
نووسەرانی نەوەی سێیەمی ئەرمەنە ئەمریکییەکان و گەڕان بە دوای خودناسی و لەیادنەکردنی جینۆسایدەکەدا
نووسینی: د. ڕوبینا پێرومیان - زانکۆی کالیفۆرنیا (ئەمریکا)
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
جینۆسایدی ئەرمەن لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا نزیکەی سەدەیەک تەمەنی هەیە، بەڵام پرسیارە بێ وەڵامەکان بەردەوامن: بۆچی ڕوویدا؟ بۆچی جیهان ڕێگەی دا ڕووبدات؟
بۆچی ددان بەو ستەم و نادادپەروەرییە ترسناکەدا نەنراوە و قەرەبوو نەکراوەتەوە؟ نیگەرانیی ئەزموونی کارەساتباری بەکۆمەڵ لە ئەدەبیاتی ئەرمەنیدا بەردەوام دەردەکەوێت، لەم حاڵەتەدا ئەدەبیاتی ئەرمەنی - ئەمریکی. نکۆڵیکردنی تورکیا لە تاوانەکە هۆکاری ئەم خولیا و نیگەرانییەیە. پاشان، وێنەی ناڕوونی نیشتمانێکی ونبوویش هەیە کە هەستێکی بێبەشی تەنانەت لای ئەوانەش کە زۆرترین ئاوێتەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکیدا هەبوو و هەروەها لە ڕووی کولتووریشەوە نەوەی ئێستاشدا دەگیرسێنێت. ئەدەبیاتی جینۆسایدی ئەرمەنی - ئەمریکی، چ پەخشان و گێڕانەوە بێت یان شیعر، گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، بیرەوەری - ڕەنگدانەوەی پێکەوە گرێدانی جینۆسایدی ئەرمەنی و وێنەی خودشوناسیی ئەرمەنە ئەمریکییەکانە.
ئاوڕدانەوەیەک بۆ ڕابردوو و گەڕان بە دوای ڕەگ و ڕیشەدا، بە واتایەکی تر، پەیبردن بە ناسنامەی نەتەوەیی و هەستکردن بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ مێژووی هاوبەشی ئەندامانی تری گرووپەکە قووڵتر بووەوە لە ژێر کاریگەریی ئاڕاستە و ڕەوتێکدا لە ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، بەتایبەتی لە ناو ئەمریکییە بە ڕەچەڵەک ئەفریقییەکاندا سەریهەڵدا. کولتووری ئەمریکیی ئەو سەردەمە ئاسانکاریی بۆ پەیوەستبوون بە گرووپ و سوناسەوە دەکرد. دیارە ڕابردووی ئەرمەنەکان پەیوەست بوو بە کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنەوە، کە بوو بە سەرچاوەی تێگەیشتن لە خود و بەئاگابوون و پێکهێنانی شوناس. هاندەر و پالنەری پشت ئەم پرۆسەیەش یادەوەرییە ترسناکەکانی کۆمەڵکوژییەکان و نۆستاڵجیا بوو بۆ نیشتمانی دایک، یان نیشتمانی لەدەستچوو، هاوکات ئازاری ئاوێتەبوون و خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانی نوێ کە سەرتاپا ڕۆژنامە و چاپەمەنیی ئەرمەنەکانی ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کانی گرتبووەوە. هەرچەندە ئەم ئەدەبیاتە زۆرتر بە دوای بەها جوانەکاندا دەگەڕا، بەڵام وەک سەرچاوەیەکی زانین و ئیلهامێک کاری دەکرد کە نەوەی گەورەبووی ئەمریکای بە ڕابردووی ئەرمەنەوە دەبەستەوە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ڕزگاربووانی نەوەی دووەم تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی گواستنەوەی بێدەنگیان گێڕا، هەندێ جار بە شێوەیەکی پاسیڤ، هەندێ جاریش بە دوودڵی وەک پەیوەندییەک لە نێوان دایک و باوکیان و نەوەی دوای خۆیان. ئەوانیش دەبوو لەگەڵ ئاڵەنگارییەکانی جیهانی نوێدا ڕووبەڕوو ببنەوە. ئەوان بارگرانیی مانەوە لە ژیاندا گرفت و گرێی دەروونیی زۆری بۆ دروستکردبوون کاتێ خەباتیان دەکرد بۆ پێشکەوتن و سەلماندنی خۆیان لە بەرامبەر بە "شکستی" باوانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنە و سەرکۆنەی باودا. دەیڤید خێردیان لەبارەی دایکییەوە دەنووسێت "قوربانییەکی ئەمریکی کە لە جینۆسایدی تورکیا ڕزگاری بووە" (خێردیان، ١٩٧٠).١ بێگومان ڕزگاربووان چەندە هەوڵی دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست و دڵخۆشکەریان دەدا، دوور لە گرێ و گۆڵی ڕابردوو، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان تێیدا گەورە بن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. یان لە حاڵەتەکانی تردا ئەم منداڵانە لە چیرۆکە کارەساتبار و دڵتەزێنە بێکۆتاییەکانی دایک و باوکیان بێزار بوون، بۆیە گوێی خۆیان لێ کەڕ کرد و خواستی دایک و باوکیان بێدەنگ کرد بۆ سووککردنی بارگرانیی یادەوەرییەکان بە قسەکردن بە ئاشکرا و گێڕانەوەی ئەزموونە ئازاربەخشەکانیان. ڤیکتۆریا دەگێڕێتەوە کە بە دایکی گوتووە: "دایکە، ئەگەر بە ئینگلیزی لەگەڵم نەدوێیت ئەوە بە هیچ شێوەیەک قسە مەکە و لەبەر ئەوە دایکم قسەی نەدەکرد" (فۆستۆن ٢٠٠١: ٩٨). لە هەموو حاڵەتێکدا، تەنانەت ئەگەر ئەم منداڵانە لە ڕابردووی ئازاربەخشی دایک و باوکیان دوور بخرایەنەوە یان دایانبڕیبن، بەڵام مۆرک و ئاسەواری دەروونییان هەر بەسەرەروە دەما و یادەوەریی مێژووییان هەر بۆ بۆ دەگوازرایەوە.
لە نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ئێمە شایەتحاڵی زیادبوونی بەرچاو بووین لە نووسینی یاداشتنامە و بیرەوەریدا. دوای چەندین دەیە لە کاردانەوەی دەستبەجێ بە زمانی ئەرمەنی، ڕزگاربووان لە تەمەنی پیریدا، بە هاندانی منداڵەکانیان، دەستیان کرد بە نووسین:
بیرەوەرییەکانی کیرۆپ بێدۆکیان بە ناوی "هەندێک لە ئێمە ڕزگارمان بوو" (١٩٧٩)، لە ڕوانگەی ناوازەی کوڕێکی تەمەن نۆ ساڵانی سیڤاسەوە، کە چاودێریی جیهانی پڕ ترس و تۆقینی دەوروبەری دەکات. بیرەوەرییەکانی ئەلیس مۆگەردیچیان شیپلەی "بەپێیان ڕۆیشتین، پاشان ڕامانکرد" (١٩٨٣)، هەڵهاتنێکی نائاسایی لە ترسناکی و دڕندەییەکانی تورکیا دەگێڕێتەوە، لە زێدی خۆی لە دیاربەکرەوە بۆ خاربێرت، دەرسیم، ئەرزینجان و ئەرزڕووم، پاشان بۆ تبیلیسی، باکو و ئەستراخان، بەرەو سەرەوەی ڕووباری ڤۆڵگا و بەسەر زەریای جەمسەری باکوور و دەریای باکووردا تا گەیشتینە بەریتانیای مەزن و ئازادی.
کتێبەکەی جۆن میناسیان، "هێشتا گرد و چیای زۆر ماون بۆ سەرکەوتن پێیاندا"، لە نووسینی جۆن (هۆڤهانس)ی خەڵکی گورون و سیڤاس، ئیلهامێکی لە قسەکانی زیندانییەکی بەساڵاچوو لە زیندانێکی تورکیا وەرگرتووە: "ڕەنگە ئێمە ڕزگار نەبین و لە ژیاندا نەمێنینەوە، بەڵام نەوەی ئێوە پەیام و ئەرکێکی هەیە" (میناسیان 1986: 3 - 4). بەڵێ بانگەواز و ئەرکێکە بە گوێی جیهاندا بدرێت.
بێرتا (بەرجوهی) نەقشیان کەچییان چیرۆکەکەی خۆی لەسەر داوای کوڕ و کچەکەی نووسیوە، "لە سێبەری قەڵادا: جینۆساید لە یادەوەریدا". لە پێشەکیدا نووسیویەتی: "ئێمەی ڕزگاربووان شایەتحاڵی زیندووی جینۆسایدی ئەرمەنین کە لە لایەن تورکەوە ئەنجامدرا. ئەوەی لەو کاتەدا بە نووسین و وێنە دۆکومێنت کرابوو ئێستا ڕەتدەکرێتەوە و نکۆڵیی لێدەکرێت" (نەقشیان کەچییان، ١٩٨٨: ٩). بۆیە ئەو خانمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نکۆڵیکردنە نووسیویەتی، پێی وایە "ددانپێدانان بە تاوانەکەدا قوربانییەکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵام هەنێک لە ئازاری زیندووەکان کەمدەکاتەوە" (نەقشیان کەچییان، ١٩٨٨: ١٠).
هۆڤانیس موگردیچیانی خەڵکی لاپاجلی (باغچە) بیرەوەرییەکانی بە زمانی ئەرمەنی نووسیوە و کوڕەکەی، پۆڵ مارتن، لە ژێر ناوی "بۆ ئەرمەنییەکان بە خۆشەویستییەوە: بیرەوەرییەک لە نیشتمانم" وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. پۆڵ مارتن پێیوابوو، "لەپێناو منداڵ و نەوەکانماندا، دەمانزانی کە دەبێت وەشانی ئینگلیزیی هەبێت" (موگردیچیان، ١٩٩٦: ١٧١ - ١٧٣).
لە ڕێگەی ئەم بیرەوەرییانەوە - کە تەنیا چەند نموونەیەکیان لێرەدا باسکراوە - دەنگی نەتەوەی کۆمەڵکوژ کراو و ئازارچەشتوو دەبیستین. هەر چیرۆکێک لەمانە ئەزموونێکی ژیان دەگێڕێتەوە کە بە گشتی لەوی کەسانی تر دەچێت، بەبێ گوێدانە سەرچاوەکەی - جا چ لە سیڤاس، خاربێرت، ئەرزڕووم، حوسەینیگ، مەزرێ، یان هەر شوێنێکی تر بووبێت. لە هەمان کاتیشدا، وردەکارییە ناوازەکانی چیرۆکی هەر نووسەرێک گۆشەیەکی تاریکی جینۆسایدی تراجیدیی ئەرمەنەکان ڕووناک دەکاتەوە: گەشتێکی پڕ لە ئازار و ئەشکەنجە، یەکەم بەریەککەوتن لەگەڵ بینینی تەرمی بۆگەنکردوو، نیشانەیەکی شوومی چارەنووسی نزیکی کۆتاییان، پاشان ئەو دز و جەردانەی کە هەر شتێکیان پێبوو بۆ خۆیان زەوتیان دەکرد، ئەو باندانەی کە جەستە و تەرمی منداڵە بچووکەکانیان دەپڵیشاندەوە، کچە جوانەکان دەڕفاند، دەستدرێژییان دەکردە سەر کچان و ژنانی گەنج و پیریش و تەنانەت خودی تەرمەکانیش، سکی ژنە دووگیانەکانیان هەڵدەدڕی و کۆرپەلەکانیان بە ئاسماندا هەڵدەدا یان بە بەردیاندا دەکێشان و پانیان دەکردنەوە و قوربانییەکان بە دەم ترس و ئازارەوە هاواریان دەکرد و دەیانزریکاند و لێیان داپاڕانەوە بۆ ئەوەی بەزەییان پێیاندا بێتەوە، باندەکانیش بە خۆشحاڵییەوە تەماشای هەموو ئەم دیمەنانەیان دکرد یان لە باشترین حاڵەتدا بێباک بوون لە ئاستیاندا، یان تەنانەت خۆیشیان بەشداریی کوشتارەکەیان دەکرد. ئەم چیرۆکانە خوێندنەوەیان ئاسان نییە. ئەم دیمەنە ترسناک و تۆقێنەرانەی کوشتن و ئەتککردن بەوپەڕی خوێنساردییەوە و منداڵانی برسی و زەندەقچوو و ئەو بەدڕەفتاری و خراپەکارییەی ئەفسەرانی تورک دەیاننواند کاتێ کە پڕیان بە کچە ئەرمەنییەکاندا دەکرد و دەیانماشینەوە، بەسن بۆ ئەوەی خوێنەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بخەنە حاڵەتی خەمۆکی و شڵەژانەوە. وەک کافکا دەڵێت: " ئەمانە کتێبن، وەک ناڕەحەتییەکی سەختی دەروونی دێنە لای ئێمە و بە توندی ئازاری ناخمان دەدەن، وەک مردنی کەسێک کە لە خۆمان زیاتر خۆشمان دەوێت، وەک خۆکوشتن"(ڕۆزنفيلد 1988: 18).2
ئەدەبیاتی جینۆسایدی نەوەی یەکەم، شانبەشانی شایەتحاڵی زارەکی یان نووسراو، وەک کەرەستەی خاوی ئیلهامبەخشن بۆ کاردانەوەی ئەدەبی لە لایەن نەوەی دووەم و سێهەمەوە و گۆڕدرا بۆ یادەوەرییەکی داڕێژراو و ڕێکخراو یان ڕۆمان و تەنانەت شیعرێکیش کە فۆرم و شێوازێکی دیاریکراوی هەبێت، کە بە خاسییەتە هونەرییەکانی نووسەر و خەیاڵی دەوڵەمەندی ڕازێنرابێتەوە.
ڕۆمانی "گەشتەکان"ی پێتەر نەجاڕیان (١٩٧١) شانۆی ململانێی ئازاربەخش و هەوڵی ئاشتەوایی نێوان ڕابردوو و ئێستایە. لێرەدا ڕابردوو هەمیشە ئامادەیە کە بەردەوام فشار دەخاتە سەر ئێستا و هەوڵی کارەکتەرەکان شکست پێدەهێنێت بۆ زاڵبوون بەسەر بەدبەختی و ناخۆشیدا، بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خۆیان و ڕاهاتن لەگەڵ وڵات و نیشتمانی نوێیاندا. هەروەها ڕۆمانی "کچانی یادەوەری"ی نەجاڕیان (١٩٨٦) دیسانەوە گەڕانێکە بۆ ناسنامە و هەوڵێکە بۆ دەستگرتن بە یادەوەریی جینۆسایدەوە. گفتوگۆ و بیرەوەرییەکانی نێوان کۆمەڵێک پیرەژنی ئەرمەنی کە لە تەمەنی گەنجیدا ئەزموونی جینۆسایدیان کردووە و پاشخان و ئاسەواری مێژووی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەڕەخسێنن.
بە هەمان شێوە دەیڤید خێردیان یەکێک لە سەرەتاییترین نموونەکان دەهێنێتەوە: "ڕێگا لە ماڵەوە: چیرۆکی کچێکی ئەرمەنی" (١٩٧٩)، باسێکی کاریگەرە لەبارەی ڤێرۆن دومێهجیانی گەنج، دایکی دەیڤید و مانەوەی پەرجوو ئامێزی. "ئەفرۆنیا: چیرۆکێکی خۆشەویستیی ئەرمەنی" (١٩٩٤) نموونەیەکی ترە. بیرەوەرییەکەی ئەفرۆنیا کاچادۆریان کە نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕەیە، لە لایەن کوڕەکەیەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و دواتر لە لایەن بووکەکەیەوە، ستینا کاچادۆریان، کە غەیرە ئەرمەنی بوو گۆڕدرا بۆ کارێکی ئەدەبیی خەیاڵیی جوان و چیرۆکێکی خۆشەویستیی لێ بەرهەمهێناوە.٣
ئەوجا وردە وردە، دوای مردنی دایکەکە و لە ڕێگەی یادگارییە بچڕبچڕەکانەوە کە لە دوای بەجێمابوو، یان بە هۆی سەرنجدانێکی نوێ و ئەو ڕێزگرتنە ئاساییەی کە دەخزێتە ناو دڵی کەسێکەوە بەرانبەر یەکێک لە دایک و باوکی کۆچکردوو، کوڕ یان کچەکە تەواوی مەودای سەرچاوەی ئەو ئازار و حاڵەتە دەروونییە نادیارەی دۆزییەوە، کەوا باری شانی دایکی هێندە قورس کردبوو.
چیرۆکی "کچێکی هەتیو لە ناو لمدا" (١٩٩٥)ی ڤەرجینیا هارۆتونیان، چیرۆکی دایکی نووسەرە، کە تەنها لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیدا ئەزموونی لێقەومانە تاڵەکەی لە سەردەمی جینۆساید و دوای جینۆسایددا بۆ کچەکەی گێڕاوەتەوە. هەروەها چیرۆکی کچەکەیە، کە لە ڕەفتارە سەیر و نامۆکانی دایکی بێزاری و ناڕەزایی دەربڕیوە، کە بە درێژایی ژیانی هەوڵی ڕاهاتن و خۆگونجاندنی لەگەڵیدا داوە و لە کۆتاییدا زانیویەتی تومەس ئەوە جینۆساید و لێکەوتەکانیە کە بووە بە هۆی ئەو ڕەفتارە نامۆ و نادیارانەی ژیانی دایکی و ئەمیشی تێکدابوو.
دەیڤید خێردیان باس لە هەمان ئەزموون دەکات لەگەڵ باوکی (١٩٧٠):
بۆچی تا مردنی تۆ چاوەڕێم کرد
بزانم ئەو زەوییەی کە تۆ هەڵیدەگێڕیتەوە ئەرمینیا بووە، ڕەنگی پەرژینەکە
ڕێز و شکۆ دانانی بۆ ئەدەنە و گلەیی و سکاڵاکانی ترت
لە گلەیی و سکاڵاکانی من، بیرکردن و پەرۆشیت بوو بۆ نیشتمان
هۆکاریش زمانە ئینگلیزییەکەی من هێنایە ئاراوە.
(خێردیان 1970)4
خێردیان لە چامە شیعرێکی تریدا دیسانەوە باسی باوکی دەکات کە "هەمیشە لە کاتی گەڕانەوەی لە قاوەخانەکەی ڕاسین، نیگا و بۆنێکی جیاوازی لەگەڵ خۆی دەهێنایەوە بۆ ماڵ:
ساڵانێک دواتر، بە خوێندنەوەی چیرۆکە شکۆدار و
تاڵ و شیرینەکانی نووسەری ئەرمەنیمان لە کالیفۆرنیا5
کە وەک مێرمنداڵێکی ڕۆژنامەفرۆش
سەردانی قاوەخانەکانی فرێسنۆی کردووە،
تێگەیشتم کەوا ئەم کافێیانە ئازار و هیوا تێکشکاوەکان و پڕ ئازارەکانی
گەلە هەتیو کەوتەەکەی منیان لەخۆگرتووە.
(خێردیان ١٩٧٠)
ئاگۆپ هاجیکیان کاتێک لە ئەستەنبوڵ گەورە بوو، زۆر کەمی لە ڕابردووی ئەرمەنەکان دەزانی. دایک و باوکی کە هەردوکیان ڕزگاربووی جینۆساید بوون، بێدەنگ بوون و هۆکارەکەیان، وا دیارە نەک تەنیا دەروونی بەڵکو سیاسییش بوو. ڕژێمی نوێ لە تورکیا بە سەرکەوتوویی یادەوەریی مێژوویی هاووڵاتیانی خۆی سەرکوت کردبوو. بەڵام بێدەنگی بەرچاو و ناوبەناو ئاماژەکردن بە ئاکسۆر aksor(بە واتای دەربەدەربوون، وەک ڕزگاربووان ئاماژەیان بە ڕاگواستنەکە کردووە) هۆکارێک بوون کە هاجیکیانیان هان دا بۆ نووسینی زنجیرەیەک ڕۆمان دوای دەیان ساڵ و سەرەتا بە" تۆماس" (1970) و "Eté sans aube" کە بە ئینگلیزی بە ناوی "هاوینێک بەبێ بەرەبەیان" (2000) وەرگێڕدراوە. لێرەدا کورتەی ئەو وەڵامانەی تێدایە بۆ هۆکاری ئەوەی کە ڕوویدا و لە سەر دیواری زیندانێکی تورکی هەڵکۆڵراوە: "دادپەروەرەکان بە هۆی ڕەگەز و زمان و باوەڕەکەیانەوە مەحکووم دەکرێن و لێرەدا چاوەڕێی مردنیان دەکەن" (هاجیکیان ٢٠٠٠:١٤٢).
هێلین پیلیبۆسیان دەزانێت کە بەرهەمی ئەزموونی زەبربەخشی دایک و باوکیەتی لەگەڵ نیشتمانی دایکدا، کە لە نائاگاییدا ئامادەیە. لە یەکێک لە کۆمەڵە شیعرەکانیدا بە ناونیشانی "پێچەکانی مێژوو: ئەرمەنییەکان" (٢٠٠٨) بە ڕێگا سەخت و هەڵەتەکانی مێژووی ئەرمەنستاندا دەڕوات "لەگەڵ چیرۆکەکانی بیابانی دێرەزوردا (دیرالزور) لە ڕۆژگارێکی دوور دوورەوە" دەیباتە پێچاوپێچی "خواستی تێکەڵ و ئاڵۆسکاوی تورک" و "تۆڕی بێڕەنگی جاڵجاڵۆکە"ی پیشان دەدات کە مانەوەی ئەو نەتەوەیە یادکردنەوەی لەسەر بنیات نراوە.6
بەم ڕێگەیە یان بەویان، تەواوی میللەت کاریگەرییەکانی قوربانیدانیان هەڵدەگرت. بۆ دیانا دێر هۆڤانیسیان، هەموو ئەرمەن ڕزگاربووی جینۆسایدن. گرنگ نییە مرۆڤ لە ڕێپێوانەکانی مەرگدا ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستداوە یان نا. ئەو دەنووسێت:
ئێمە منداڵی دێرەزورین
هەرچەندە دایکت منداڵێکی ساوا بوو لە وۆرسێستەر و سەلامەت بوو
(وۆرسێستەر: ناوی دوو شارە لە بەریتانیا و ئەمریکا - وەرگێڕ)
باوکیشت سەربازێکی گەنج بوو لە چیاکانی موراد
تۆیش دوای نەوەیەک لەدایک بوویت،
. . . . . . . . . . . . . . . . . . . . .
تەنانەت بەبێ ئەوەی یەک خزمیشت
لە کاتی ڕێپێوانەکەدا لە ژیاندا نەبووە،
یان لە ڕێپێوانەکەدادەرباز بووە. ئێمە منداڵی دێر زۆرین.
ئایا دەکرێت؟
(دێر هۆڤانیسیان، ١٩٨٧)٧
ئیلی ڤایزڵ دەڵێت: "بەڵێ، مرۆڤ دەتوانێت هەزار میل لە دووریی پەرستگاکەوە بژی و ببینێت کە دەسووتێت. هەروەها دەتوانێت لە ئاوشڤیتز بمرێت لە دوای ئاوشڤیتز" (بێرگەر و بێرگەر ٢٠٠١: ١).٨ کاریگەرییە دەروونییەکانی نەوە دوای نەوە دەتوانێت تێڕوانین و تاکایەتیی نەوەکانی دواتر لە قاڵب بدات و ڕەنگە ئەوەندە قووڵ و کاریگەر بێت کە هەستی مردن لە دێرەزور بەرهەمبهێنێت بەبێ ئەوەی کەسەکە لەوێ بووبێت.
بارگرانیی یادەوەرییە دڵتەزێنەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی کاریگەر گواسترابووەوە، چونکە بە تەواوی لەگەڵ کەشوهەوای خێزان و پەیوەندیی دایک و باوک و منداڵەکانیان دەگونجێت کە ئەو نەوەیەی لە ڕزگاربووانی جینۆسایدەکە لەدایک بووە ئەزموونی کردووە. ئەنجامەکەشی بەرهەمێکی بچووک بەڵام بەنرخ بوو لە ئەدەبیاتی جینۆسایددا. کاردانەوەکانی نەوەی سێیەم لە دووریی کات و شوێنەوە بەبێ ئەزموونی ڕاستەوخۆی جینۆساید، بە پاڵنەری ئازارێکی بە میرات بۆمانەوە یان ڕابردوویەکی لەناکاو دۆزراوەوە داڕێژراوە، کە کاریگەریی فاکتەرە جیاوازەکانی کولتووری، ئایینی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەڵدەگرن و لە چوارچێوەی ئاستە جیاوازەکانی لێهاتوویی و تێگەیشتن لە شیعرییەتی جینۆسایددا. ئەم کاردانەوانە بە پاڵنەری جۆراوجۆر هەوڵی دەرچەیەک دەدەن بۆ سووککردنی ئەو ئازارەی نەوە لە دوای نەوە بە میرات ماوەتەوە، یان هەوڵ دەدەن کەوا زۆرترین بەڵگەی واقیعی بسەلمێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نکۆڵییەکان یان نائومێدیی بەردەوامی نووسەرەکە دەردەبڕن لە ستەمی نەبڕاوەی نادادپەروەری و بێدەنگیی جیهان. نادادپەروەری و پیلانگێڕی و بێدەنگیی جیهان. بە هەموو پێوەرێک، ئەم وەڵامانە دەنگدانەوەی دەروونیی بەکۆمەڵی نەتەوە دەگرێتەوە کە بە هۆی توندوتیژی، ئازاری پەرشوبڵاو بوونەوە، کاریگەرییەکانی لۆمە و گوناهبارکردنی خود، گەڕان بەدوای ناسنامە یان ململانێی ڕووبەڕووبوونەوەی جووت شوناسی، کاریگەرییەکانی ڕۆڵی ڕابردوو و ئێستای تاوانباران و تەماشاکەرانی جیهان.
بۆ ڕوونکردنەوەی دید و بۆچوونی خۆم، لێرەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر سێ نموونەی پاڵنەر و ئامانج سەبارەت بە نووسەرانی نەوەی سێیەم.
ئەرکێکی خۆبەخۆ
کارۆڵ ئێدگاریان لە کتێبی "هەڵسانەوەی فورات"دا (١٩٩٤)، زیرەکانە ڕاستییەکانی جینۆسایدی ئەرمەن و ئەزموونی زەبربەخشی نەوەی ڕزگاربووان لەگەڵ ئەو سەرنجڕاکێشانە و چەژ و دەرفەت فرەڕەهەندیی کولتوری ئەمریکی تێکەڵ دەکات کە دەکرێت پێشکەشی هەرزەکارانی ئەرمەنی نەوەی سێهەمی بکات (ئێدگاریان، ١٩٩٤). لە کارەکانی ئێدگاریاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەم نەوەیەی ئەرمەنی لەدایکبووی ئەمریکا چەندە بە قووڵی لەگەڵ کولتوور و شێوازی ژیانی ڕەوتی سەرەکیدا ئاسیمیلە بووبێت (توابێتەوە - و) و چەندە لە ڕابردووی ئەرمەنی دوور کەوتبێتەوە، بەڵام هێشتا هەر شوێنەواری برینەکانی جینۆسایدەکەی هەڵگرتووە. هەڵبەت کارەکانی ئەم خانمە نووسەرە وەک قەڵایەکی قایم لە دژی نکۆڵیکردن وەستاوەتەوە.
مای ئێم دێرداریان بە دەنگی داپیرەی قسە دەکات، خەیاڵ و لێهاتوویی هونەریی خۆیدەخاتە سەر بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی هونەری"ڤێرجین: ڕزگاربوویەک لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان"، کە بەپێی بنەمای بیرەوەرییەکی ڤەرجینیا مێغرونی دروستکراوە. پاڵنەری نووسەر بۆ دەستپێکردنی پرۆژەیەکی وەها قورس، تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکی داپیرەی نەبوو، بەڵکو، "خۆ نوقمکردنی خوێنەر بوو لە چیرۆکەکەیدا و پووچەڵکردنەوەی ئەو پێداچوونەوەیە مێژووییانەی کە ئینکاری ڕاستییەکانی هۆڵۆکۆستی ئەرمەن دەکەن و دەیانشێوێنن". ئەو بە چیرۆک و بەسەرهاتەکەی هاوار دەکات بۆ جیهان و بۆ نکۆڵیکەران" من لەوێ بووم! شایەتحاڵ بووم! قوربانی بووم!" (دەرداریان ١٩٩٦).
"هێڵەکان بە ناو لمدا"، ڕۆمانێکی تۆماس ئە. ئۆهانیانە، بە ناونیشانێکی لاوەکییش "عەشق، کارەسات و جینۆسایدی ئەرمەنییەکان"، کە بەپێی تێبینیی نووسەر "بەرهەمێکی گێڕانەوەیە لە پاشخانی مێژوودا". ئەوە وێاکردنی جینۆسایدی ئەرمەنە لە شێوەی خەیاڵدا و تێیدا کەسایەتییە گشتییەکان لە ڕۆڵی مێژوویی خۆیاندا دەردەکەون لە کاتێکدا کارەکتەرە خەیاڵییەکان دیمەنەکە پڕ دەکەن لەگەڵ پەرەسەندنی چیرۆکی وێرانکەری جەنگی جیهانی یەکەمدا. جێگای سەرنجە، ڕۆمانەکە بە بیرهێنانەوەی لێدوانەکەی هیتلەر کۆتایی دێت، کە ئەمڕۆ لەناوبردنی ئەرمەن بیردێنێتەوە و هەواڵی کوشتنی جوولەکە بە گوێی ئامادەبوواندا دەدا و پاشان ناوبڕێکی تر: "هێڵە ڕەشە بچووکەکانی هەواڵی ڕۆژنامەکان بوونە ئەو شەمەندەفەرانەی کە جوولەکەکانیان هەڵگرتبوو، بە ناو دارستانە چڕەکاندا دەجووڵان و ئەو لقانەیان دەشکاند کە کەوتبوونە سەر بەفرەکە. لەگەڵ لاربوونەوەی پێچکەکان بە سەر هێڵە ئاسنەکەدا شەمەندەفەرە پێچکردووەکە بوو بەو خەڵکانەی کە دەجووڵان و بە بیاباندا ڕێیان دەکرد و ڕیزەکانیان بووبوو بە هێڵ لە ناو لمدا" (ئۆهانیان ٢٠٠١: ٣٠٠). ئاشکرایە کە ئەم ڕۆمانە بیرخستنەوەیەکە بۆ جیهان کە لەبیرچوونەوەی دڕندەییەکانی ڕابردوو باشترین هاندەرە بۆ ڕوودانی دڕندەیی تر لە داهاتوودا.
مەریەم مەنوکیان و کچەکەی، ئەلیزای تەمەن ١٣ ساڵ، ئەرکێکی جیاوازیان هەبوو کاتێ دەستیان کرد بە هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی ئەو بیرەوەرییانەی کە هیرانوشی داپیرەی ماریام بەجێی هێشتبوون کاتێ تەمەنی ١٣ ساڵ بووە و لە گێژاوی بەرگریکردن لە وان و گەشتە پڕ ئەشکەنجە و ئازارەکەی تەواوی دانیشتووان بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا لە کاتی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا گیریانخواردبوو: "لەودیوی چیا ئاراراتەوە، چیرۆکی شارێکی لەناوچوو" (٢٠٠٥). ئەم تیمی دایک و کچە مەبەستیان بوو بۆ خوێنەری گەنجی ئینگلیزی زمان بنووسن بۆ ئاشناکردنیان بە مێژووی ئەرمەن و جینۆساید.
دۆزینەوەیەکی لەناکاوی ڕابردوو
کتێبی "سەگی ڕەشی چارەنووس" لە نووسینی پیتەر باڵەکیان (١٩٩٨) نموونەیەکی نایابە بۆ گەشتێک لە ڕابردوودا دوای دۆزینەوەی لەناکاوی نهێنییەکی خێزانیی بەستراو بە جیهانی کۆنەوە. ئەمەش پاڵنەرێکی باڵەکیان بوو بۆ ئەوەی مێژووی جینۆسایدی ئەرمەن تۆمار بکات. ئەنجامی کارەکەش تێکەڵەیەک بوو لە بیرەوەری و بەڵگەنامەسازی و بووە بە سەرچاوەیەکی بەهادار و سەرنجڕاکێشی بۆ ئەرمەنەکانی نەوەی نوێ و کەسانی غەیرە ئەرمەنیش. ئەم کتێبە وەک نووسەر خۆی باسی دەکات "بیرەوەرییەکی فرە دەنگ و فرە چینە" کە تێیدا "دۆزینەوەی کەسی و مێژوو تێکەڵ دەبن".9 لێرەدا، پێکهاتەی ئەرمەنی وردە وردە لە بۆشاییەکی بیرەوەریی تەمومژاوییەوە دەردەهێنرێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕەهەندێکی گرنگ لە خودشوناسیی ئەرمەنە ئەمریکییەکاندا.
ئەم تێهەڵکێشە مێژووییانە نموونەی زیندوون بۆ جێگیرکردنی مێژوو و یادەوەری لەگەڵ یەکتردا و لە پاڵ گۆڕانکاریی زەق لە شێوازدا و واقیعییەتی ڕەگداکوتاو لە یەکێکیاندا و ڕازاندنەوەی خەمناکی ئەویتریان، ئەمە جیاوازیی نێوانیان دەردەخات لە داڕشتنی وێنەی جینۆسایدی ئەرمەن لە زەینی خوێنەردا. ئەمە بەهای ناوەکیی خەیاڵی جینۆساید یان شیعری ڕەمزییە بۆ تێگەیشتن لە جینۆسایدی ئەرمەن و وەک کەرەستە و ئامرازە ڕوونکەرەوەی ڕاستییە گشتگیرەکان کە لە ڕەگ و ڕیشەی ڕاستییە مێژووییەکاندا جێگیرن، واقیعە بیرنەکراوەکان دەخاتە چوارچێوەی تێڕوانینێکی مرۆڤانەوە (پێرومیان ١٩٩٦: ٢٢ - ٢٥). زۆرێک لە مێژوونووسان ڕۆڵی ئەدەبیاتی هونەری لە هاوکاریکردنی خوێنەران بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆک و مانای ڕووداوێکی مێژوویی ڕەتدەکەنەوە. یوسف حاییم یەروشالمی بە ناڕەزاییەوە ڕایدەگەیەنێت کە "هۆڵۆکۆست لێکۆڵینەوەی مێژوویی زیاتری لە هەر ڕووداوێکی مێژووی جوولەکەکان بە دوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بە ڕەهایی گومانم لەوە نییە کە وێنەکەی نەک بە سوودی مێژوونووس، بەڵکو لە پۆتەی ڕۆماننووسدا دادەڕێژرێتەوە و لەقاڵب دەدرێت" (لانگەر ١٩٩١: ٥١). ڕەنگە مێژوونووسان لەگەڵ ئەوەدا ناکۆک بن و میتۆدی مێژوونووسیی ڕەتبکەنەوە، بەڵام بەڵگەنامە و ئامار و داتاکان چیرۆکەکە بەتەواوی ناخەنە ڕوو. چونکە بەبێ خوێندنەوەی بیرەوەری و ئەدەبیاتی هونەری و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان ناتوانرێت جیهانی جینۆسایدی ئەرمەن بەتەواوی بەرجەستە بکرێت.
گەشتە سەرسوڕهێنەرەکەی ڤیکی سمیس فۆستۆن بۆ ناو ڕابردوو نموونەیەکی ترە. ئەو دەست دەکات بە پەردەلادان لەسەر نهێنییەکی خێزانی کە بە باشی پارێزراوە و نیو سەدە پێشتر خۆکوشتنی داپیرەی، ڤیکتۆریا (کە هاوناوی خۆیشیەتی). فۆستۆن لە درێژەی لێکۆڵینەوە وردەکەیدا، ئەو ڕاستییە سەرسوڕهێنەرەی بۆ دەردەکەوێت لەبارەی ڕەگ و میرات و پێشینەی خۆیەوە. بە پێچەوانەی ئەو زانیارییە درۆیانەی کە بۆی دەگوازرێتەوە سەبارەت بەوەی باپیرەی باوکی فەرەنسییە و خێزانی دایکی لە ئیتاڵیاوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆی دەردەکەوێت کە باوباپیرانی لە مووشەوە هاتوون کە ئەرمەنی خوێن پاکن و لە چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا لە ساڵانی ١٨٩٤ - ١٨٩٦ ڕزگاریان بووە. کتێبی "نهێنیی ڤیکتۆریا: پیلانگێڕییەکی بێدەنگی" (٢٠٠١) باس و گێڕانەوەی ڕزگاربوویەکی جینۆساید نییە، بەڵکو چیرۆکی خێزانێکی کۆچبەرە کە تێیدا ململانێی نێوان لەبیرکردنی ڕابردوو و ئاسیمیلەبوون بە کۆمەڵگە لە لایەک و پابەندبوون بە ناسنامەی نەتەوەیی و نەریتەکان لە لایەکی ترەوە، شەڕی خێزانیی دروست دەکات کە بە شێوەیەکی مەترسیدار قووڵتر دەبێتەوە. هەرچەندە ئاسیمیلەکردن ئامانجی بنەڕەتییە، بەڵام شانازیی نیشتمانی و هۆشیاریی نەتەوەیی، لە کردەوە و ڕەفتارەکاندا، لە پرۆژەیەکی خێزانیدا، لە کارێکی هونەریی بەکۆمەڵدا، تابلۆیەکی بە مووروو چنراوی دایکی ئەرمینیا کە بەسەر وێرانەکانی نیشتماندا ماتەم دەگێڕێت و دەلاوێنێتەوە، یان لە تابلۆیەکی خەڵووز ئەرمینیا کە چیای ئارارات لە پێشەوە بێت، خۆیان دەردەبڕن و دەبیننەوە.
لە درێژەی هەوڵەکانی فۆستۆندا، چیرۆکی گەلی ئەرمەن و پرۆسەی لەناوبردنی دانیشتووانی ئەرمەن لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا دەردەکەوێت. بەڵام ئەم چیرۆکە لاوەکییە لە چوارچێوەی چیرۆکە سەرەکییەکەدا دەرفەتی گەشەکردنی پێنادرێت. چونکە بە هەڕەمەکی و لە شێوەی بیرهێنانەوەی نەریتێکدا ئەنجام دەدرێن کە لە لایەن دایکیەوە، داپیرە گەورەی فۆستۆن، بۆ داپیرە نهێنییەکەی نووسەرەکە گواستراوەتەوە. ئەم بڕگانە کە تا ڕادەیەک وەک وانەکانی مێژوو دەردەبڕدرێن کە نووسەر خۆی فێریان بووە، خۆشبەختانە تا ڕادەیەک کورتن و زۆر لە پێکهاتەی پتەوی ڕۆمانەکە کەم ناکەنەوە. تێبینی دەکرێت هەمان تەکنیک لە رۆمانی "سەگی ڕەشی چارەنووس"ی پێتەر باڵەکیان (١٩٩٨)دا، ڕەوتی نەرمی گێڕانەوەکە دەشکێنێت.
بیرەوەرییەکان زیاتر جێی متمانە دەبن و بە شێوەیەکی نەرم و سروشتیتر دەبن کاتێ فۆستۆن پشت بە یادەوەرییەکانی ڕزگاربووانی جینۆساید دەبەستێت، لەوانەی کە لە شاری فرێسنۆ دەژیان و زۆرجار ژن و منداڵی پەنابەر لە شەقامەکاندا کۆدەبوونەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکانیان لەبارەی برسێتی و دەستدرێژی و کوشتن و دەرد و ئازارەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێداگری و ئیرادەی خۆیان بۆ مانەوە. ڤیکتۆریا، داپیرە نهێنییەکەی فۆستۆن، لە گۆڕەکەیەوە دەڵێت: "من لەم چیرۆکانەدا نوقم بووم وەک ئەوە وایە کە هی خۆم بن" و بەردەوام دەبێت، "دڵنیام ئەم کۆمەڵە خێزان و هاوڕێیانە درکیان بە مەودای کاریگەریی ئەم وێنانە نەکردووە لەسەر ژیانم" (فۆستۆن ٢٠٠١:٩٥). ئەم ڕستە سەرەکییە واقیعی کاریگەرییە دەروونییە بەربڵاوەکەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەرجەستە دەکات نەک تەنها بە مانای گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، بەڵکو بە مانای بڵاوبوونەوەی ئاسۆییش دێت، واتە ئەو ئەرمەنانەش دەگرێتەوە کە ژیانیان ڕاستەوخۆ کاریگەر نەبووە بە کارەساتەکە.
میشێلین ئاهارۆنیان، مارکۆم، لە ڕۆمانەکەیدا "سێ سێو لە ئاسمانەوە کەوتنە خوارەوە" (٢٠٠١) شایەتیی ئەوە دەدات کە دایکی لە بەیروت لەسەر چیرۆکەکانی جینۆساید گەورە بووە. "دوای نیوەڕۆکان لە سەردەمی منداڵیدا بە گوێگرتن لە دایکی و خانمەکانی تری گەڕەکەکە بەسەردەبرد کە چیرۆکی ستەمکاری و دڕندەییەکانیان دەگێڕایەوە".10 دایکی میشێلین هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەمریکییەک کرد و بەشێکی بۆ ئەوەی جیهانی کۆن بەجێبهێڵێت ڕووی لە ئەمریکا کرد و بە عادەت خۆی لە باسکردنی ئەو چیرۆکە خەمناک و ئازاربەخشانە بەدوور دەگرت کە لەسەری پەروەردە بووبوو، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی ئاسایی نەوەی دووەم بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناو بە ناو هەندێ ڕستەی لە دەم دەهاتە دەرەوە: “تورکەکان نینۆکیان دەرهێنان و لە بنی پێیەکانیان دەدا... سکی کچانی دووگیانیان هەڵدەدڕی و منداڵەکانیان لێ دەردەهێنان. نەنە [داپیرەی میشێلین] بینیونی کە تا دەمردن نەیاندەهێشت لە ڕێپێوان بوەستن". میشێلین زۆر کەمی لەبارەی خێزانەکەی و مێژووی گەلەکەیەوە دەزانی و دەڵێت ئەوە هۆکارێک بووە کە دەستیکردووە بە نووسینی ئەوەی کە دەبێتە یەکەم ڕۆمانی. "پێویستییەکی لەڕادە بەدەرم هەبوو بۆ زانینی مێژووی خێزانەکەم، بۆ ئەوەی شوێن و ڕێی خۆم بزانم". ئەو دەیویست دنیای پشت ئەو دەستەواژانەی لێرە و لەوێ لەسەر داپیرەی بیستبوونی پڕبکاتەوە، ئەو ژنە ئازایەی کە لە تەمەنی زۆر گەنجیدا ڕێپێوانەکانی مردنی ئەزموون کردبوو و خوشکەکەی و سێ برا لە خۆی بچووکترەکەی ڕزگار کرد و لە بەیروت پەروەردەی کردبوون، دەیویست دەربارەی خاربێرت و مەزرێ بزانێت کە داپیرەی ناوی لێنابوون ماڵ و نیشتمان.
بە پێچەوانەی چیرۆکی ژیانی ڕزگاربووانی تر، کە خەیاڵکرد بوون یان بەردەوام گێڕدراوەنەتەوە، ئەوە کتێبی "سێ سێو لە ئاسمانەوە کەوتنە خوارەوە"، گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ نییە سەبارەت بە مانەوەی ئەناگویل (نانێ)ی داپیرەی میشێلین، بەڵکو تابلۆیەکی ئەبستراکت و ئاڵۆزە کە دەنگی مردوو و زیندووەکان تێکەڵاو دەبن بۆ وەبیرهێنانەوەی تابلۆیەکی ئەبستراکت لە ئازار و مردن. لەم گێڕانەوەی فرە ئاستەدا، تووشی چیرۆکی سەرکیس دەبین کە وردە وردە لە ژێرزەمینە تاریکەکەدا شێت دەبێت کە دایکی لە جل و بەرگی ژنانەدا شاردوویەتیەوە بۆ ئەوەی ئەم دوا کوڕە تاقانەیەی لە جەندرمەکان ڕزگار بکات. ئێمە هاوبەشی هەستی کامیلین، ئەو سەربازە تورکەی کەوا گرفتاری سەرمای زستانی سەختی بەرەی ڕووسیا بووە. کامیل بە ئەرکی خۆی دەزانێت شەڕ بۆ نیشتمانەکەی بکات، بەڵام هیچ ئارەزووی داگیرکردنی خاکی ڕووسیای نییە. ئەو دژی کافرەکان شەڕ دەکات، ئەرمەنە کافرەکانی ئەنەدۆڵ، کە "لە شەڕدا چوونەتە پاڵ دوژمنە سەرسەختەکەمان و هەوڵیان دا لە پشتەوە هێرش بکەنە سەر سوپاکەمان ... ئەوانەی کە لە سایەی سەروەت و سامانی ئێمەدا دەوڵەمەند بوون. ئەوان چاوچنۆک بوون و بازرگانی هەلپەرست بوون. ئەوانە خەنجەر لە پشتی ڕووتمان دەدەن و بە پێی قڵیشاوی ئێمە پێدەکەنن. ئێمە یۆنان و بوڵگاریا و سربیامان بۆ مەسیحییەکان لەدەستدا. ئاخۆ جارێکی تر برایانمان لەدەست بدەین؟" (مارکۆم ٢٠٠١: ١٢٤). کارەکتەرێکی تر ڕاشێڵە کە چیرۆکە خەمناکەکەی شێوازێکی تری دەرد و مەینەتی دەخاتە ناو تابلۆکەوە. چارەنووسی ئەو بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە چارەنووسی هاوناوەکەی دەچێت لە کتێبی پیرۆزدا، کاتێ سوێندی بۆ یاقووب خواردبوو کە "بێ منداڵ و وەچە دەمرێت و هەروابوو لەسەر تەختی منداڵبوون مرد". لە ڕۆمانەکەدا ڕاشێڵ ئاگاداری ئەو نەریتەیە و نوقمی بیرکردنەوەیەکی قووڵ دەبێت و لەم کاتەدا خۆی هەڵدەداتە ناو بیرێکی تاریکەوە و دەمرێت. "چۆن ناوەکەم فشاری خستبووە سەر پێستم، بە قووڵی تا سەر ئێسقان" (مارکۆم ٢٠٠١: ٣٦). ترادیسیۆنی کریستیان و جوو لە زەینی قوربانییەکاندا زۆر زیندووە و لە کاتی مردندا دەبێتە تاکە سەرچاوەی مانا و لێکدانەوە. کاتێک سەرکیس، ئەو گەنجەی لە ژێرزەمینەکەدا خۆی حەشاردابوو، هەوڵدەدات مانا لەو دڕندەییەدا بدۆزێتەوە کە گەلەکەی تووشی دەبن، دیسانەوە لێکدانەوەیەکی کریستیان - جوو بۆ کارەسات لە چەمکی گوناه و سزادا خۆی دێنێتە پێشەوە:
"ئایا ئێمە گوناە و خراپەیەکمان بۆ ئەوەی ئەم چارەنووسەمان تووش ببێت؟" (مارکۆم ٢٠٠١: ٤٦). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکیس پابەند نییە بە هەموو دڵەوە باوەڕ بەو لێکدانەوەیە بکات. تەنانەت ئەگەر خواستی خوداشی لەسەر بووبێت و تورکەکان تەنها جێبەجێکاری ئەو خواستە و ئامرازی سزاکە بن. ئەی باشە ئەوە چییە پاڵیان پێوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی لەو شێوەیە؟ ئاخۆ چەند ڕقیان لە ئەرمەنەکان بێت بۆ ئەوەی بتوانن دراوسێیەک بکوژن کە نانیان لەگەڵیان بەشکردووە، بۆ کوشتنی مەعمیل و کڕیارێکی دڵسۆز کە بەردەوام سەردانی دوکانەکەیان دەکرد، بۆ کوشتنی هاوڕێیەکی خوێندکاری کۆڵێج کە لەگەڵیدا دانیشتبوون و خوێندوویانە، یان پێکەوە سەیری یاریی تۆپی پێیان کردووە، یان شیعری ویتمانیان هاوبەش و ئاڵوگۆڕ کردووە کە هەردوکیان شەیدای بووبوون.
پاشان هاگۆپ، قوربانییەکی دیکەی ستەم و نادادپەروەری، لەگەڵ کەسانی تری وەک خۆی، دەستی بەستراو لە بنکەی پۆلیس وەستاوە، نازانێت بە چ تاوانێک دەستبەسەر کراوە. ئەمە دیمەنێکی ئاسایی بوو لەو ڕۆژانەدا، بەڵام خەیاڵی میشێلین فڕین دەکات بۆ ئەوەی فۆڕمی هونەری ئەبستراکت پێبدات. هاگۆپ گوێی لە چرپەی پیاوەکان دەبێت، "نەک ئەو پیاوە دەست بەستراوانەی کە لە تەنیشتیەوە وەستاون، بەڵکو ئەو پیاوە ئەرمەنییانەی کە چەندین سەدە نیشتەجێی ئەم دۆڵ و هەردە و دەشتانە بوون و پێی وابوو گوێی لە ڕۆحە بێ دەست و پێ بڕاوەکانیان دەبێت لە شەولەناوێکی بەهاریدا پێی دەڵێن: براکەم، ئاخۆ باوەڕ دەکەیت کە چەند هەزار ساڵێک لە مێژوو هیچ جیاوازییەک بۆ پیاوە چەکدارەکان دروست بکات؟" (مارکۆم ٢٠٠١: ١٠٣).
سەرکەوتنی ئەم بیرەوەرییانە کەوا کراونبە ڕۆمان و شیعر و پەخشان و ژانرەکانی تری ئەدەبی جینۆساید دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی کە لە چوارچێوەی نەریت و کولتووری ڕۆژئاوادا بەرهەم بهێنرێن، کە بە تام و چێژ و ئارەزووی ڕۆژئاوایی و ئارەزووی چیرۆکە ترسناکەکان لای ئەوان پەسەندە و شاعیر یان نووسەری نەوەی سێیەم شارەزان لەم چەشنە پێوەرانەدا. هەروەک ئارپینێ کۆناڵیان گرێنیەر دەڵێت، نووسەری نوێ "ڕووبەڕووی کارەسات دەبێتەوە و قبووڵی دەکات و ماتەمی بۆ دەگێڕێت و تێیدەپەڕێنێت". بەڵام دواتر دەشڵێت بەهەرحاڵ: "شتێکی ئاسان نییە ڕووبەڕووبووی هەستەکان ببیتەوە و بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بێ خەوش دەریببڕیت" (گرێنیەر ١٩٩٣: ٢٦ - ٢٧). بەڕاستی ئەرکێکی قورسە، چونکە هەندێک جار مەحاڵە خۆت ڕادەستی لێشاوی هەست و سۆزی سەرکوت نەکەیت. و ئەمەش دەمبات بۆ ڕەگەزێکی تر لە وەڵامەکانی نەوەی سێیەمدا.
