
حەمەسەعید حەسەن
لە ئەمڕۆوە بڕیار بدە کە ئیدی هەل لە دەست نادەیت، ئیدی بێدار و هۆشیار دەبیت. ئەمڕۆ چی وزە شک دەبەیت بۆ ڕامان تەرخانی بکە. ئەمڕۆ بە چلۆنایەتییەکی تازەوە لە تێگەییشتن، چالاکی بنوێنە! سوپاسگوزار بە هێشتا زیندوویت، هێشتا بوون متمانەی پێت ماوە و ئەگەری ئەوە بەهێزە گۆڕانێکی ڕیشەییت بەسەردا بێت. سوود لە هەموو هەلێک وەربگرە، نسکۆیش وەک سەرکەوتن ئەزموونت دەوڵەمەند دەکات و هەندێک جار نسکۆ لە سەرکەوتن سوودبەخشترە. نسکۆ هۆشیاریت زیاتر بڵند دەکاتەوە وەک لە سەرکەوتن، ئاخر ڕەنگە سەرکەوتن هۆکار بێت بۆ ئەوەی پاڵی لێ بدەیتەوە، نەک هەر لەسەر کۆشش بەردەوام بیت. ئەوە نییە هەیە لە بەختەوەریدا خوای لە بیر دەچێتەوە، لە کوێرەوەریدا بیری دەکەوێتەوە، بەخت یاری کەسێکە لەوپەڕی شادیشدا خوای هەر لە بیرە.
کۆمەڵێک موسوڵمان بە کەشتی بۆ حەج دەچن، بەدەم سەفەرەوە پینج فەرزە نوێژی خۆیان دەکەن، سۆفییەکیان لەگەڵدا دەبێت، نە نوێژ دەکات، نە نزا. لەناکاو زریانێک هەڵدەکات و کەشتییەوانەکە پێیان دەڵێت: دوا نوێژ بکەن، چونکە وەک مەحاڵ وایە ڕزگار ببین. هەموویان نوێژی ماڵئاوایی دەکەن، سۆفییەکە نەبێت، کە زریانەکە هێور دەبێتەوە لە سۆفی دەپرسن: چۆن لەو تەنگانەیەدا نوێژت نەکرد؟ دەڵێت: من لە ترساندا نوێژ و نزا ناکەم. لێی دەپرسن: ئەدی بەر لە مەترسییەکە بۆچی نوێژت نەدەکرد؟ دەڵێت: من هەمیشە خەریکی نوێژکردنم، ئەوی لەناو نوێژدا بێت، دەست بە نوێژکردن ناکات، بێجگە لەوە نوێژ چەمکێکی سۆفییانەیە، بە مانای گەییشتن بە هۆشیاری دێت، من لەمێژە دەرکم بە حەقیقەت کردووە. هەربێرت جۆرج وێللز (١٨٦٦ - ١٩٤٦) کە نووسەرێکی بواری خەیاڵی زانستی بوو، گوتوویەتی: بوودا لادین بوو، بڕوای بە هیچ خوداوەندێک نەبوو، ئاخر خۆی کەسێکی ئاسمانی و خودایی بوو.
لێپرسینەوە لەگەڵ خۆتدا بکە، بۆ ئەوەی هەڵە دووبارە نەکەیەوە، کێشە نییە هەڵە بکەیت، ئاخر هەڵەی ئەمڕۆ بۆ سبەینێ دەبێت بە ئەزموون. نە بە سەرکەوتن لە خۆت بایی ببە، نە کە تووشی نسکۆ هاتیت، هەست بە ئازاری ویژدان بکە. ئارام بگرە، پەلەکردن ئیشەکەت لێ تێک دەدات، گەییشتن بە تێگەییشتن و هاوسۆزی، ئەوە دەهێنێت ژیانی بۆ تەرخان بکەیت، ئەگەرنا ژیان هیچ مانایەکی نابێت. ژیان کاتێک بێ مانایە کە نەتوانیت مانایەکی پێ ببەخشیت. تا زیاتر لەسەر گەییشتن بە تێگەییشتن و هاوسۆزی سووربیت، زووتر ناخت ڕۆشن دەبێتەوە.
