ئاراس سەعید
بە خولگە و بازنەیەکی ژمارەیی (دیجیتاڵی) وا، پێ دەنێنە نێو چەرخێکی نوێوە کە ناوی دەنێم «سەردەمی جێ‌گۆڕکێ‌»؛ سەردەمی سڕینەوەی نەسڵی بنیادەم و گۆڕینی بە کائینێکی تر کە لە «نوتفە»ی هزر و «عەلەقە»ی خوارزمەییەکان ڕسکاوە.
نها ڕۆژ بە ڕۆژ زیرەکیی دەستکرد، کە خولقاوی دەستی مرۆیە گەشە دەکات، کەچی ئاوەزی مرۆ پاشەکشە دەکات و بەرەو کەمۆکەیی دەچێت. دەوڵەت و سەرمایەداران ملیاران دۆلار دەڕژێننە خەرجی دۆزینەوەکانی ئەم زیرەکییەیە، پێشبڕکێیەکی جیهانیی پڕ گوژم و بێ‌بەزەییە؛ هەمی لەسەری دەدوێن تا بزانن کێ‌ زووتر سوپرایزێکی گەورە و بەغار دێنێتە کایەوە.
ئەرێ‌ دەپرسم ئەمە «نیشانەی قیامەت»ە بۆ مرۆ؟ ئاخۆ مە لەسەر لێواری قڕبوونی بنیادەمی ژێر وەستاوین؟ ئایا ئەم نەسڵەی مرۆ خانەنشین بووە و هزر و ڕامانی بۆ کائینێکی تر؛ بۆ تەکنەلۆژیا جێ‌هێشتووە؟
تا ئەم دواییەش فەلسەفە بە زمانی (دێکارت)ەوە دەیزیکان: «من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم». ئەوجا ئێستا دەشێ‌ بێژین: «ئەز بیر ناکەمەوە، کەواتە من نیم و قڕبووم». کەچی مرۆ وەک بڵێی هیچی لێ‌ نەقەوماوە، یان بێ‌باکە و یان بەم قیامەتە خۆشحاڵە!
کە بنیادەم لە «هزر» و «ڕامان» کەنارگیر دەبێت، بێ‌گومان ژیان و گەردوون ڕەنگێکی تر دەگرن، زەوی پڕ دەبێت لە بوونەوەری تر کە هەم زاناترن و هەم چاکتریش دەسازێن و بەرهەم دێنن. بە خێراییەکی ژمارەیی وا، دەچینە نێو «سەردەمی جێگرتنەوە»ی بنیادەم بە بوونەوەرێک کە مێژوو بەرەو هەموو ئەگەر و جەنگ و خۆشییەک دەبات؛ هەموو شتێک دەشێ‌ و هیچیش ناچێتە عەقڵەوە.
دە ساڵە وا نەسڵی مرۆ لە کایە گشتییەکاندا بەرەو قڕبوون دەچێت، ئەو کایانەی جاران مە سەرداری بووین. لە ئامار و لە مەیدانی ئیش و کاردا دیارە چۆن جێمان پێ‌ لێژ دەکەن؛ لە دەرگاوانییەوە بگرە تا فڕۆکەوانی و تفەنگی جەنگ و شیرینی‌سازی. جاران دەگوترا «ئەز ئیش دەکەم، کەواتە بەشەرم»، ئێستا هاوکێشەکە وەرگەڕاوە: «ئەز لە ئیش غەیب دەبم، کەواتە مرۆڤم».
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەرگای کارگە و کۆمپانیا و مەکتەب و عەسکەرخانە بە ڕووی مرۆڤدا دادەخرێن و ڕۆبۆت و کائینی ژمارەیی تێدا جێگیر دەبن. مرۆ بەزیندووی دەچێتەوە کونجی ماڵێ‌ تا لە ناو شاشەکاندا و لە بێزاریدا بمرێت.