لە چنگی ڕابردوودا
لیۆناردۆ ئەلیشان، نووسەری نەوەی سێیەمی ئێرانی - ئەرمەنی - ئەمریکی، هەرگیز نەیتوانی ترجیدیاکەی داپیرەی تێپەڕێنێت، یان باشتر بڵێین هەوڵی تێپەڕاندنی نەداوە، ئەو تراجیدیایەی کە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بوو بە چارەنووسی. بەهێزترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی سەبارەت بە "نەنک" و "شایەتحاڵی ئازارەکانی" ئەون. ئەو هاوبەشی ئازار و مەینەتییەکانیە و بەشێکە لەو ئازارانە: "هەوڵدەدەم ببمە شایەتحاڵی ئەو کارەساتە کە لە ژوورێکی نەخۆشخانەی لەندەن لە ساڵی ١٩٧٨دا گەیشتە لووتکە، کاتی نەنکم لە پێش مردنی سوارە تورکەکانی لە چواردەوری جێگاکەی بینی کە لەسەری ڕاکشابوو. بەڵام، بەداخەوە، من شایەتحاڵ نەبووم. من کارەکتەرێکی گیرخواردووی ئەو شانۆگەرییەم کە هەرگیز، هەرگیز، هەرگیز ناگاتە هاوسەنگیی خۆی" (ئەلیشان ١٩٩٢ :٣٥٢) ئەلیشان بە گیرۆدەبوونی چنگی مۆتەکەی جینۆساید مایەوە. نەنکەکەی، "گایانێ، شەهیدی زیندوو"، وەک ئەوەی وێنای کردبوو، ژیانی و هەست و سۆزی بەڕێوە دەبرد. ئەو لە خەونەکانیدا، لە بیرکردنەوەی کاتی بەئاگابوونیدا، ئامادەگییەکی بەردەوامی هەبوو. لە ڕێگەی داپیرەیەوە بوو، وەک زۆربەی نووسەرانی نەوەی سێهەم، ئەلیشان ئازاری ئەرمەنەکانی دەبینی، کە جینۆسایدە:
لە ناوەندی خەونەکەمدا
کەنیسەیەکی بەردین هەیە لە وان
لە دەرەوە کڵۆم و مۆر کراوە
هاوار هاوار و دووکەڵە لە ناوەوە،
ئەوە کۆبوونەوەی گەلی ئەرمەنە
مۆمەکان بە گۆشتی لاشەیان ئاڵوگۆڕ پێدەکەن.
لە خەونمدا کەنیسەیەک هەیە
بە ئێسکی خوداوەندە مردووەکان و نوێژی ساواکان و تووتییەکان دروستکراوە
هەمیشە، بە درێژایی شەو، لە بڵێسەی ئاگردایە
بەڵام هەرگیز بناغەکەی ناسووتێت.
لە کەنیسەکەدا پەیکەرێکی مەریەم دەسووتێت
لەگەڵ دەموچاوی نەنکم، مۆم دڵۆپ دڵۆپ
بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە، بەسەر پێستی خەونەکانمدا.
(ئەلیشان ٢٠٠٢) ١١
لیۆناردۆ ئەلیشان خۆی قوربانییەکی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بوو کە تا مردن/ خۆکوشتنی دڵتەزێنی لە ساڵی ٢٠٠٥دا، مەزنی و شکۆی ئەو ڕابردووە زەبربەخشەی لەسەر هەردوو شانە لاوازەکانی هەڵگرتبوو کە لە داپیرەیدا بەرجەستە بووبوو.
... بێهیوا بەدوای هەندێک سێبەردا دەگەڕێم
لەم بیابانە خۆڵەمێشییەی مانگی نیساندا
بۆ ئەوەی نەنکم دابنێم و پشوو بدات
ئاخر ئەو قورسە و من ئێستا پیر بووم و هەست بە ماندوێتی دەکەم.
پێناچێت مەسەلەکە هێندە گرنگ بێت
کە من سەرەتا نەنکم لە کۆڵ دەکرد
کاتێ ئەو لەڕ و لاواز و چواردە ساڵ بوو
منیش بەزەحمەت تەمەنم دەگەیشتە نۆ ساڵ.
(لە شیعرێکی بڵاونەکراوەی ساڵی ٢٠٠٢) ١٢
دووبارە زیندووکردنەوەی یادەوەریی کارەساتبارانەی جینۆسایدی ئەرمەن، هەرچەندە لەوپەڕی توندیی خۆیدا نەبوو، ئەوەندەش کاریگەرییەکەی وێرانکەر بوو وەک بۆ ڕزگاربووانی نەوەی یەکەم، بەڵام بۆ نەوەکانی دواتر گواستراوەتەوە و ئیلهامبەخشە بۆ بەرهەمهێنانی داهێنانی ئەدەبی. ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە جینۆسایدەوە وەک وێنەی پارچەپارچە دەردەکەون کە خۆیان بەسەر ژیانی ڕۆژانەدا دەسەپێنن لە جیهانی نوێدا (واتە ئەمریکا - و). زۆرێک لە شیعرەکانی پیتەر باڵەکیان لە دیوانەکەیدا "ڕۆژە خەمناکەکانی ڕووناکی" (١٩٨٣)دا ئەم دووانەییە (دوالیزمە) وێنا دەکەن. لە ڕێگەی تێکەڵکردنی وێنەکانی ڕابردوو و ئێستاوە، باڵەکیان ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ لە زەین و مێشکی داپیرەیدا تۆمار دەکات (شیرینیان ١٩٩٠: ١١٠ - ١١٥).
ئەنجام
نووسەر و ڕەخنەگری ئەرمەنی ئەمریکای باکوور، لۆرن شیرینیان تێبینی ئەوە دەکات کە "ساڵی ١٩١٥ وەک هێمایەک کاردەکات کە لە ڕێگەیەوە ئەرمەنییەکان زانیارییان لەسەر خۆیان هەیە و خۆیان دەبینن. چونکە پاش ڕزگاربوونیان لە جینۆساید، نەک هەر دەبێت باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، بەڵکو دەبێت قەناعەت بە کەسانی تر بکەن کە باوەڕیان بە بوونیان هەبێت. ئەدەبیاتی ڕەوەندی ئەرمەنی دەربڕینێکە بۆ ئەم پێویستییە" (شیرینیان ١٩٩٠: ٦٠).
لە ڕاستیدا گەڕان بەدوای خودشوناسیدا ئەدەبیاتی خەیاڵی بە ڕێڕەوی ڕێگا جیاوازەکاندا دەبات، بەڵام جینۆساید و بنیاتنانەوەی یادەوەرییەکەی وەک مۆتیڤێکە لە ناوەڕۆکدا دەمێنێتەوە. ئەمە لە دۆخی نووسەرانی ڕزگاربووی نەوەی دووەمدا ڕاستە و نموونەکانیش زۆرن. بەڵام چڕیی ئەم ململانێیە بۆ ناسنامەیەکی ئەرمەنی، مەرج نییە لە هەموو پێکهاتە ئەمریکی - ئەرمەنییەکاندا بە هەمان ڕادە بوونی هەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا خەبات تەنیا خەباتی دەستەبژێری ڕۆشنبیرە و برینی جینۆساید لە ڕێگەی ئەو کارە ئەدەبیانەوە دەردەکەوێت کە بەرهەمی دەهێنن. نەوەی سێیەم هێشتا هەر لەو ململانێیەدا گیرۆدە بووە و وەڵامەکانیان لە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆسایدەوە سەرهەڵدەدەن بۆ ئەوەی کاریگەرییە مێژوویی و دەروونییەکەی تێبگەن و یادەوەرییەک بپارێزن کە پەیوەندیی بەو جینۆسایدەوە هەبێت و بیانناسێنێت پێی. لەم چوارچێوەیەدا پێمخۆش بوو دەرفەتم هەبوایە بۆ باس و گفتوگۆکردن لەسەر ڕۆمانی "زابێل"ی نانسی کریکۆریان و ڕۆمانەکانی تریشی، هەروەها ڕۆمانی "ڕۆژئاوای ڕۆژئاوا"ی مارک ئاراکس، "ڕیڤەربیگ"ی ئاریس جانیگیان، "من وەک ئەو"ی نانسی ئاگابیان و زۆری تریش. من دەمەوێت ئەم لێکۆڵینەوەیە فراوانتر بکەم و ژانری دراماتۆرگیا (هونەری دراما) کە ڕەنگدانەوەی کاریگەرییەکانی جینۆسایدی ئەرمەنە، بگرمە بەر. بەڵام لێرەدا دەوستم و دوا سەرنجم دەدەم:
نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی جینۆسایدی ئەرمەن بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبن لە داڕشتنی تێگەیشتن لەم ستەمکارییە چارەسەر نەکراوە. ئەوان وەک کاریگەرترین گوێزەرەوەی یادەوەری کار دەکەن و پابەندبوون بە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە پشتڕاست دەکەنەوە. بە ڕاستی ئەوە هێزی داهێنەرانەی هونەرمەندە کە دەتوانێت تراجیدیا لەیادنەچووەکانی جینۆسایدەکە بەرجەستە بکات و بیانخاتە فەزای خەیاڵی خوێنەرەوە. سەرەڕای ئەوەی کە یەهودا باور لەبارەی هۆلۆکۆستەوە هۆشداریی داوە کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانی نووسەرانی خەیاڵییەوە جۆرە تێگەیشتنێک دێتە ئاراوە کە بە "تێگەیشتنی میتافیزیکی" ناوزەدی دەکات، هەروەها سەرەڕای بێزاری و ناڕازیی دەربڕینی یەروشالمی لە وێنەی هۆلۆکۆست کە لە لایەن ڕۆماننووسەکانەوە دادەڕێژێتەوە، بەڵام ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر لە هێز و چڕیی ئەو کاریگەرییەدا هەیە کەوا ئەدەب دەتوانێت نوێنەرایەتیی جینۆساید بکات و ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویتێدا بیگێڕێت (یۆنگ ١٩٨٨: ٧).
ئیمیل فاکنهایم دەڵێت کەوا نوێکردنەوەی ڕابردوو بۆ ژیانی ئێستا هەمیشە ئەرکێکی بنەڕەتیی مێژوونووسان و فەیلەسوفان و لاهووتییەکان یان تیۆلۆجییستان بووە (من لێرەدا ئەدیب و نووسەرانیشی بۆ زیاد دەکەم). بێگومان پێشتر ئەم ئەرکە هەرگیز ئەوەندە پێویست و قورس نەبووە (مۆرگان١٩٩٧: ١٧٢). بەم پێیە، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە وەڵام و کاردانەوەکان بۆ جینۆسایدی ئەرمەن وەک مۆنۆمێنتێک بۆ بە نەمری هێشتنەوەی یادەوەریی تراجیدیای ڕابوردووی گەلی ئەرمەن، بۆ خواستی گەل و نەتەوە بۆ دووبارە هاتنەوە سەرخۆ و سەرپێکەوتنەوەی و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم تراجیدیایە و بەردەوامیدان بە مانەوە.
سەرچاوە:گۆڤاری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە ئەرمەنییەکان
ناوی باسەکە: نووسەرنی نەوەی سێیەمی ئەرمەنە ئەمریکییەکان و گەڕان بە دوای خودناسی و لەیادنەکردنی جینۆسایدەکەدا
Journal of the Society for Armenian Studies 7 (1994)
TheThird-GenerationArmenianAmericanWriters EchotheQuestfor Self-Identitywith theGenocideatItsCore
تێبینی و پەراوێز:
1- دێڕە شیعرەکە لە قەسیدەی "خێزانێکی چوار کەسی" لە نووسینی دەیڤید خێردیان (1970) لە کۆمەڵە شیعری "لەبارەی مەرگی باوکم و شیعرەکانی ترەوە" وەرگیراوە.
2- لە کتێبی ئەلڤین ڕۆزنفیڵد، "ڕەنگدانەوەی دوو مردن لەسەر ئەدەبیاتی هۆلۆکۆست" وەرگیراوە (١٩٨٨).
3- بۆ شیکارییەکی کورتی ئەم کارە، بڕوانە پێداچوونەوەی ڕوبینا پێرومیان، گۆڤاری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکانی ئەرمەنی، ژمارە 7 (1994): 205 - ٢٠٨.
4- ئەم شیعرە ("بۆ باوکم") و ئەو شیعرەی کە دواتر وەرگیراوە ("باوکم") نموونەی زۆرێکن کە دەنگدانەوەی یادەوەریی نەسڕاوە و ئازاربەخشی جینۆسایدەکە دەخەنە ڕوو کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی باوکیەوە بۆ نووسەر گواستراوەتەوە کە کۆمەڵەی "ڕێزگرتن لە ئەدەنە" (1970) بۆی تەرخانکردووە.
5- ئاماژەکردنە بە "نووسەری ئەرمەنیمان لە کالیفۆرنیا"ی ویلیەم سارۆیان.
6- بۆ شیکارییەکی کورت لە شیعری پیلیبۆسیان، بڕوانە پێداچوونەوەی ڕوبینا پێرومیان،"گۆڤاری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکانی ئەرمەنی" 18، 2 (2009): 145 - ١48.
7- پارچە وەرگیراوەکە لە بەشی دووەمی شیعری سێ بەشیی "تریپتیچ" بە ناوی "بۆچی لم ئەرمەنییەکان دەسووتێنێت". بڕوانە "دەربارەی کات" (١٩٨٧)، لاپەڕە 14.
8- بۆ وەرگرتنی ئەم چیرۆکە لە لایەن یوری زڤی گرینبێرگ و شرۆڤەکردنی ئیلی ڤایسڵ، بڕوانە ئالان ئێڵ بێرگەر و نائۆمی بێرگەر (2001).
9- لە کتێبی "مێژووی خوێندنی باڵا" وەرگیراوە، 12ی حوزەیرانی 1998، لاپەڕە ب٧.
10- ئەمە و گواستنەوەی دواتر لە ئیفادەکانی مارکۆم وەرگیراوە بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی لە هەواڵنامەی خوێندکارانی پێشووی ئەرمەنی زانکۆی بێرکلەی.
11- لە شیعرێکی بڵاونەکراوەوە وەرگیراوە، بە ناونیشانی "ECCE HOMO".
12- "گەشەکردن لەگەڵ کەلەپوور و میراتەکەم (بۆ دوو قوربانیی جینۆسایدی ئەرمەن)"
13- چوارەم لە ڕیزبەندی چوار شیعردا کە ناوی لێناوە "قوربانییان: گەڕانەوەی دڵڕەقترین مانگ". ئەم زنجیرەیەی لە مانگی نیسان/ مایسی ٢٠٠٢دا نووسیوە، کە بڵاونەکراوەتەوە.
14- بۆ شیکاریی ئەم وێنانە لە کتێبی "مێژووی ئەرمینیا"دا، بڕوانە لۆرن شیرینیان (1990).
سەرچاوەکان:References
- Alishan, L. (1992) An Exercise on a Genre for Genocide and Exorcism. // The ArmenianGenocide:History,Politics,Ethics./Ed.byR.G.Hovannisian.NewYork: St. Martin’s Press.
- Balakian,P. (1983)Sad Days of Light. NewYork: Sheep Meadow
- (1998)NewYork:BroadwayBooks.
- Berger,A.L. and Berger, N. (Eds.) (2001) Second Generation Voices, Reflections by Children of Holocaust Survivors and Perpetrators. Syracuse, NY: Syracuse University Press.
- Derdarian, Mae M. (1996) Vergeen: A Survivor of the Armenian Genocide. Los Angeles: Atmus Press.
- Der-Hovanessian,D.(1987)AboutTime.NewYork:Ashot
- Edgarian,C.(1994)RisetheEuphrates.NewYork:RandomHouse
- Foston,V.S.(2001)Victoria’sSecret:AConspiracyofSilence.Sacramento:Victoria Lazarian Heritage Association.
- Grenier,ArpinéKonyalian (1993). “TheApprentice in Exile: Toward anArmenian- American Poetics,” Aspora1;1: 17-32.
- Kacikyan,Agop, Christina leVernoy and Joyce Bailey tr. (2000).ASummer without Dawn. Toronto: McClelland & Steward.
- Katchadourian,S.(1994)Efronia,AnArmenianLoveStory.Boston,MA: Northeastern University Press.
- Kherdian, D. (1970) On the Death of My Father and other Poems. Fresno: Giligia
- (1970)Homageto Adana,Fresno:Giligia
- (1979)TheRoadfromHome:TheStoryofanArmenianGirl.NewYork:
- Langer,LawrenceL.(1991)HolocaustTestimonies,TheRuinsofMemory.New Haven and London: Yale University Press.
- Manoukian, Mariam and Elize (2005) On the other Side of Mount Ararat, a Story of a Vanished City. Glendale, CA: Abril Book Publishing.
- Marcom, MichelineAharonian (2001) Three Apples Fell from Heaven. New York: Riverhead Books.
- Minassian,J.(1986)ManyHillsYettoClimb,MemoirofanArmenian
SantaBarbara,CA:JimCook.
- Morgan,M.L.(1997)ToSeizeMemory,HistoryandIdentityinPost - Holocaust JewishThought.//ThinkingabouttheHolocaust,AfterHalfaCentury./Ed.byA.H. Rosenfeld. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press.
- Mugrditchian, H. (1996) To Armenians with Love: The Memoirs of a Patriot. Hobe Sound, Florida: Paul Mart.
- NakshianKetchian,Bertha(1988)IntheShadowoftheFortress:TheGenocide Remembered. Cambridge, MA: The Zorian Institute.
- Ohanian,Th.A.(2001)LinesintheSand:Love,Tragedy,andtheArmenianGenocide. Published by Lines in the Sand Press.
- (April1996)HowtoReadGenocideLiterature,TheProblematics,The Search for a Canon. //International Network on Holocaust and Genocide.
- Pilibossian,H.(2008)History’sTwists:TheArmenians.WatertownMA:Ohan
- Rosenfeld, A. (1988) A Double Dying Reflections on Holocaust Literature. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press.
- Shirinian, L. (1990) Armenian-North American Literature, A Critical Introduction: Genocide, Diaspora, and Symbols. Lewiston, Queenston, Lampeter: The Edwin Mellen Press.
- Young, J.E. (1988) Writing and Rewriting the Holocaust. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press.