
دوای گرژی و ئاڵۆزیەکانی شەوی ڕابردووی نێوان ژمارەیەک لە بانگەشەکارانی بەرەی تورکمانی و گەنجانی کورد لە ناحیەی پردێ، هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی گەیشتنە ناحیەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگەگرتن لەتەشەنەکردن و دروستبونی ڕوداوی نەخوازراو
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی ڕێگای ڕاگەیاند ، پاشنیوەڕۆی دوێنێ ژمارەیەک لەبانگەشەکارانی بەرەی تورکمان بەئاڵای بەرەو ئاڵای تورکیا چونەتە گەڕەکی کوردستانی ناحیەی پردێ کە زۆرینەی دانشتوانەکەی کوردە. بەهۆی مامەڵەی گێچەڵ ئامێزی بانگەشەکارانەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان گەنجانی ئەو گەڕەکەو تورکمانەکان ڕویداوە. بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا.
سەرچاوەکە ووتی ئێوارەی دوێنێ جارێکیتر گرژی و ئاڵۆزی سەریهەڵدایەوە،بەڵام هێزێکی زۆری سوپاو هێزە ئەمنیەکان گەیشتنە ناحیەکەو دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد.
هاوکات لەگەڵ دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لەهەموو لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن.
بەشێک لەحزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک لە ڕاگەیەندراوی جیاجیادا، گرژی و ئاڵۆزیەکانیان بەکاری تێکدەرانە ناوبردو بۆ تێکدانی ئەو برایەتی و پێکەوە ژیانەی لەناحیەکەد هەیە.هاوکات داوایانکرد هێزە ئەمنیەکان دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن
هەرچەندە محەمەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا،داوای لەهێزە ئەمنیەکان کرد پەلە بکەن لە هێورکردنەوەی دۆخی پردێ و داواشی لە دانشتوانی شاروچکەکە کرد نەکەونە دوای هەڵای میدیاو پردێ و کەرکوکی بەڕمەزی پێکەوە ژیان وەسفکرد، بەڵام ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لەبەردەم کۆمەڵێک لەلایەنگرانی حزبەکەی، ڕایگەیاند، پەیوەندیم بە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی کردووە،ئەوان ووتویانە ئەوگەنجانە لایەنگری ئێمە نین،بەڵام من بوێرو ئازام و دەڵێم گەنجە تورکمانەکان لایەنگری ئێمەن .ئێوەش ئازابن بڵێن کوردەکان لایەنگری ئێمەن ، ئەگەر لایەنگری ئێوە نەبن،گەنجە کوردەکان یان تێکدەرن یان تیرۆرست.
لە ئێستادا دۆخی پردێ ئارامەو گرژیەکان هێوربونەتەوە