
گەنج رەووف زوهدی
بەشی سێیەم:
لە هەموو سەردەمێکدا دەسەڵات لە یەکگرتویی گەل ترساوە زیاتر لە هەر چەکێک، کاتێک خەڵک پێکەوەکۆدەبنەوە و هەست دەکەن بەشێکن لە کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو، کۆنتڕۆڵکردنیان سەخت دەبێت، بۆیە دەسەڵات هەمیشە هەوڵدەدات ئەم یەکگرتووییە پارچەپارچە بکات کە هەر تاکێک بەخۆیەوە سەرقاڵ بێت، بیر لە کۆمەڵگە نەکاتەوە و هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەبێت.
لە ڕابردوودا، داگیرکەر سیاسەتی بە پارچەپارچە بوونی کۆمەڵگەی بەکاردەهێنا، دووبەرەکی لەنێوان هۆز و ئایینەکاندا دەچاند بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکەی بەردەوام بێت، ئەمڕۆش هەندێک حکومەت هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن، بەڵام بە شێوەی نوێ و هێمنانە، کە وادەکات خەڵک وا بیربکەنەوە کە دابەشبوونەکان ئاسایی و سرووشتین، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکن لە پلان بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگە.
کاتێک سەیری کوردستان دەکەین، ئەم پارچەپارچەبوونە ڕوونە، حزبەکان کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکەن: کار، پارە، ئاسایش، تەنانەت هێما نەتەوەییەکانیش، هەر حزبێک خۆی وەک نوێنەری گەل دەناسێنێت و ناسنامەی تایبەتی خۆی دروست دەکات کە جیاوازی دەکات لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، بەم شێوەیە شارەکان دەبنە دوورگەی سیاسی، هەر شارێک بە ڕەنگێک، هەر ناوچەیەکیش بە دروشمێکی جیاواز، هاوڵاتی هەست دەکات ئەگەر سەر بە حزبێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا دەرفەتی کار کردن و خزمەتگوزارییەکانی لاواز دەبێت، بەم شێوەیە، سەر بە حزب بوون "ئەندام بوون لە حزبێكدا" لە هەڵبژاردنێکی ئازادەوە دەگۆڕێت بۆ پێویستییەکی ڕۆژانە بۆ بژێوی ژیان.
ئەم دابەشبوونە تەنها لە سیاسەتدا ناوەستێت، بەڵکو دەچێتە ناو پەروەردە، ڕاگەیاندن، تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، دەبینیت منداڵن لە قوتابخانەکاندا چیرۆکی جیاواز لەسەر مێژوو فێردەبن، بەپێی ناوچەکە یان حزبی باڵادەست، لە ڕاگەیاندندا، هەر کەناڵێک هەواڵەکان بە شێوەیەک دەگوازێتەوە کە جیاوازییەکان تۆخ دەکاتەوە و گومان لەلای خەڵک دروست دەکات، لێرەدا هاوڵاتیی شۆک دەبێت: باوەڕ بە کێ بکات! کێ ڕاستی دەڵێت! کێ پارێزگاری لە داهاتووی دەکات! هەرچەندە تا سەرسوڕمان زیاتر بێت، متمانە لاوازتر دەبێت، هەتا متمانە لاواز تر بێت، کۆنترۆڵکردن ئاسانتر دەبێت، لەهەمان کاتدا ئەوەش ڕوونە لایەنگرانی حزبێک هەواڵ و شیکاری کەناڵە حزبییەکەی خۆیان پێ ڕاستر و دروستترە لە هەواڵ و شیکردنەوەکانی کەناڵی لایەنەکانی دیکە.
لە کاتی قەیرانەکاندا، وەک دواکەوتنی مووچە یان نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دەچنە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان، بەڵام پێکەوە خۆپیشاندان ناکەن، بەڵکو هەر شارێک بە جیا، هەر کۆمەڵەیەک تەنها داوای مافی خۆی دەکات، هیچ دروشمێکی یەکگرتوو نییە، هیچ دەنگێکی کۆمەڵایەتی یان ڕێکخراوبوونێک نییە، بۆیە خەڵک هەست ناکەن بەشێکن لە کێشەیەکی هاوبەش، بەڵکو تەنها بینەری کێشەکانی یەکترن، ئەنجامەکە ئەوەیە کە تووڕەیی گەل سنووردار دەمێنێتەوە، ئاسانە بۆ کپکردن، ناشبێتە هەڕەشە و فشار لە سیستەمی باڵادەست.
لە عێراق بە گشتی، ئەم دابەشبوونانە بە شێوەیەکی قووڵتر دەردەکەون، ئایین و ناوچەگەری زیاتر ڕوونن. هەر ئایینێک هەست دەکات لەلایەن ئەوی دیکەوە هەڕەشەی لێدەکرێت، هەر پارێزگایەک داوای مافەکانی دەکات بەبێ گوێدانە بەشەکانی دیکەی شارەکانی تری وڵات، ڕاگەیاندن ئەم هەستە ژینگەی بۆ دەڕەخسێنێت زیاتر لە هەر کێشەیەکی نیشتمانی وەک ئەوەی تایبەت بێت بە ناوچەیەکی دیاریکراو مامەڵە دەکات، ئەمەش ڕێگری لە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ داواکردنی دادپەروەری یان گۆڕانکاری ڕاستەقینە دەکات.
دەسەڵات زۆر سوود لەم واقیعە وەردەگرێت، پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی نییە، چونکە دەزانێت کۆمەڵگەی پارچەپارچەکراو چاودێری یەکتر دەکەن هەر گروپێک دەترسێت لەوەی کە ڕاپەڕینی گروپێکی دیکە بە زیانی ئەوانی تر کۆتایی بێت، بەم شێوەیە، ترس لە بەرامبەر ئەوی دیکە بەهێزتر دەبێت وەک لە ترس لە هەژاری یان گەندەڵی، هەرچەندە ترس زیاد بێت، بێدەنگی زیاتر دەبێت و هەرچەندە بێدەنگی زیاد بێت، تەمەنی دەسەڵات درێژتر دەبێت.
بەڵام ئەم سیاسەتە باجی هەیە، کاتێک قەیرانێکی گەورە دێت ( وەک داڕووخانی ئابووری، یان ململانێی ئەمنی و سیاسی ) خەڵک کەس نادۆزنەوە لەگەڵیاندا بێت، هەموو کەسێک هەست دەکات تەنهایە، متمانە بە حزبەکان، بە دەوڵەت، تەنانەت بە یەکتر لەدەست دەدەن، لەم ساتەدا، هەموو شتێک لەناکاو دەڕوخێت، چونکە کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای ترس دروست کرابێت، ناتوانێت لەبەرامبەر گەردەلولدا خۆڕاگربێت.
لە کوردستاندا، ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەستکردن بە ناسنامەی گشتی"هەستی نیشتمانپەروەری" خەڵک نازانن ئایا کوردایەتی بە مانای سەر بە هەمووانە، یان تەنها سەر بەحزبێکی دیاریکراوە، گەنجی کورد ئەمڕۆ هەست دەکات پێویستە لایەنگر بێت بۆ ئەوەی بژی، لایەنگری بۆ حزبێک، نەک بۆ ئەوەی بەشداری لە دروستکردنی سیاسەتی وڵاتێکی ئازاددا بکات، ئەمە مەترسیدارە، چونکە ناسنامەیەک کە لە سەرەوەوە سەپێنراوە دەبێتە بارگرانی نەک سەرچاوەی شانازی.
ئەمە بەو مانایە نییە کە چارەسەر مەحاڵە، لەناو هەموو کۆمەڵگەیەکی پارچەپارچەکراودا دەرفەتێک هەیە بۆ چاکبوونەوە، ئەوەندە بەسە ئەگەر خەڵک دووبارە بیر لە چەمکی ناسنامە بکەنەوە، ئایا ئامڕازێکە بۆ جیاکاری و جیاوازی کردن؟ یان ئامڕازێکە بۆ هاوسۆزی و شکۆمەندی؟ ئایا ئێمە دەمانەوێت گەلێکی فرەجۆر و هاوکار بین؟ یان گەلێکی دەمارگیری ناکۆک و ترسناک؟ ئەگەر تێبگەین کە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگە چارەنووس نییە بەڵکو هەڵبژاردەیەکی سیاسییە، دەتوانین بیگۆڕین، ڕاگەیاندن دەتوانێت یەکخستن دروست بکات نەک لەت لەت کردن، پەروەردە دەتوانێت تێگەیشتن بچێنێت نەک ڕق، گەنجان دەتوانن پێشەنگی دەستپێشخەرییەکان بکەن کە وا بکەن سنوورە حزبییەکان تێپەڕێنن.
ناسنامەی کوردی دەتوانێت مانای ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێتەوە ئەگەر لە دەستی حزب دەربچێت و بگەڕێتەوە بۆ خەونی خەڵکی سادە، خەڵکە هەژار و دەستکورتەکەی کە تەنها دەیانەوێت بە شکۆمەندی و دادپەروەری بژین.
پارچەپار چەکردنی کۆمەڵگە هەرگیز بەشێکی لاوەکی نەبووە، بەڵکو بناغەی یارییە سیاسییەکە بووە، هەر بۆیەهەر بەشێک لە کۆمەڵگە کە سەرقاڵی ململانێ بچووکەکانی خۆیەتی، دەسەڵات بەهێزتر دەکات. بەڵام ئەم یارییە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام نابێت، هەر سیستەمێک حوکمڕانییەکەی لەسەر ترس و کپـکردنی جیاوازی دروست بکات، ڕۆژێک دێت دیوارەکانی دەڕوخێن و دەزانێت کە بناغەی حوکمی لەسەر لم کردووە، لەو کاتەدا، کۆمەڵگە دەبێت لە سەرەتاوە دەست پێبکاتەوە و کۆبێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە گەلێکی یەکگرتوو، نەک پارچەی جیاواز.