ئەوە خراپەکارییە، ئەگەر بیر لە خراپەکاری بکەیتەوە. تەنیا بیر کردنەوە لە خراپەکاری دەبێتە هۆی پوخڵکردنی ناخت. یاسا سزای ئەوانە نادات کە لە دڵی خۆیاندا بیر لە خراپەکاری دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی کارێکی خراپ بکەن، بەڵام ئایین، وەک گوناهێک سەیری بیرکردنەوە لە خراپەکاری دەکات. هەڵسوکەوتی خراپ سەرەتا بە هەستپێکردن دەست پێ دەکات، ئینجا ئایدیا و دواتر کارە خراپەکە. هەست پێ کردنەکە دەبێت بە بیرۆکە و بیرۆکەکەیش دەبێت بە ڕەوتار. هەست پێ کردن ئەوەیە شتێک هەراسانت دەکات، دواتر بیرۆکەیەکت بۆ دێت و جێبەجێی دەکەیت. ئەوە کرۆکی تۆیە بڕیار دەدات، تۆڵە دەکەیتەوە یان نا، بیرۆکە دادەڕێژێت یان نا، ئەوی خاوەنی کرۆکێکی پتەو بێت، نەک هەر تۆڵە ناکاتەوە، نەک هەر پلان بۆ تۆڵەسەندنەوە داناڕیژێت، بەڵکوو هەر گوێش ناداتە ئەو خراپەیەی بەرانبەری کراوە. ئەوەیش لووتکەی تێگەییشتن و هاوسۆزییە.
ئەوە هەڵەیە ئەگەر بڵێین: کۆیلە لە خەو هەڵمەسێنە، نەوەک خەون بە ئازادییەوە ببینێت، ئەو خەونە جوانەی لێ تێک مەدە. ڕاستییەکەی دەبێت لە خەوی هەڵبسێنین و باسی ئازادیی بۆ بکەین، ئاخر تا هۆشیار نەبێتەوە، هەوڵ بۆ ئازادی نادات. کۆیلە کە لە خەو هەڵدەسێت، بەرەو ڕووی کوێرەوەری دەبێتەوە، بۆیە پێی باشە خەون بە ئازادییەوە ببینێت و بەو خەونە بەنگ ببێت. بوودا دەیویست خەڵکەکە بێدار بکاتەوە کەچی دژی دەوەستانەوە، عیسا لە بوودایش خراپتری لێ قەوما، ئاخر قەدریان نەدەزانی. بۆچی زۆرینە دژی عیسا وەستانەوە؟ چونکە کەسێکی بێوێنە بوو، لە هەر جێیەک کەسێکی دەگمەن هەڵبکەوێت، کەسێک ڕووناکی بۆ چاوی نابینا بگێڕێتەوە و گیان بەبەری مردوودا بکاتەوە، زۆرینە کە هەمیشە بە هەڵەدا دەچن، بە گژیدا دەچنەوە.
بوودا سازشی نەدەکرد، ناکۆک بوو لەگەڵ پێشبینییەکانی عەوامدا، بۆ ئەوە نەهاتبوو دوای زۆرینە بکەوێت، دەبوو زۆرینە بۆ ئەوەی بزر نەبن، شوێنپێی هەڵبگرن. زۆرینە چونکە پێنەگەییشتبوون بۆ تێگەییشتن، بوودا بایەخی بە بۆچوونەکانیان نەدەدا، لێیان یاخی دەبوو، بەگژ دابونەریتیاندا دەچووەوە، ئاخر ئەو سەر بە داهاتوو بوو، نەک ڕابردوو، ئەو پێش زەمەنی خۆی کەوتبوو. دونیا دژی حەقیقەتە، ئاخر ژیان لەنێو درۆدا ئاسانتر و دڵگیرترە! دەتوانیت بەگوێرەی خواستی خۆت درۆ بکەیت، بەڵام درکاندنی حەقیقەت مەترسیدارە، تا لە خودی خۆپەرستی خۆت ڕزگارت نەبێت، ڕێت ناکەوێتە نێو پەرستگەی حەقیقەت. درۆ بۆ خزمەتکردنی خۆت دەخەیە گەڕ، بەڵام حەقیقەت دەبێت خزمەتی بکەیت.
هەر ڕستەیەک بە (پێویستە) دەستی پێ کرد، گوێی لێ مەگرە! وەک چۆن هونەر بۆ هونەرە، ژیانیش بۆ ژیانە، ئەوە زیرەکیی نییە، قوربانی بە ژیان بدەین لەپێناوی شتێکی دیکەدا. ئەگەر خووی قوربانیدان لەکن تۆ، قووڵ و پتەو ڕەگ دابکوتێت، ڕادێیت قوربانی بەم ساتەی ئێستا بدەیت لەپێناوی ئەو ساتەی بەدوایدا دێت، قوربانی بە ئەم ساڵ بدەیت لەپێناوی ساڵی داهاتوودا و قوربانی بە ژیانی ئەم دونیا بدەیت لەپێناوی ژیانی ئەو دونیادا. قوربانیدان بە ژیان، سەفەرە بە بیابانێکی وشکوبرنگدا، سەفەری وێرانکردنی خود و سەفەری خودکوژییە.
هەر چرکەساتێک چێژی خۆی هەیە، سوود لە مووچڕکەی خۆشیی هەموو چرکەساتێک ببینە، ئاخر تۆ بۆیە ئێستا لێرەیت، چێژ لە ژیان وەربگریت. ئەوە زۆر ئاسانە چێژ لە ئێستا وەربگریت، هەر ئەوەندەی دەوێت، بیر لە داهاتوو نەکەیەوە و وا بزانیت داهاتوو بوونی نییە. کە داهاتووت فەرامۆش کرد، ڕابردوو هیچ بایەخێکی نامێنێت، ئاخر ئێمە بۆیە ڕابردوومان داوە بە کۆڵماندا، تا بۆ داهاتوو سوودی لێ ببینین، کە داهاتوومان فەرامۆش کرد، ئیدی پێویستمان بە زانیارییەکانی ڕابردوو نامێنێت.
هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە، کۆمەڵێک ژار دەرخواردی منداڵ دەدەین، ژاری وەک: دەستکەوت، سەرکەوتن، ناوبانگ و سامان. دێین بەو ژارانە کانیاوی بوونی پیس دەکەین. ئینسان ناچار دەکەین بیستوپێنج ساڵی تەمەنی بۆ فێربوونی ڕۆشنبیرییەکی ژاراوی تەرخان بکات. کۆمەڵ پیاو فێر دەکات ژنەکەی جڵەو بکات، ژن فێر دەکات منداڵەکانی جڵەو بکات، فێری ڕێز لە یەکدی گرتن و دلۆڤانییان ناکات، مەشقیان لەسەر ئەوە پێ دەکات، پێوەندییان وەک پێوەندیی نێوان ئینسان و شتومەک وەها بێت، ئەوە نییە پیاو، وەکوو کاڵا سەیری ژنەکەی دەکات.
پیاو کە دەبێت بە مێرد لە شکۆی کەم دەبێتەوە، ئافرەت کە دەبێت بە ژن لە شکۆی کەم دەبێتەوە. بۆ ئەوەی خاوەنی شکۆی خۆمان بین، هەقە ئینسان بین، نەک مێرد یان ژن، ئاخر ئەوەی ژن و مێرد پێکەوە گرێ دەدات، یاسایە نەک خۆشەویستی، سیاسەتە نەک شیعر، بەرژەوەندیی ئابوورییە نەک هۆگری یەکتری بوون. ژیان وەک پێشبڕکێی ڕاکردنی ئۆڵمپیی لێ هاتووە، ئەوی خاو غار بدات، دەدۆڕێت، ڕاکردنەکە بۆ پارەیە، بۆ پاوەرە و بۆ ناوبانگە. ئیشی تاک ئەوەیە، بوار نەدات ئەوانی دی سەرکەوتن بە دەست بهێنن، بۆ ئەوەی خۆی یەکەم بێت. لە دونیایەکی وادا نە دڵۆپێک لە خۆشەویستی هەیە، نە پرشنگێک لە هاوسۆزی.
بۆچی سیاسەتکار بە دونیای ڕامان نامۆیە؟ چونکە ئەوی خەریکی ڕامان بێت، کەسێکە بێدەنگ و بێوەی، سیاسەتکاریش نە ئەمیانە نە ئەویان. وەک چۆن ناتوانین هاوزەمان سواری دوو ئەسپ ببین کە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز غار بدەن، هەر وایش ناتوانین هەم خەریکی ڕامان بین و هەم خەریکی سیاسەتیش. ئەوی خەریکی ڕامان بێت، خۆڕسکانە، پەلەی نییە و خەم لە داهاتوو ناخوات و بۆ ئێستا دەژی، بەڵام سیاسەتکار پەلەیەتی تا زووتر بە پۆستێکی باڵاتر بگات.
جیاوازیی ڕاستەقینە نە لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، نە لە نێوان خەڵکانی سەر بە ئەم یان ئەو ئاییندا، ئەوەی هەیە جیاوازییەکی ڕووکەشە، نەک ڕیشەیی. کە ئەفریکایی پێستی ڕەشە و ئەورووپایی پێستی سپییە، ئەوەیش هەر جیاوازییەکی ڕووکەشە. ئەوە ئەفسانەیە ئەگەر پێمان وابێت، جوو میللەتی هەڵبژادەی خوایە، یان ئاری سوپەرئینسانە. هیچ نیشتمانێکیش لەوانی دیکە پیرۆزتر نییە، با کۆنترین نیشتمانیش بێت و با دەیان دینیشی تێدا پەیدا بووبێت. ئەوەی ئەم خۆی لەو بە باڵاتر بزانێت، کە زادەی خۆپەرستییە، تەنیا کارەساتی بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم هێناوە. هەموو گۆی زەوی یەکێکە، تەنیا هێڵێکی سوور لەسەر نەخشە، وەڵاتان لە یەک جیا دەکاتەوە، ئیدی چۆن ئەم خاک، لەو خاک پیرۆزترە. جاران هیندستان و پاکستان یەک وەڵات بوون، ئەوە کەی لێکدانەوەیەکی دروستە، ئێستا ئەمیان بە پیرۆزتر بزانین لەویان.
کە ١٤ی تەممووزی ١٧٨٩ شۆڕشگێڕان دەرگەی بەندیخانەی (باستیل)یان کردەوە، بۆ بەندییەکان کوتوپڕی بوو، ئاخر بۆ چوونە دەرەوە و بۆ ئازادی ئامادە نەبوون. زۆرینەی زیندانییەکان چونکە تەمەنێکی درێژیان لەوێ بەسەر بردبوو، لەگەڵ ئەو ژیانەدا ڕاهاتبوون، چونکە نە هیچ بەرپرسیارییەکان لەسەر شان بوو، نە خەمی بژێوییان هەبوو، ئاخر هەم خواردنیان لە کاتی خۆیدا بۆ دەهات و هەم ژیانیان پارێزراوبوو، بۆیە خۆیان بە پاشا دەزانی. کە شۆڕشگێڕان ناچاریان کردن بچنە دەرەوە، شەوێ نیوەیان گەڕانەوە بۆ باستیل، چونکە نەیاندەزانی لە کوێ بخەون. هەندێکیان تا زنجیر نەکرایەوە دەست و پێیان، ئەو شەوە خەو نەچووە چاویان، ئاخر وا ڕاهاتبوون بەدەم زڕەی زنجیرەوە بخەون.
تا ئایین مابێت ئینسان ئازاد نییە، ئاخر ئینسان دەکات بە کۆیلەی خۆی. تا سیاسەتکاران لەسەر چەوساندنەوەی ئینسان بەردەوام بن، کۆیلایەتی بەردەوام دەبێت. ڕەنگە بڕوات بە هیچ دینێک نەبێت، بەڵام ئەگەر لەبن هەژموونی ئایدۆلۆجیایەکدا بیت، تۆیش هەر کۆیلەیت، خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە، بە ئەندامی حیزب دەگوترێت کۆیلە. ئازادی ئەوەیە لە دۆخی عەقڵەوە کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە دین و ئایدۆلۆجیا و دابونەریت، بپەڕیتەوە بۆ دۆخی ناعەقڵ. کە عەقڵت لەوانە بەتاڵ دەکەیەوە، هیچت لە کیس ناچێت، لە خۆڵ و خاشاک بەولاوە، کە تۆ بە هەڵە بە گەنجینەت زانیوە. خەڵک زەندەقیان لەوە چووە (هیچ) بن، پێیان باشە (شت) بن، هەرچەندە هیچ بین، باشترە لەوەی شت بین، ئاخر هیچ بە مانای ئازادی دێت، ئازادبوون لە دین و ئایدۆلۆجیا و ئاوەزی زاڵ.
کارما ئەوەیە، تۆ بە ئاگری هەڵەیەک دەسووتێیت کە لە ڕابردوودا، کەسێکی دیکە کردوویەتی، کەسێک هەڵگری گیانی تۆ بووە، ئێستا ئەو مردووە و تۆ هەڵگری گیانی ئەویت. واتا: تۆ کە ئێستا لە کوێرەوەریدا دەژیت، هەڵەی خۆت نییە، هەڵەیەکە لە ڕابردوودا ڕووی داوە، بۆیە تۆ ناتوانیت هیچ گۆڕانێک لە ئێستادا بکەیت، چونکە ئێستا زادەی ڕابردووە. کارما ئەفسانەیە، هەڵاتنە لە بەرپرسیاری، ئاخر ئەگەر پێت وابێت تۆ قوربانیت و باجی هەڵەی ڕابردوو دەدەیت، هیچ ناکەیت، هەر لە کوێرەوەریدا ژیان بەسەر دەبەیت و خۆت بەوە قایل دەکەیت کە دەسەڵاتی ئەوەت نییە ڕابردوو بگۆڕیت. ئەم وەهمە کاهین دایهێناوە، بۆ ئەوەی هەژاران ئەگەر لە برسانیشدا بمرن، هەر بە بەشی خۆیان قایل بن، لە واقیع یاخی نەبن و هەوڵی گۆڕینی نەدەن. کارما گەورەترین کۆسپە لەبەر هەڵگیرسانی شۆڕشدا، تا کارما چۆکی لەسەر هۆشی خەڵکی هیند دادابێت، شۆڕش ڕوو نادات.
*
(١) أوشو، حتی تموت، نقلە إلی العربیة: أیمن أبو ترابي، دار الفرقد ٢٠١٤ دمشق.
(٢) أوشو، ألإنسان الجدید، ترجمة متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٤ اللاذقیة.