دوای جەنگی ئیستعمار و تاقیگەی ئەتۆمی و داگیرکردنی فەزا، ئێستا ئاوەزی مرۆ دەرگیری شەڕێکی نوێیە؛ شەڕ لەسەر خاوەندارێتیی زیرەکیی دەستکرد. شەڕێکی «گەرم و توند» لە نێوان (چاتی جی پی تی، ChatGPT) و (دیپ سیک، DeepSeek)دا بەرپابووە، بۆرسەکان دادەتەپێن و دەفڕن. جیهان لە نیگەرانی و ترسدایە؛ هەندێک لە پاریس بۆ ئایندە دەهۆننەوە و هەندێکیش چاویان لە نیویۆرک و هەندێکی تریش لە سوپرایزی چینییە.
کاریگەریی ئەم زیرەکییە لە ئابووری و جەنگدا پڕ گێژکەرە، چون یەکسەر دەستی لە نێو گیرفان و ژیانی خەڵکدایە. لێ ئایا ئەم زەلزەلەیە چ لە هونەر و ئەدەب دەکات؟ لە سەردەمێکدا کە کەس نازانێ‌ کێ‌ لێکی دەداتەوە و کێ‌ دەیهۆنێتەوە. بلیمەتیی ئامێر هەموو دەرگایەکی «گونجاو»ی واڵا کردووە و «مەحاڵ» بووەتە مومکین. واقیع و خەیاڵ پێکەوە گرێ‌ دراون.
جاران وامان دەزانی هونەر و ڕۆمان دواین پەناگەی مرۆیە تا خەیاڵ و ئەخلاقی تێدا بپارێزین، کەچی ئێستا هەموو شتێ‌ بەزێندرا؛ زیرەکیی دەستکرد هەڵیکوتایە سەر شیعر و مۆسیقا و سینەما و شێوەکاری. هەمووی کەوتە بەر ڕەحمەتی ئەم بلیمەتییە.
ڕێ کۆدان، خانمە نووسەری ژاپۆنی تەمەن ۳٤ ساڵ، ساڵی ۲۰۲٤ لەکاتی بردنەوەی یەکێک لە بەناوبانگترین و گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی ژاپۆن، خەڵاتی: ئاکوتاگاوا(Akutagawa Prize) بۆ ڕۆمانە نوێیەکەی بە ناوی: تاوەری بەزەیی لە تۆکیۆ (Tokyo-to Sympathy Tower)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاستییەکی سەرسووڕهێنەری ئاشکرا کرد. ئەو گوتی:"لە نووسینی ئەم کتێبەدا، سوودم لە زیرەکی دەستکرد وەرگرتووە. دەتوانم بێژم نزیکەی ٥٪ی ڕۆمانەکە وشە بە وشە لەو دەقانەوە وەرگیراون کە زیرەکی دەستکرد بۆی نووسیووم."
ئەمە مانای ئەوەیە پەڕجووی گێڕانەوە و ڕەنجەوەریی نووسینی ڕۆمان، چیتر خۆمان خۆش.
دەپرسم: ئاخۆ دوای دە-بیست ساڵێکی تر، گێڕانەوە چۆن دەبێت؟ بێ‌گومان ڕۆماننووسی سەر بە نەسڵی ستایلی (نەجیب مەحفوز و دۆستۆیۆڤسکی و بەختیار عەلی و کاروان کاکە سوور) نامێنن و کۆتایی دێن. نەوەیەک دێتە کایە کە بە پێوەری جوانیی ئامێر دەهۆننەوە و خوێنەر و بڵاوکار و بازاڕی تریش دێنە پێشێ‌.
کاتێک دەنۆڕمە ئەم شەپۆلە خێرایەی زیرەکیی دەستکرد، کە نە بەزەیی هەیە و نە سۆز و نە «نۆستالژیا»، دەبێژم: «ئێمە بێ‌گومان دواین نەسڵی بەشەرین کە ڕۆمان و تێکست لەسەر کاغەز دەنووسین و شەونخونی دەکەین و لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دەژین و بیردەکەینەوە».
 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا