لەم خوێندنەوەیە ئەوەیە، ئەو گەلانەی تا ئێستا بەدەست ئەمریکییەکانەوە ناڵاندوویانە، لەوانە گەلی کورد، دەبێت ئاڕاستەی ئاییندەی خۆیان بەرەو ئۆراسیـا یەکلایی بکەنەوە. بەڵام نەک بەو شێوەیەی ئێستا کە چەند بنەماڵەیەکی بازرگان و کرێگرتەی داگیرکەران پێشڕەوایەتیی ئەو نەتەوەیە دەکەن، بەڵکو دەبێت کورد لەسەر بنەمایەکی تر هێزەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە و بە شێوەیەک بگەڕێتەوە بۆ قووڵاییی ستراتیژیی خۆی، کە دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێنێت لەسەر بنەمایەکی تەندروستتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەلانی دەوروبەری دابچێتەوە.