بە ڕوونی

کاوە مەحموود

میتۆدی مارکس لە نوسینی سەرمایە

بەشی سێیەم

2ــ میتۆدی ڕەخنەی ڕەها لە نوسینی سەرمایە

چەمکی ڕەخنە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان لە فەلسەفەی ئەلمانیدا، کە دوو ڕەهەندی جیاواز لەیەکتری هەبوو. ڕەهەندی عەقلانیزمی ڕەخنەگرانە و پشتبەستن بە لێکدانەوەی لۆجیکی بۆ گەیشتن بە ڕاستی. ڕەهەندی دووەم بریتی بوو لە پشتکردن لەو جۆرە شێکردنەوەیە و پشتبەستن بە هەستی کەسی بۆ گەیشتن بە ڕاستی.

ڕەهەندی ڕەخنە لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا بەشێک بوو لە سەردەمی ڕۆشنفیکری و پرنسیپە سەرەکییەکانی سەبارەت بە ئازادی و پێشکەوتن و عەقلانیزم و ئەرکی ڕەخنە لە پەرەپێدانی زانستە مرۆییەکان.

لە ساڵی 1784 فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمان، کانت بابەتێکی بەناو ( ڕۆشنفکیری چییە؟) بڵاوکردەوە و، پێی وابوو فەلسەفەی ئەو کاتە لە سەدەی ڕەخنەدا دەژی و، ناکرێ هیچ شتێک لە ڕەخنە دەرباز بێت. ڕەخنە لای کانت پشکنینێکی ئازادانەی بێ کۆتوبەندی هەر ئاراستەیەکی فەلسەفییە و، پێوەری ئەم پشکنینەش بریتییە لە ئاستی گونجاندنی ماناکانی عەقڵ لەگەڵ هەستی کەسیدا. بەم جۆرە ڕۆشنفیکری بوو بە زانستێکی عەقلانی لەبەکارهێنانی توانای مرۆڤ دەربارەی بابەتەکانی ژیان و گەیشتن بە ڕاستی.

هزری عەقلانیزم و ڕۆشنفیکری ئەڵمانی لە تاقیگایەکی فەلسەفی داماڵڕاو لە کۆمەڵگا و ناکۆکی و ململانییەکانی نەهاتەکایەوە. شەڕی (سی ساڵە 1618ــ1648) و لێکەوتەکانی، هۆکاری گەشەسەندنی هزری عەقلانی و ڕۆشنفیکری و بەکارهێنانیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و کۆمەڵگا بوو. 

فەیلەسوفی ئەلمانی (هیگل 1770ــ 1831)، کە داهێنەری دیالکتیکی ئایدیاییە ئاماژەی بە چەمکی ڕەخنە کرد وەک پرنسیپێکی جوڵە و ژیان، کە هەموو شتێک لە سروشت و ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە و بە نەرێنییەکی دیالکتیکی بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی کە باوە و هەیە، دانا.

چەمکی ڕەخنە لای مارکس پێش نوسینی سەرمایە، کە ڕەخنەیە لە ئابووری سیاسی، لە نوسینە فەلسەفییەکانی ئاماژەی پێکرا و، تەنانەت ناوی هەندێ لە کتێبە بەناوبانگەکانی بە دەستەواژەی ڕەخنە دەستپێدەکات، بۆ نموونە: (ڕەخنە لە بەرنامەی گوتا) کە مارکس لە ساڵی 1875 وەک پرۆژەیەکی سیاسی بۆ گۆنگرەی حزبی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی ئەلمان ناردویەتی. هەروەها (گروندریسە سەرەتایەک لە ڕەخنە لە ئابووری سیاسی) و، کتێبی (ڕەخنە لە فەلسەفەی حەق لای هیگل ساڵی 1843).

لە ساڵی 1846 مارکس و ئینگلز کۆمەڵێک نوسینی خۆیان بە ناوی (ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی) تەواوکرد. ئەو نوسینانە بواری ئابووری سیاسیی گرتەوە و، لە ساڵی 1932 ئەو دستنوسەیان چاپکرا. لەو نوسینەدا ئاماژەیان بە چەمکی ژێرخان و سەرخان کردووە و ڕەتدانەوەی کۆمەڵێک چەمکی میتافیزیکی (هیگڵییە لاوەکان) و برۆنۆ باوە و، خستنەڕووی ئەو ڕاستییە کە بوونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ هۆشمەندی کۆمەڵایەتییان دەستنیشان دەکات.

ئەوەی پەیوەندی بە چەمکی ڕەخنەوە هەیە لە (ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی) لەوەدایە، کە مارکس و ئینگلز بابەتی ڕەخنەی تیۆری بە چالاکی کردەیی مرۆڤ دەبەستنەوە و ناوەڕۆکێکی دیکەیان بە چەمکی ڕەخنەگرتن دا لە ڕێگای گرێدانی چەمکی ڕەخنە بە نابەرامبەری وجیاکاری چینایەتییەوە.

ڕەخنەی مارکسیستانە هەنگاوانە لە ڕەخنەگرتن لە جیهان و بۆ تاونبارکردنی ئەو واقیعەیە سەرمایەداری بەرهەمیهێناوە و، بۆیە ڕەخنە لای مارکس کارکردنە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو و زانینی یاسا گشتییەکانی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی  و، ئاماژەکردنە کە ماتریاڵ نەک ئایدیا توانای لێکدانەوەی مێژووی هەیە. ئەو مێژووە بریتییە لە مێژووی ململانیی نێوان چینەکان.

چەمکی ڕەخنەی ڕەها لای مارکس جگە لەوەی پەیوەندی بە بابەت و سەردەمی ڕۆشنفیکرییەوە هەبوو، ئەو چەمکە لە پرۆسەی (مۆدێرنە) جیاناکرێتەوە و، ئەمەش لە تێکڕای بابەتەکانی کتێبی سەرمایە دەردەکەوێت و تەنانەت مارکس باس لە خودی کۆمۆنیزم دەکات لە دۆخی قایلنەبوون بەوەی هەیە و، هەموو شتەکان لە بواری گۆڕانکاری بەسەرهاتینیان تەماشای دەکات.

سەرمایەی مارکس و سەرجەم بەرهەمەکانی بەشێکە لە پرۆسەی مۆدێرنە هەروەکو چۆن سەرمایەداری وەک سیستمی سیاسی لە پرۆسەی مۆدێرنە جیاناکرێتەوە، بەڵام ئەوەی تایبەتمەندی بە مارکس دەدات ئەوەیە، کە کتێبی سەرمایەی مارکس بەشێکە لە ڕەخنەگرتن لە ئابووری سیاسیی سیستمی سەرمایەداری و، بەم جۆرەش بەرهەمەکانی مارکس بەشێکە لە بەرهەمی مۆدێرنە و لە هەمان کاتدا ڕەخنەیە لە پرۆسەی مۆدێرنە.

لە کتێبی (هەموو شتێکی میتاڵ دەبێ بە هەوا)، (All that is sold Metals into air) ، کە لەلایەن مارشال بیرمان نوسراوە، ئاماژە بە چەمکی مۆدێرنەی مارکس دەکات، کە باوەڕی بە بوونی مەرجەعێک بۆ خولیای سەپاندن چەمکێک نەبووە و، ئەمەش لە نوسینی کتێبی (سەرمایە) دەردەکەوێت، کە تیایدا پێی وایە کۆمۆنیزم دابەشکردنی بۆرژوانەی کار تێدەپەڕینیت و تاک لە دۆخی ئەنجامدانی کارێکی تایبەت لە پرۆسەیەکی بە کۆمەڵی بەرهەمهێنان هەنگاو بۆ پەیدابوونی تاکێک دەنێت، کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ سەرجەم گۆڕانکارییەکانی بواری بەرهەمهێنان هەبێت و سەرجەم ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی بە هۆی گەشەسەندنی توانا سروشتی و وەرگرتووەکانی بە لێهاتویی ئەنجام دەدات. ئەم بۆچونەی بیرمان کە جەختکردنە لەسەر بۆچونەکانی حەنا ئەرندت ئاماژەیە مارکس لە سەرمایە خاوەنی هیچ هەژموون و ئاراستەی سەپاندنی مەرجەعێک نییە و، پێشبینی ئەوەی کردوە، کە لە دووا ڕۆژدا قورسایی و مەملەکەتی کەرتی گشتیش بە هۆی هەلومەرجی پەرەسەندنی نا کۆنتڕۆڵ کراوی هێزی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا، کۆتایی دێت.

چەمکی ڕەخنەی مارکس لە سەرمایەداری و لە پرۆسەی مۆدێرنە جەختکردنەوەیە لەسەر بنەمای پەرەسەندن و کۆتایهاتن و لەدایکبوونی نوێ، نەک لە ڕوانگەی بەردەوامبوون، کە ئابووری سیاسیی سەرمایەداری بنەمای سەقامگیر و نەگۆڕی بۆ دادەنێت و مەبەست لەوەش بیانوو هێنانەوەیە بۆ بەردەوامبوونی سیستمی چەوساندنەوە و داخستنی مێژوو و ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی و، بەم شێوەیە چەمکی مۆدێرنە لای مارکس لەوەدایە ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی خۆت بە جۆرێک ببەیتە سەر، کە هەردەم لە گێژەڵۆکەی گۆڕانکاری و بەرهەمهێنانی نوێگەری بیت.

میتۆدی ڕەخنەگرتن لای مارکس بنەمای سەرەکی ناوەڕۆکی شۆڕشگێرانەی کتێبی (سەرمایە)یە و، تا ئێستا مارکسیزم ئەو شوناسە شۆڕگیرییەی لە دەستنەداوە و، ڕەخنە بنەمای خستنەڕووی بەرنامەی ئەلتەرناتیفە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە قۆناغێکی مێژووی دیاریکراودا.

یەکێک لە گرنگییە مێژووییەکانی چەمکی ڕەخنە، کە لەسەرجەم بەرهەمەکانی مارکسدا بەتایبەتی لە (سەرمایە)دا هەیە،  لەوەدایە کە بناغەیەکی بتەوی پەرەسەندنی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فرانکفۆرت بوو، کە ماکس هورکهایمر لە وتارێکی بە ناوی تیۆری ڕەخنەیی و تیرۆی نەریتی، پێناسەی تیۆری رەخنەیی کرد بەوەی تیۆرێکی کۆمەڵایەتی ئاراستەکراوە بۆ ڕەخنەگرتن و گۆڕانکاریکردن لە سەرجەم کۆمەڵگا بە مەبەستی رزگارکردنی مرۆڤ لەو هەلومەرجەی دەیانکاتە کۆیلە. بەم جۆرەش چەمکی ڕەخنە لای مارکس بنەمای قوتابخانەیی ڕەخنەیی هاوچەرخە و دەتوانین بڵێن یەکەم ڕەخنەگر لە مۆدێرنە سەرمایەداری مارکسە، کە نەک تەنیا لە کتێبی سەرمایە بەڵکو لەسەرجەم بەرهەمەکانی لە بواری سیاسەت و سۆسیۆلۆجیا و فەلسەفە ڕەنگی داوەتەوە و، بەم جۆرە کتێبی سەرمایە بەرهەمی مۆدێرنەیە و لە هەمان کاتدا ڕەخنەیە لە مۆدێرنە.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا