عیماد محەمەد

تابلۆی ڕەنگاڵەیی کەرکووک و ئەو مۆدێلە جوانەی برایەتی کە شانازیی پێوە دەکرا، خەریکە بەدەستی ئەندازیارانی سیاسەتی بەغدا کاڵ دەبێتەوە، ناوەند بە دەستێک دۆسیەی مادەی ١٤٠ی سڕ کردووە و بە دەستەکەی دیکە خەریکی شێواندنی ناسنامەی شارەکەیە، تا کەرکووک لە شارێکی فرەڕەنگەوە، بگۆڕێت بۆ شارێکی بێ ناسنامە و دابڕاو لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی.

کەرکووک لەمڕۆدا ڕووبەڕووی مەترسیدارترین پرۆسەی سڕینەوەی ناسنامە و گۆڕینی دیمۆگرافی بووەتەوە، هەرچەندە دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامدرا و پارێزگارێکی کورد دەستبەکار بوو، کۆتاییش بەو ئیدارە سەپێنراوە هات کە پاش ١٦ی نەفرەتی بەسەر شارەکەدا سەپێندرا، بەڵام واقیعە تاڵەکە ئەوەیە، کەرکووک هێشتا سیمای لە سیمای شارێکی مەدەنی ناچێت و زیاتر سیمای سەربازی پێوە دیارە، هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوە و دەسەڵاتی ڕەها لە دەستی سەربازدایە نەک ئیدارەی مەدەنی.

دۆخی ئێستای کەرکووک پێچەوانەی هەموو پرەنسیپە دەستوورییەکانە، سوپا سنووری ئەرکە سەربازییەکانی بەزاندووە و دەستی خستووەتە نێو ورد و درشتی ژیانی خەڵک،فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئێستا بڕیار بەدەستی یەکەمە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان، تەنانەت کێشە کشتوکاڵییەکانیش، ئەم هەژموونە وایکردووە متمانە لە نێوان سوپا و دامەزراوە خۆجێییەکاندا نەمێنێت، بەڵگەی ئەمەش سەندنەوەی بازگەکانی پردێ و چیمەنە لە پۆلیس، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ خواستی بەغدا لە دابڕینی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان و هێشتنەوەی لەژێر چەتری ناوەندگەرایی سەربازیدا.

جگە لەوەش مەترسیدارترین هەڕەشە لەسەر داهاتووی کەرکووک، ئەو شەپۆلە تەعریبەیە کە لەژێر پەردەی ئاوارەیی و دۆخی ئەمنیدا ئەنجام دراو هێشتا بەردەوامە، بە دەیان هەزار خێزانی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە، کە ساڵانێکە پاساوی شەڕی داعش نەماوە بۆ مانەوەیان، لە کەرکووک نیشتەجێ کراون و بەنیازیش نین بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان . کارەساتەکە لەوەدایە، لە سایەی پارێزگاری سەپێندراوی پێشوودا، (٩) گەڕەکی تەواو عەرەبنشین بە شێوەی زیادەڕۆ دروستکران، ئیدارەی ئەو کاتەی شارەکە لەبری ڕێگریکردن، بە پێچەوانەوە تەواوی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و ڕێگەوبانی بۆیان دابینکرد،کار ئاسانی بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و دەرهێنانی کارتی نیشتەجێبوونی بۆیان دەکرد، تا شەرعییەت بە مانەوەیان بدات و وەک ئەمری واقیع بەسەر دیمۆگرافیای شارەکەدا بیانسەپێنێت.

لێدان لە پێگەی کورد تەنها لە ڕووی خاکەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی ئیداریشەوە درێغی لێ نەکراوە، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەڵمەتێکی پاکتاوی ئیداری دەستی پێکردو دەیان بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەرپرسی بەشەکان کە کورد بوون، لە کارەکانیان دوورخرانەوە و کەسانی عەرەب و تورکمان لە شوێنەکانیان دانران، سەرەڕای گۆڕینی ئیدارەی شار، بەڵام هێشتا ئەو پۆستانەی لە کورد وەرگیراونەتەوە، وەک قایمقامیەتی ناوەندی، فەرمانگەی تەندروستی، کشتوکاڵ ، هتد،،، وەرنەگیراونەتەوە.
لە پرۆسەی دامەزراندندا، لە سەردەمی ئیدارەی سەپێندراودا، گەورەترین غەدر لە دەرچووانی کورد کرا، زۆرترین پشکی دامەزراندن بۆ پێکهاتەی عەرەب بووە، بەمەش هاوسەنگیی ئیداریی شارەکە بە تەواوی تێکدرا. تەنانەت ئێستاش کە پارێزگار کوردە، بەڵام زۆرترین و هەستیارترین جومگەکان هەر بە دەست عەرەبەوەیە، وەک قایمقامیەتەکان، ناحیەکان، فەرماندەیی پۆلیس، کشتوکاڵ، زانکۆ، پەروەردە، تەندروستی،هتد،،،

یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان، کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانە، سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی باکووری سەردەمی بەعس و گێڕانەوەی زەویە کشتوکاڵیەکان ، بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، بەڵام ئەم یاسایە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە.
لەسەر ئەرزی واقیع، تا ئێستا ئەم یاسایە جێبەجێنەکراوە، جووتیارانی کورد و تورکمان ناتوانن بچنەوە سەر زەوییەکانیان، سوپا ڕێگری لە کێڵان و چاندن و دروێنەی بەرهەمەکانیان دەکات، لەکاتێکدا عەرەبە هاوردەکان بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان لەسەر زەوییە داگیرکراوەکان ماونەتەوەو بەردەوامیش گێچەڵ بە جووتیارانی کورد دەکەن و هەوڵی داگیرکردنی زەویەکانیان دەدەن.

سیاسەتی پەراوێزخستن و جیاکاریی لە کەرکووک، گەیشتووەتە ئاستی دروستکردنی دوو چینی جیاواز لە هاوڵاتییان، لە دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبووندا، تەنها ئەو فەرمانبەرانە سودمەندن کە سەر بە میلاکی حکومەتی فیدراڵین ، چ فەرمانبەری مەدەنی چ کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
لە بەرامبەردا، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سەر بە هەرێمی کوردستانن، بە مامۆستایان، فەرمانبەران، پێشمەرگە و ئاسایشەوە، لە وەرگرتنی زەوی بێبەشکراون، ئەم ستەمە تەنانەت  ڕۆژنامەنووسانیشی گرتووەتەوە، ڕۆژنامەنووسی سەر بە سەندیکای بەغدا زەوی وەردەگرێت، بەڵام ڕۆژنامەنووسی کورد ئەگەر سەر بە سەندیکای کوردستان بێت، وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بێبەش دەکرێت.

دوای ئەوەی کورد توانی لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و پارێزگار وەربگرێت، بەغدا چەکێکی دیکەی بەکارهێنا، ئەویش چەکی دارایی بوو. لەوەتەی حکومەتی خۆجێیی نوێ پێکهاتووە، بەغدا بودجەی شارەکەی فەرامۆش کردووە و کەمترین پارەی بۆ خەرج دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی پڕۆژە ستراتیژییەکان پەکیان بکەوێت یان بە سستی بەڕێوە بچن، پەکخستنی هەر پرۆژەیەکیش بێکارکردنی سەدان کرێکاری لێ دەکەوێتەوە

لەم فەوزا سیاسی و سەربازییەدا، مادەی ١٤٠ کە تاکە ڕێگەچارەی دەستوورییە، بۆ چارەسەری دۆخی شارەکە ، بە تەواوی فەرامۆش کراوە، کەس باسی ناکات و جێبەجێکردنی بووەتە مەحاڵ،.
کەرکووک ئێستا لەنێوان بەرداشی ململانێکاندا ماوەتەوە، شارێک کە پارێزگارەکەی کوردە، بەڵام خاکەکەی، ئاسایشەکەی، و ئابوورییەکەی لەلایەن عەقڵییەتێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە ئامانجی سڕینەوەی فرەڕەنگییەکەیەتی. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا