مەلا ئیدریس ژاڵەیی

 

زیاتر لە سەد ساڵە بەناوی ئیسلامەوە وڵاتمان داگیر دەکەن، کەرامەتمان دەشکێنن، ژنەکان دەکەن بە سەبایا، خوێنی پیاوەکان حەڵاڵ دەکەن!

هەندێک مەلای ئێمەش هەر دەڵێن: "برایەتیی ئیسلامی تێک مەدەن، نەکەن ببنە هۆی دروستبوونی دەمارگیریی نەتەوەیی".  ئەی بۆ بە پیاوانی ئایینیی ئەوان ناڵێن: "بەسە ستەم و نادادی."

ئەم وتارە بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە نییە لە دەقە پیرۆزەکان، بەتایبەت قورئان و فەرموودە و ئایینداریی کوردەواری، ئەوەندەی هەڵوەشاندنەوەی ئیسلامە داپڵۆسێنەرەکەی داعش و ئیخوان و توندڕەوە هاوشێوەکانیەتی، کە لە هزری موسڵماناندا ڕەگی داکوتاوە و تاو نا تاوێک سەرهەڵدەداتەوە بەپێی ئەو پێشهاتانەی کە هەر جارە و دەرفەتێک دەڕەخسێنێت.

وەک لە سەرەتادا گوتم، لە مێژووی موسڵماناندا بە درێژایی ئەو هەزار و پێنجسەد ساڵە، واتە لە فیتنەی نێوان هاوەڵانەوە لەدوای وەفاتی پێغەمبەرەوە، هەتا حەرەکاتی ئیخوانی و داعشی، ئەوەندە بەناوی خوا و ئیسلام و بەکارهێنانی ئایەتی قورئان و فەرموودەی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) موسڵمان موسڵمانی کوشتووە، ئەوەندە "کافری جەنگی" موسڵمانی نەکوشتووە.

گەلی کوردیش بە درێژایی ئەم مێژووە هەمیشە قوربانی بووە و کوشت و بڕ کراوە. بێگومان بە بەردەوامی  هەم مەرد و پێداگر بووە لەسەر مافەکانی و هەم سەری بۆ ستەمکاران شۆڕنەکردووە، کە وادیارە سیفەتێکی خواکردە تێیدا، و هەم ئەعجەمی (نا عەرەبیی ئیسلامی) بوونیش ڕۆڵی هەبووە لە پرۆسەی داپڵۆسینەکەیدا.

لەدوای موسڵمانبوونی کورد، هیچ کات لە کاروانی ئیسلامەتی و ئایینداریدا لە گەلانی دیکەی ناو ئیسلام کەمتر نەبووە، ئەگەر زیاتر نەبووبێت. لەم سەد ساڵەی دوایشدا کافربوون لەناو کورددا ئەوەندە نەبووە کە ناسنامەی موسڵمانبوونی کوردی گۆڕیبێت بۆ ئایینێکی دیکە. لەم ڕووەوە نەتەوەکانی تورک و عەرەب و فارس زیاتر چوون بە ئاقاری بێدینیدا، بە موستەڵەحی توندڕەوەکان. بەڵام لە هیچ کایەیەکی ئایینییەوە گوێبیستی فەتوایەک یان ڕایەک نەبووین کە یەکێک لەو نەتەوانە، کە لە کورد زۆر  لە دین هەڵگەڕاوەتر بوون، بەم بیانووە خوێنیان حەڵاڵ کرابێت. بەڵام زوو زوو گوێبیستی فەتوا و وتار و ڕای زانایانی جیهانی ئیسلامی دەبین کە گوایە گەلی کورد مورتەد و بێباوەڕن و بە چەندین پڕۆسەش بە کردەیی کوشتار ئەنجامدراوە. تەنانەت بە بەڵگەی ئایەتی قورئان و فەرموودە دەست لە منداڵی ناو بێشکەش نەپارێزراوە و دەستدرێژی کردنە سەر ژن و فرۆشتنیان لە بازاڕدا، و هەروەها وەک فەرمانێکی خوایی کوشتنی نەخۆش و پیر و مەلا و شێخ و حافزی قورئان و خواپەرستان، و وێرانکردنی ئاوەدانی و چەندین شار و گوند و مزگەوت و تەکیە و خانەقا و حوجرە و مەدرەسەکان بەپێی تێگەیشتنی ئەوان بە قورئان و شەڕعی ئیسلام تەختی زەوی کراون.

ئەمەش بەداخەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد ئەگەر هەمووشی لەسەر بەرماڵ و لە خزمەتی خواپەرستی و قورئان و زانستە ئیسلامییەکانیشدا بن، هێشتا بەس نییە و بە جۆرێکی دیکە لە جۆرەکان و بە هەر بیانوویەک، وەک جیاوازیی نەتەوە یان مەزهەب یان ڕێچکە و ڕێبازی جیاوازی ئیسلامی، هەر کوشت و بڕ دەکرێن و شمشێری ئەوانی تر لەسەر گەردنیەتی!

لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری یەخەمان پێدەگرێت: ئەی چی بکەین و چۆن چارەسەری ئەم دۆخە بکەین و بە چ شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم کوشت و بڕە ببینەوە؟

چی بکەین و چی بین و پەنا بۆ کوێ بەرین بۆ ئەوەی لە شمشێر بەدەستانی پیاوانی خوا دەرباز بین و کوشت و بڕ نەکرێین؟!

ئیتر باوەڕ بە دروشمە چەواشەکارییەکان مەکەن!

یەکێک لە دیاردە مێژووییەکان، نمایشکردنی دینداری و خۆنواندنە بە سیما و زمانێکی ئایینی، بە مەبەستی دەستبەسەراگرتن و خەڵەتاندنی جەماوەر. ئەم دیاردەیە وا دەکات خەڵک بەرامبەر ستەم بێدەنگ بن و بەو بیانووەی کە گوایە "فەرمانی خودایە و گوێڕایەڵی واجبە"، چەوساندنەوە قبووڵ بکەن. بە بۆچوونی من، ئەم بارودۆخە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وای لە فەیلەسوفی ئەڵمانی، کاڕڵ مارکس، کرد بڵێت: "ئایین تلیاکی گەلانە"، چونکە دەبێتە هۆی بێهۆشکردن و سڕکردنی کۆمەڵگە.

بەدرێژایی مێژووی ئیسلام، لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی شەرعییەت وەربگرن و گوێڕایەڵییان بکرێت، پێویست بوو سیما و ڕەفتاریان لەگەڵ "سوننەت"دا بگونجێت (کە بریتییە لە قورئان و کرداری پێغەمبەر). بێگومان، لە مێژووی موسڵماناندا پادشای ستەمکار هەبوون و ئەم دەسەڵاتدارانەش بۆ چەسپاندنی هێزی خۆیان، هەمیشە بە ناوی قورئان و ئیسلامەوە نەیارەکانیان بە جۆره‌ها سزای سامناک لەناوبردووە. لەم پێناوەشدا، دەستیان بردووە بۆ تەفسیرکردنی ئایەتەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و هەزاران فەرموودەیان بە ناوی پێغەمبەرەوە داتاشیوە، تاکوو پەردەپۆشی ستەم و نادادییەکانیان بکەن.

هەتا ئەمڕۆش، لە بواری هەڵسەنگاندنی کەلەپووری ئیسلامیدا، زانستی "جەرح و تەعدیل" (ڕەخنەگرتن لە گێڕەرەوەکان) بەکاردێت. زۆرجار نووسەران و خاوەن بەرهەمەکان ڕەخنەباران کراون بەوەی کە لە ڕواڵەتدا خۆیان وەک کەسانی خواناس و زاهید نیشان داوە، بەڵام لە ناواخندا درۆزن و ساختەچی بوون بۆ لەخشتەبردنی خەڵک.

لە بنەڕەتدا، ئایین پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و هێزێکی باڵاترە؛ پەیوەندییە لەگەڵ خودای گەورە. بەڵام بەداخەوە، ئەزموونی هەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی پیشانی داوە کە هەر کاتێک ئایین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بەکارهاتبێت، خوێن ڕژاوە و کوشتوبڕ و ستەمکاری بە ناوی خوداوە پیرۆز کراوە.

لەمبەرامبەرەدا، پەیڕەوکردنی دروشمی "ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان"، کە دەدرێتە پاڵ شۆڕشگێڕی میسری، مستەفا کامل (١٨٧٤-١٩٠٨)، چارەسەرێکی گونجاوە. ئەم دروشمە هەم کوشتار بە ناوی ئایینەوە حەرام دەکات، هەم پیرۆزی بۆ ئایین دەگەڕێنێتەوە و سەرزەمینیش دەکاتە بەهەشتێک بۆ مرۆڤایەتی.

کاتێک ئایین بە مانا پیرۆزەکەی دەبێتە هۆکاری پاکبوونەوەی ناخ، زیندوویی ویژدان، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ڕێزگرتن، دەست و زمانپاکی و هاوکاری، هەروەها نیشتمانیش دەبێتە لانکەی پێکەوەژیان و ئاشتی بۆ پەیڕەوانی هەموو ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان، ئیتر دەرفەتێک بۆ ڕق و کینە و خوێنڕشتن نامێنێتەوە. پەیامی ئایینی ڕاستەقینە، پەرەپێدانی یەکسانی، دادپەروەری، ئازادی و ئاسوودەیی ویژدانە، نەک بەرهەمهێنانی ڕق و کینە و دۆزەخ.

بەکارهێنانی قورئان و دروشمە ئایینییەکان بۆ ستەمکاری، زەوتکردنی مافی گەلێک و کوشتاری بەردەوامی لەسەر خاکی خۆی، پێویستە تاوتوێ بکرێت و قسەی جددیی لەبارەوە بکرێت.

نەتەوەی کورد لەناو نەتەوە موسڵمانەکاندا وەک گەلێکی "هەتیو" وایە. بەو مانایەی، وەک نەتەوەکانی عەرەب، فارس و تورک خاوەنی خاک و نیشتمانە، بەڵام دەوڵەتی نییە و سەدان ساڵە خوێنی ڕۆڵەکانی دەڕژێت. نەتەوەکانی تر، ئیسلام بە مۆرکی نەتەوەییی خۆیانەوە پەیڕەو دەکەن و شانازیش بە مێژوو و کولتووری ڕەسەنی خۆیانەوە دەکەن. بەڵام کورد زۆرجار وازی لە مێژووی دێرین و کولتووری خۆی هێناوە و تەنانەت هەندێک جار سوکایەتی بە ڕەچەڵەکی خۆی دەکات. شێوازی دینداریی گەلانی تری کۆپی کردووە و شانازیشی پێوە دەکات، لە کاتێکدا ئەو شێوازە دیندارییە، تێکەڵەیەکە لە دابونەریتی ئەو گەلانە لە پێش ئیسلامەوە.

لە کۆتاییدا، بە بۆچوونی من، هەتا کورد واز لە خۆشباوەڕی بە ناسیۆنالیزمی ڕوپۆشکراو بە ئیسلامی سیاسی نەهێنێت، و هەتا پەیڕەوی لە "ئیسلامێکی کوردەواری" نەکات — واتە ئایینەکەی بە مۆرکی کوردانە داڕێژێتەوە و لە ڕێگەی پەروەردە و چاکسازیی ئایینییەوە شانازی بە مێژووی ڕەسەنی نەتەوەکەیەوە نەکات — ئەوا هەمیشە وەک نەتەوەیەکی چەوساوە و فریودراو بە ناوی خوداوە دەمێنێتەوە و بە مافە ڕەواکانی ناگات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا