دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵهاتن و دەرباز بوون

لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی دووەم

منداڵان وەک بەشێک لە قوربانییانی کوشتنی بەکۆمەڵ

شێوازێکی تری کوشتنی بەکۆمەڵ، کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ڕاگواستن بەکار دەهێنرا، بەندکردنی خەڵک بوو لە کڵێساکان و سووتاندنیان بە زیندوویی بە ئاگرتێبەردانی کڵێسەکە. کۆستان زاریان نموونەیەکی ئەو حاڵەتانە لە کتێبەکەیدا "دەنگەکانی ناو کڵێسا" دەگێڕێتەوە. هەروەها، هەریپسیمێ زینیان (عەجەمیان) لە ماڵگارە، ڕووداوێکی تری بەزیندوویی سووتاندنی ڕاگوێزراوان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پاشماوەی کاروانەکەیان گەیشتبووە دێرەزوور، کاتێک جەندرمەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی منداڵان. دایکی هەریپسیمێی کچە تەمەن هەشت ساڵان، کە تاکە ڕزگاربووی خێزانە گەورەکەیان بوو، بەرگەی ئازاری ئەم دابڕانەی نەگرت و لەبەرچاوی هەریپسیمێ، ڕای کردە لای ڕووبارەکە و خۆی فڕێ دایە ناو ئاوەکەوە. کۆمەڵێک لەو ئاوارانەی کە مابوونەوە، بە زیندوویی سووتێنران و ئەوانی تریان پاڵیان پێوە نرا بۆ ناو ڕووباری فورات بۆ ئەوەی بخنکێن. منداڵەکان ئاگرەکەیان دەبینی، بۆنی تەرمی سووتاوەکانیان دەکرد و گوێیان لە قیژە و هاواریان بوو.⁶

شۆغەر تۆنایان ئەو ڕۆژەی دێتەوە یاد کە چۆن سەربازانی تورک پەلاماری ڤارتێنێسەی گوندەکەیان دا لە نزیک موش و داگیریان کرد و تەواوی گوندنشینەکانیان لە دوو تەویلەی گەورەدا کۆ کردەوە و ئاگریان تێبەردا. ئەو دەمە، شۆغەر تەمەنی چواردە ساڵ بوو. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ڤێرجینێ سڤازلیان، شۆغەر هەوڵ دەدات ئەو کارەساتە وێنا بکات کە لەناو تەویلە بڵێسەدارە پڕ لە دووکەڵەکەدا ڕووی دا. هەندێکیان لەم دۆزەخە ڕزگاریان بوو، تەنها لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی بڵێسەی ئاگرەکە هەمووان بخوات، سەقفەکە داڕمابوو. ئەو و خوشکەکەی توانییان بەسەر داروپەردووە وێرانەکەدا سەربکەون و هەڵبێن. بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، بەردەوام دەیگوت: "خۆزگە منیش دەرباز نەبوومایە، ئای لەو دەرد و مەینەتییەی پێیدا تێپەڕیم."⁷ ئەوەندە ساڵ دوای ئەوە، یادەوەرییەکان هێشتا زیندوون و هێشتا ژیانی ئەویان هەر بەدبەخت و پڕ کوێرەوەری کردووە.

لە هەموو ئەو شایەتییانەی سەرەوەدا، هیچ مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ منداڵانی بچووکدا نییە. منداڵان بەشێکن لەو دانیشتووانە گشتییە بەئامانجگیراوە کە بەدرێژاییی ڕێگەی ڕاگواستنەکە، تووشی ستەم و پاکتاوکردن بوون.

