نووسینی: کلارا کێنێپەر بۆمان
بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژنامەی ETCی سویدی
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦

توانا نورى
لە فارسیەوە کراوەتە کوردی


ئینتەرنێت بە شێوەیەکی کاتی بۆ ئێران گەڕاوەتەوە
هاوڕێیەک لە تارانەوە دەنووسێت: "شەقامەکان بۆنی خوێنیان لێ دێت. لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کوژراون. ئێمە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژێمەدا، لە سەرکوتکراوترین و بێ‌پەناترین خەڵکی جیهانین.» «هەمووان دەزانن کە کەشتییەکە خەریکە نوقم دەبێت."

ئەو پرسیارەی لە خۆمی دەکەم ئەوەیە: ئایا بەڕاستی وایە؟ ئایا کەشتییەکە کون بووە و ئاوی تێ دەچێت؟ و ئایا نوقم دەبێت؟ ڕژێمی ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە. ڕەوایەتییەکەی داتەپیوە و ناڕەزایەتییەکان قووڵن. بەڵام کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا مەلاکان دەڕووخێن یان نا، بەڵکو ئەوەیە ئەگەر بڕووخێن، چی لە دوای ئەوان دێت.

دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە. بەڵام بیرۆکەی ترەمپ بۆ "لەناوبردنی" سەرکردایەتیی ئێران لەسەر وەهمێک بونیاد نراوە. ئێران هەرەمێک نییە کە یەک کەس لە لووتکەیدا بێت. توانای مانەوەی سیستەمەکە لە چەندین ناوەندی دەسەڵاتی تێکەڵاودا شاراوەتەوە: ڕێبەری باڵا، سوپای پاسداران، دەزگا هەواڵگرییەکان و دامەزراوە ئایینییەکان.

جگە لەمەش، ترەمپ دەبێت لە دۆخی ناڕوونی سیاسەتی ناوخۆدا، لە نێوان هێزە نیو-محافزکارەکان (Neo-conservatives) و لایەنگرانی دروشمی "سەرەتا ئەمریکا"دا جووڵە بکات. بۆیە دەستێوەردانێک ئەگەری هەیە تەنها ببێتە نمایشێکی خێرا و سیمبولییانەی هێز، بەبێ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی درێژخایەن. ئەگەر ڕژێم بەم شێوەیە بڕووخێنرێت، مەترسیی پشێوی و بۆشایی دەسەڵات زۆر گەورە دەبێت، چونکە ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو بوونی نییە کە بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست.
دەرئەنجامەکان دەکرێت بە هەمان ئەندازەی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ خوێناوی بن. ئەم بابەتە وڵاتانی تری ناوچەکەی نیگەران کردووە. سعودیە، عومان و قەتەر – و ئێستا تەنانەت ئیسرائیلیش – دژی دەستێوەردانی لەو جۆرەن. و بەبێ پشتیوانیی ئەوان، ئەنجامدانی دەستێوەردانەکە سەخت دەبێت.

ئەوەی کە کوڕی شا، ڕەزا پەهلەوی، دەسەڵات لە ئێران بگرێتە دەست، شتێکە کە ئەمریکا، ئیسرائیل و زۆرێک لە ئێرانییە تاراوگەنشینەکان پشتیوانیی لێ دەکەن. ئەو تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهوو، ڕێککەوتننامەی دۆستایەتیی واژۆ کرد. ناوی ڕەزا پەهلەوی هەستی نۆستالژیا (خەوزران بۆ ڕابردوو) دەجووڵێنێت، بەڵام مێژوو قورسە. باپیرەی ئەو لە ساڵی ١٩٢١ بە پشتیوانیی بەریتانیا هاتە سەر دەسەڵات، و کاتێک سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی خەڵک، موسەددیق، لە ساڵی ١٩٥١ نەوتی ئێرانی خۆماڵی کرد، پرۆسەی دیموکراسی بە کودەتایەک کە لەلایەن CIA و MI6ـەوە پشتیوانی دەکرا تێکشکێنرا و شا – واتە باوکی ڕەزا پەهلەوی – دیسان گەڕێنرایەوە سەر دەسەڵات. ئەمەش ڕێگەی بۆ دیکتاتۆری خۆش کرد تا ساڵی ١٩٧٩.

هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە ناوخۆی ئێران و لەناو ئەو کەسانەدایە کە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی دیکتاتۆری و برسێتیدا دەژین.
ڕووزبە پارسی، مێژوونووسی ئێرانی، دەڵێت گۆڕانکاری لە ئێران ڕاکردنی خێرا (Sprint) نییە، بەڵکو ماراسۆنە. ئێران دەیتوانی ئەم ماراسۆنە دیموکراتییە تەواو بکات، ئەگەر کودەتا دەرەکییەکان لە ئارادا نەبوونایە.
کارناس و شارەزایان ڕەخنەیان لە پەهلەوی هەیە: ئەو ڕابەرایەتیی هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتیی متمانەپێکراو ناکات. دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ ژیان لە تاراوگە، نەیتیوانیوە ڕێکخراوێکی سیاسیی پتەو دروست بکات و هەروەها حوکمڕانییە سەرکوتکەرانەکەی باوکیشی سەرکۆنە نەکردووە. پارسی پێی وایە داواکاری بۆ گەڕانەوەی پاشایەک، زیاتر نیشانەی دەستەوەستانی و بێچاریی ئۆپۆزیسیۆنە، نەک گواستنەوەیەکی واقیعبینانەی دەسەڵات. گواستنەوەیەکی خێرای دەسەڵات بەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو یان سیاسەتێکی واقیعی بۆ قۆناغی دواتر، زیاتر مەترسیی پشێویی بەدواوەیە تا سەقامگیری.
سیناریۆیەکی تر ئەوەیە کە لایەنە سەربازی یان ئەمنییەکان – واتە بۆناپارتیستەکان – دەسەڵات بگرنە دەست. مێژوو نیشانی دەدات ئەم جۆرە دەستبەسەرداگرتنانە نزیکەی هەمیشە دەبێتە هۆی دروستبوونی دیکتاتۆریی نوێ. ڕژێمێکی سەربازی ڕەنگە لە حوکمڕانیی ئایینی پراگماتیکتر (واقیعبینتر) بێت، بەڵام مەرج نییە کەمتر سەرکوتکەر بێت. جگە لەوەش، لە ناوخۆی پێکهاتەی حکومەتدا هێزگەلێک هەن کە تەنانەت لە خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، توندڕەوترن. بۆیە گۆڕینی ڕژێم بەم شێوەیە ڕەنگە بە دۆخێک کۆتایی بێت کە لە دۆخی ئێستاش خراپتر بێت.
کەشتییەکە کون بووە – بەڵام ئێستا نوقم نابێت. ڕژێم لاواز بووە. بەڵام بەبێ ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتوو، داهاتوو ڕەنگە پڕ بێت لە توندوتیژی، بەسەربازیکردن یان وەهمی نۆستالژیک. نە دەستێوەردانی دەرەکی، نە سەرکردەکانی ناو تاراوگە و نە «ڕزگارکەرە» یونیفۆرم لەبەرەکان، هیچیان ڕێگەیەکی بەردەوام بۆ بەرەوپێشچوون پێشکەش ناکەن.

هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە ناوخۆی ئێران و لەناو ئەو کەسانەدایە کە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی دیکتاتۆری و برسێتیدا دەژین. و لەمبارەیەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی هەیە بۆ پاراستنی دەرفەتی هەناسەدانی کۆمەڵگای مەدەنی: لە ڕێگەی زانیاریدانی ڕەخنەگرانە دەربارەی دۆخەکە، بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ و پەنادانی ئەوانەی ناچارن هەڵبێن. ئازادی ناکرێت لە دەرەوە هاوردە بکرێت؛ دەبێت لە ناوەوە و بەپێی مەرج و دۆخی خودی ئێرانییەکان بەدەست بێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا