
فەرهاد قادر ئۆمەر
ئەو مەنزومە فیکرەییەی حیزبایەتی کورد لەسەری گۆشکراوەو تۆخکراوەتەوە بەردەوام لەناخی تاکی کورد دنیایان بەڕەش وسپی وێنا کردووە، لەو مەودایە بەر تەسکەدا نە سیاسەت جێی بۆتەوەو نە زانست و زانیاری ونە عەقڵ ومەنتقیش، بەڵکو هەمیشە پەنجەکان یەکتریان شکاندۆتەوە. لەو مەنزومەیە، بیردۆزەی (گەر چوویتە شاری کوێران، دەست بەچاوتەوە بگرە) باوە، هەتا ئێرە کارەساتە، بەڵام لەوە کارەساتتر ئەوەیە میللەت بەو خولگەیەکدا بخوولێنیتەوە کە خولگەی ئەو نییەو لێشی دەرنەچیت.. ڕووداو وباری ناهەمواری ڕۆژئاوا بەنموونە. دوای ئەو گەرم وگوڕیە بێ وێنە جەماوەرییە بەرفراوانەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبوو خوێن و قوربانیدان و دروشمەکان بۆ دەستکەوتێکی سیاسی ڕاستەقینە تەرجەمە بکرایە، یان لانیکەم هەنگاوێکی جددی بەرەو مافی چارەیی خۆنووسی. بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا، نەك هەر دانوستان نەبوو، بەڵکو بەڵگەنامەی پاشەکشەیەکی سیاسی گەورە بوو لەمافی نەتەوەیەکی بێ کیان بەپاساوی واقیبینی سیاسی، کە جگە لەنائومێدی، بووە ساتەوەختێکی مێژوویی لە ڕۆژانێکی تاڵ وهەلێکی سوود لێوەرنەگیراو.. بەو پێیەی کە ئەوەی پێی دەگوترا "چارەسەری سیاسی" تەنها وەك میکانیزمێك مایەوە لە لەخۆگرتنی دەسەڵاتی جەماوەری، بەڵام ئەو هێزە جەماوەریە سوودی لێوەرنەگیرا وەك فشارێك لەسەر مێزی بڕیاردان.. شەقام بەهێز بوو، بەڵام دانوستانەکان لاواز بوون؛ جەماوەر ئامادە بوو، بەڵام ئیرادەی سیاسی بەتاڵ بوو؛ خوێن ئامادە بوو، بەڵام پڕۆژەی سیاسی نەبوو. بەم شێوەیە گەورەترین شەپۆلی هاوڕایی کورد تەنها بووە ژمارەیەکی تر لەئاماری ڕاپۆرتە نووستووەکان، نەک دەستکەوتێک لەسەر نەخشەی سیاسی.
کێشەکە تەنها لەوەدانییە کە چی دەستکەوتووە یان نا، بەڵکو کێشە لەو عەقڵیەتەدایە کە ئەم قۆناغەی بەڕێوەبردووە، عەقڵیەتێك کە هەموو ڕێککەوتنێك بە دەستکەوت دەزانێت، تەنانەت ئەگەر ناوەڕۆکی خاڵیش بێت. لەئەرزی واقیعدا دەتوانرێ هەموو پاشەکشەیەك وەك "هەنگاوێکی واقیعی" یان "وەدوورخستن لە خراپترینەکان" بڕازێنێتەوە، بەڵام لەکۆتاییدا هەقیقەتێك هەیە کە ئەو سیاسەتەی ماف وەدەست ناهێنێ، شایەنی ئەوە نییە پێی بگوترێ سیاسەت؛ بەڵکو بەزمانە سادەکەی خۆمان گۆتەنی ئیدارەدانی هەرەمەکی وگرۆکردنە لەسەر ئەسپی دۆڕاو..
لەو ڕێککەوتنە نە سەروەری خاك، نە بەڵگەنامەی دانپێدانانی بە کورد وەك نەتەوە لەسەر نەخشەی سیاسی، نە گەرەنتی داهاتووی نەخشەی سیاسی بەدی ناکرێت، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ بەتاڵکردنەوەی دەسەڵاتی کورد لە مانا سیاسییەکەی خۆی. شوناس نەپارێزرا، مافەکان بەپێی سوریایەکی بەهێز دامەزران وسەقفی چارەیی خۆنووسی دابەزێندرا و داواکارییەکان کەمکرانەوە و شکست وەک "حیکمەت" پێناسەکرایەوە. ئەمە چ حیکمەتێکە کە بە کۆکردنەوە دەست پێدەکات و بەخۆڕادەستکردن کۆتایی دێت؟
لە ئەزموونی گەلاندا خوێن یا ئەوەتە لەپێناو مافەکانە، یا ئەوەتە لە ئەرشیفی خەسارەتەکاندا تۆمار دەکرێت. ئەوەی لەم قۆناغە پڕ لە ئازارەدا ڕوویدا ئەوەیە کە خوێن لەپێناو هیچدا بوو، جگە لە بەڵگەنامەیەکی واژۆکراوی بێ سەنگ و وتارێکی فەرمی بێ کاریگەرو بەڵێنی بێ ئایندە. شەقام شەڕەکەی دۆڕاند، نەک لەبەر ئەوەی لاواز بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوانەی بەناوی ئەوەوە دانوستانیان دەکرد، لە ئاست ئەرکی ئەو ساتەوەختە مێژووییە نەبوون، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە بەرهەمدەهێنرێتەوە کە کۆکردنەوە بەبێ ستراتیژ، قوربانیدان بەبێ پلان، ڕێککەوتن بەبێ دەستکەوت، دواتر داوا لە خەڵک دەکرێت چەپڵە بۆ شکستەکە لێبدەن. ئەوەی ڕوویدا هەنگاوێک نییە بەرەو مافی چارەیی خۆنووسی، ئەوەندەی هەنگاوێکە بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ پاشەکشەیەکی شەرمنانەو خنکاندنی ئەو خەونەی کە لەدایك بوو، بەر لەوەی گەشە بکات.