میتۆد و شێوازە تایبەتەکان بۆ منداڵان

ڤەهاکن دادریان ئەو شێوازە ئەهریمەنییانە دەژمێرێت و بەڵگەیان لەسەر دەهێنێتەوە کە حکوومەتی تورکیا، یان نوێنەرە ناوخۆیییەکانی، بۆ ڕزگاربوون لە هەزاران منداڵی بچووک و ژمارەی زیادەی هەتیو لە پڕۆسەی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستندا جێبەجێیان کردووە.⁸ ئەو باس لە ژەهراویکردنی بەکۆمەڵ و "حەمامی هەڵم" (واتە کوشتنی کۆرپە بە هەڵمی گەرم)، خنکاندن، دەستدرێژیکردنە سەر کچان و تەنانەت کوڕانی گەنجیش، سووتاندن یان ناشتنی منداڵان بە زیندوویی، و ئەو منداڵانەی کە لەلایەن تورک و کورد و عەرەبەکانەوە هەڵگیراونەتەوە بۆ ئەوەی یان لای خۆیان بیانهێڵنەوە یان لە بازاڕی کۆیلەدا بیانفرۆشن، دەکات.

لە کتێبی "ئیندێکسی بابەتیی" کۆمەڵە قەبەکەیدا، کە سەدان چاوپێکەوتنی ڕزگاربووانی تێدایە و زۆربەیان لە ئەرمینیای سۆڤیەت بوون، و لە کتێبی "ئیفادەکانی جینۆسایدی ئەرمەنی: شایەتیی شایەتحاڵە ڕزگاربووەکان" (The Armenian Genocide: Testimonies of the Eyewitness Survivors)، ڤێرجینێ سڤازلیان ١٣١ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە یان شایەتحاڵی دەستدرێژیکردنە سەر برا و خوشکێکیان بوون یان خۆیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر. هەروەها، ٣٢ گێڕانەوە لەبارەی هێرشکردنە سەر کاروانەکانی ڕاگوێزراوان لەلایەن چیچان و چەرکەسییەکانەوە هەیە، بە مەبەستی جیاکردنەوەی منداڵان بۆ سەربڕینیان و فڕاندنی منداڵانی گەورەتر بۆ بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و کرێکاریی زۆرەملێ، یان فرۆشتنیان. لەناو ئەوانەدا، ١٢٦ گێڕانەوە لەبارەی بەتورککردن یان بەئیسلامکردنی زۆرەملێی ئەو قوربانییانە هەیە کە دواتر هەڵهاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ ئایین و باوەڕی یەکەمجاریان. ٧٤ گێڕانەوە لەبارەی منداڵ و کۆرپەی سووتاو یان بە زیندوویی نێژراو یان لە کەندڕێکەوە فڕێدراونەتە خوارەوە یان فڕێدراونەتە ناو چاڵێکەوە یان خنکاون، یان دەستدرێژی کراوەتە سەریان و کوژراون، هەیە. ٧٨ گێڕانەوەش لەبارەی ڕزگاربووانێکەوە هەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قوتابخانە، کڵێسا، ماڵ، تەویلە، گەوڕ، چاڵ و ئەشکەوتەکاندا کە لە ئەرمەنی پڕ کرابوون و ئاگریان تێبەردرابوو، ڕزگاریان بووە.

ژەهراویکردن - گێڤۆرگ چیفتچیان تەمەنی شەش ساڵ بوو کاتێک سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر کابووسێی گوندەکەیان و گوندنشینەکانیان خستە بەر خۆیان، پێش ئەوەی دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت سەرکەونە سەر شاخی موساداغ و بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەو کاروانەکەی لەبیرە کاتێک گەیشتووەتە حەما و لەوێ ٥٥ منداڵی تەمەن ٥-٦ ساڵ لە ئەشکەوتێکدا بەند کرابوون، بۆ ئەوەی بەهۆی برسێتی و گەستن و پێوەدانی مار و مێرووەوە بمرن. وەک کوڕە بچووکەکە لەبیریەتی، پاشایەکی تورک گێڤۆرگی بردووەتە ماڵەکەی خۆی بۆ گسکدان و پاککردنەوە و پاشان هێندەی فەلاقە کردووە تا بێهۆش بووە. هەرچۆنێک بێت، گێڤۆرگ توانیویەتی ڕابکات و دواتر بیستوویەتی کە هەمان پاشا منداڵەکانی ناو ئەشکەوتەکەی ژەهرخوارد کردووە بۆ ئەوەی مردنیان خێراتر بکات.⁹

لێڤۆنتی ئازادیانی تەمەن هەشت ساڵان، باس لە سەختیی ڕاگواستنەکە دەکات کە چۆن جەندرمەکان ئاوارەکانیان کوشتووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەیان. ئەو کچە منداڵە، هەتیوخانەیەکی تورکیای لەبیرە کە ماوەیەکی کورت تێیدا ژیاوە و دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان، هەموو منداڵە هەتیوە ئەرمەنییەکانیان لە هەتیوخانەکەدا کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی گوایە خواردنیان پێ بدەن. ئەو نەیدەزانی چی لەو خواردنەدا هەیە کە منداڵەکان خواردوویانە و پاشان ئەم منداڵە کوێرانەیان فڕێ داوەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بمرن. بەڵام چۆن لەم کارەساتە پڕ دڕندەییە ڕزگاری بووە، یان ئاخۆ لەناو ئەم منداڵانەدا بووە و بە موعجیزەیەک ڕزگاری بووە، ڕوون نییە.¹⁰

خنکاندن - نێرگز ژەمکۆچیان، خەڵکی کوتۆرا (کە ئەمڕۆ ئۆردووە) لەسەر دەریای ڕەش، دەگێڕێتەوە کە هەموو ئەرمەنەکانی شارۆچکەکەیان دەرکردووە و پێش دەستپێکردنی ڕاگواستنەکە کوشتوویانن. داپیرەی، نێرگزی تەمەن چوار ساڵ و هاگۆپی برای دوو ساڵانەی بە دراوسێیەکی یۆنانی سپاردووە. منداڵەکان تا دەرچوونی فەرمانی حکوومەت بۆ لەسێدارەدانی هەرکەسێک کە ئەرمەنییەکانی داڵدە دابێت یان شاردبێتەوە، لای ئەو خێزانە داڵدە دراون. دوای ئەم بڕیارە، منداڵەکان فڕێ دراونەتە سەر شەقام. تەمەنی نێرگز زۆر لەوە بچووکتر بووە کە هەموو ئەمانەی لەبیر بێت، بەڵام چیرۆکەکە زۆر دواتر لەلایەن دایکی و داپیرەیەوە بۆ گێڕدراوەتەوە. بەڵام ئەوەی لە هەست و بیریدا پاراستوویەتی و هەرگیز لە یادی ناکات، ئەو ساتەوەختە بووە کە بەهۆی پاڵنەری مانەوەوە، دەستبەرداری برا نەخۆشەکەی بووە و لەناو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا جێی هێشتووە کە جەندرمەکان لە کەناری دەریادا کۆیان کردبوونەوە. ئەو لە پشتی دار و دەوەنەکانەوە بینیبووی کە چۆن پۆلیسەکان ژنە تورکەکانیان دوور دەخستەوە، کە لەوێ کۆ ببوونەوە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکان بە پێدانی پارچە نانێک و کوپێک ئاو. هەروەها گوێی لە هاوارکردنی پۆلیسەکان بووە: "خەمی تینوێتیی ئەوان مەخۆن، چونکە بەم زووانە ئاوێکی زۆریان دەبێت بۆ خواردنەوە." و بە ترس و تۆقینەوە تەماشای کردووە چۆن پۆلیسەکان منداڵەکان بە دەم قیژە و گریانەوە هەڵدەدەنە ناو ئاوی دەریاوە بۆ ئەوەی بخنکێن. ئەوە دواجار بوو کە براکەی تێدا ببینێت، بەڵام بەدرێژاییی ژیانی، یادەوەریی ئەو دیمەنە و ئەو نیگا ترسناکەی کە لەسەر دەموچاوی براکەی بوو، لە ئاگایی و لە خەویشدا بەرۆکی بەرنەدەدا و سەردانی دەکرد.

هەرچەندە نێرگز هەموو تەمەنی گەورەیی خۆی لە سوخومی لە کەناری جوانی دەریای ڕەشدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ دیمەنی دەریادا ئاشت بکاتەوە. بۆ ئەو، "ئاوەکانی دەریا بەڕواڵەت بێباکانە جەستە و ڕۆحی ئەرمەنە لەناوچووەکان، خنکاو و لەدایک‌نەبووەکانی گرتبوو. فرمێسک و هاوارەکانیان لە ڕێگەی خوێ و تاڵیی ئاوی تاریک و نرکە و ناڵەی شه‌وانەی شەپۆلەکانییەوە هەستیان پێ دەکرا، و ئازار و ترس و تۆقینیان هێشتا بەرەو شێتبوونم دەبەن، ئەگەر زاتم هەبێت و دوای چەندین ساڵ بوێریی ئەوەم هەبێت لە دەریا نزیک ببمەوە!"¹¹

خنکانی بەکۆمەڵ تەنها لە ویلایەتی تەرابزۆن قۆرخ نەکرابوو. ڤەهاکن دادریان چەندین نموونەی خنکانی بەکۆمەڵی باسکردووە کە لە ناوچە جیاوازەکانی ڕووباری فورات ڕوویان داوە.¹² دادریان، بە ئاماژەدان بە کچێکی ڕزگاربووی ئەرمەنی، باس لە خنکانی ٢٠٠٠ منداڵی ئەرمەنی دەکات بە فەرمانی مستەفا سدقی، سەرۆکی پۆلیسی دێرەزوور، لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٦دا. "ئەوان دوو دوو هەڵدەدرانە ڕووبارەکەوە لەبەرچاوی سەرۆکی پۆلیس، کە چێژێکی تایبەتی لە شوێنی دراما و کارەساتی خنکانەکە وەردەگرت."¹³

لە گێڕانەوەیەکی زۆر زەق و کاریگەردا لەبارەی ئەزموونە دڵتەزێنەکەیەوە، کە دوای گەیشتنی بە ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٧دا نووسراوە، ئارشالویس ماردیگیان (کە لە ئەمریکا ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئاورۆرا ماردیگانیان) بە وردییەکی زۆرەوە باس لەو دڕندەیی و بەربەرییەت و ئەشکەنجە نامرۆڤانە باوەڕپێنەکراوانە دەکات کە بەسەری هاتووە یان شایەتحاڵی بووە.¹⁴ یەکێک لەوانە، لەسێدارەدانی دڕندانەی کوڕە بچووکەکان بوو بە خنکاندنیان لە ڕووبارەکەدا. هەروەها دەگێڕێتەوە کە کاتێک کاروانەکە گەیشتووەتە مەلەتیە و وەک ئەوانی تر کە پێشتر گەیشتبوون، لە دەرەوەی شارەکە کەمپیان هەڵداوە. "لەوێ، سەربازەکان چوونە کەمپەکانەوە و هەموو ئەو منداڵانەیان لەگەڵ خۆیان برد کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاتر بوو. پێم وایە ژمارەیان لە هەشت بۆ نۆ هەزار زیاتر بووبێت. تەنانەت سەربازەکان هاتنە ئەو ماڵەی کە من تێیدا لەگەڵ ئەرمەنییە 'هەڵگەڕاوەکاندا' بووم و سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرۆکی شارەوانی، کچ و کوڕەکانیان برد... ئەوان منداڵەکانیان بردە ئەوپەڕی شارەکە، کە تیپێک لە کوردانی ئاغجە داغی چاوەڕێیان دەکردن... کوردەکان وەک ڕانەمەڕ بەرەو ڕووباری تۆکمە ڕاپێچیان کردن. لە کەناری ڕووبارەکەدا، کوڕەکان فڕێ درانە ناو ڕووبارەکەوە و کچەکانیشیان برد بۆ شارە کوردییەکان، بۆ ئەوەی وەک 'محەممەدی' (موسڵمان) پەروەردە بکرێن."¹⁵

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا