زیرەک کەمال
ناوەڕاستی دوو هەزارەکان، لە ئۆفیسی خۆم لەناو بارەگای حزبی شوعی کوردستان، کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەوحزبە بووم، دانیشتبووم. لەپرسگەی حزب پێوەندیان پێوە کردم و گووتیان: دوو میوانی بیانیت هاتوون. گوتم: بابێنە ژوورەوە. دوای هاتنەژوورەوەیان و چاک وچۆنی، دەرکەوت یەک لە میوانەکان ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسیە و ئەوەی دووەمیشیان ئەردەنیە و وەکو وەرگێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسیەکەدایە. دواتر لەڕێگای وەرگێڕەوە گفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە درووست بوو.
یەکەم پرسیار کە لێی کردم و بەلامەوە سەیر بوو، دواتر زانیم ئەویش چەپە. گوتی: خەریکی چیت؟ گوتم: خەریکی نووسینی بەیاننامەیەکم بەناوی حزبی شوعی کوردستان، لەسەر کیمیابارانی شێحوەسانان و بالیسان و ئەو دەڤەرە بەگشتی. بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە سەیری کردم و گوتی: بۆ ئێوەی کورد کیمیاباران کراون؟ منیش بە بێزاری وهەڵچوون و تووڕەییەکی زۆرەوە پێم گوت: بەڵێ کیمیاباران کراوین و زۆریش بەداخەوە، کە وەڵاتەکەت نە بەرگری لێ کردین لەو کۆستە نەتەوەییە و نە بەهاناشمانەوە هات. ئەو تراژیدیایە کە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بە بەرچاوی ئێوەو هەمووجیهان لە دژمان ئەنجام درا، لای ئێوە و زۆرینەی وڵاتان، تەنانەت نەکرا بە هەواڵێکی ڕۆژنامەوانیش.
دوای ئەوە هەستی بە توڕەبوونی لەڕاددەبەری من کرد، بەزمانێکی هێمن و لەسەرخۆ پێی گوتم: ئەوەی گوتم گلەیی بوو، ئەگینا باش دەزانم کوردەکان چەندین شار و گوند و ناوچەی جیاجیایان کیمیاباران کراوە. دەشزانم سەدوهەشتاو دووهەزار ڕۆڵەی گەلەکەتان ئەنفال کراوان. دەزانم هەزاران گوند و شارۆچکەتان خاپوور کراون. بەشێکی فراوانی خاکی وڵاتەکەتان کراوەتە سوتماک و کەڵکی ژیانی نەماوە. بەڵێ ئەوەش دەزانم حکومەتی سەدام حوسێن، خەریک بوو نەک جینۆسایدی هەموو گەلی کورد بکات، بەڵکوو تەنانەت خەریک بوو، ئاسەوار و هەموو مۆرکێکی نەتەوایەتیشتان بسڕێتەوە. دواتر ڕۆژنامەوانە فەڕەنسییەکە، ماوەیەک بێدەنگ بوو، پاشان ڕووی لێ کردمەوەو گوتی: ئایا ڕاستە گەلێک ئاوای بەسەرهاتبێت و ئەو هەموو کارەسات و تراژیدیایەی بەسەر هاتبێت، ئەو هەموو کۆستەی کەوتبێت، دووچاری مان و نەمان بووبێت ،بەڵام شەڕی ناوحۆی لەناودا بەرپا بێت و سیاسییەکانی لە بنار و پێدەشت وشاخ و گرد و کێوەکان، بەوپەڕی دڵڕەقی و دووژمنکاری، بکەونە وێزە و گیانی یەکتری؟
بەڕاستی من زۆر وڵاتانی جیهان گەڕاوم، بە نێو کوچە و کۆڵان و بەنێو مێژوو و کولتوری دەیان گەل ومیللەتدا گەڕاوم. بارگەی ڕۆژنامەنووسیم لە سەدان شار و وڵاتی دنیا داناوە. سەدان کاربەدەست و بەرپرسی ئیداری و حکومی گەلانم دواندووە، دیداری ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ دەیان سەرۆک ئەنجام داوە، هەستم پێنەکردووە و نەمبینوە و نەمزانیوە هیچ گەل و نەتەوەو کەسێک بە قەد کورد ڕقی لەیەکتر ببێتەوە. پیاوە فەڕەنسیەکە زیاتر چۆکی گلەیی و توڕەبوونی چەقاند و گوتی: من هەست دەکەم ئێوەی کورد، کێشەی گەورە و سەرەکیتان لەگەڵ خۆتان هەیە، نەک لەگەڵ تورک و عەرەب وفارس، بۆیە پێم باشە لە جیاتی ئەوەی قسە لەسەر ،سەدام حوسێن و کیمیاباران بکەن هاوار و داد و فیغان بۆشەهیدەکانتان بکەن. بڕۆن دادگایی ئەو کولتورە سیاسی وکۆماڵایەتییەی ناوخۆتان بکەن، کە تەژی و لێوانلێوە لەشەڕانگێزی و دووبەرەکی و دووژمنایەتی ناوخۆیی و یەکتری قبوڵنەکردن، بەداخەوە بۆ ئێوە، کە ئەنفال و کیمیاباران و سیاسەتی جینۆساید بەگشتی ئێوەی یەک نەخست. بەڕاستی نازانم چی یەکتان دەخات ! خوێنەری بەڕێز لەم دانیشتنەدا لەبەرامبەر قسەکانی ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسیەکە، هیچم پێنەما و چین چین ئارەقەی شەرمەزاریم ڕشت و بە وێنەی کەوێکی بەزیو هەڵاتم بۆ ناو قەفەزی تێکشکان.