
داخورانی نەزم و نۆرمە جیهانییەکان لە گرینلاند گەیشتووەتە چەقێکی مەترسیدار. بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئەمریکا هەڕەشەی کەمکردنەوەی سەروەریی گرینلاند دەکەن بۆ ئاستی داراییەکی سەربازی. لە کۆتاییدا، شکستخواردن لە پاراستنی ئیرادەی دیموکراتیی ئەم دوورگەیە، ئاماژەیە بۆ داڕمانی کۆتایی یاسا نێودەوڵەتییەکان و گەڕانەوە بۆ سەردەمی حوکمی هێز.
نووسینی: ڕزگار عومەر
کاتێک تانکەکانی ڕووسیا سنووری ئۆکرانیایان بەزاند، هێزی ئەو هێرشە تەنها سنوورێکی سەروەری تێکنەشکاند، بەڵکو بناغە میتافیزیکییەکانی جیهانی دوای ١٩٤٥ی درز تێخست. ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ پاشەکشە لە سەروەریی یاسا بەرەو حوکمی هێز. ئەمڕۆ؛ ئەم داخورانەی نۆرمە جیهانییەکان چەقێکی نوێ و سارد لە جەمسەری باکوور دەدۆزێتەوە. گرینلاند کە پێشتر بابەتێك یان قەلەقیەکی لاوەکیی جوگرافی بوو، ئێستا بووەتە خاڵی سەرنجی هاوچەرخی "یارییە گەورەکە" (Great Game).
ئەم گۆڕانکارییە لە ڕاستییەکی فیزیکیی ڕەقەوە سەرچاوە دەگرێت: لەگەڵ توانەوەی بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور بە خێراییەکی بێپێشینە، گەنجینەیەکی گەورە لە کانزا گرنگەکان و توخمە دەگمەنەکان دەردەکەون کە بۆ تەکنەلۆژیای باڵا و وزەی سەوزی جیهانی پێویستن.
ئەم "کلیل لێدانە" جیۆلۆجییە ڕاستەوخۆ بووەتە سووتەمەنی بۆ ئەجێندای ئیدارەی ترەمپ لەسەر جەمسەری باکوور. بە سەیرکردنی گرینلاند لە ڕێگەی دیدگای "دۆکتۆرینی مۆنڕۆ- جەیمس مۆنرۆ سەرۆکی ئەمریکا ١٨٢٣"ی نوێکراوەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات هەژموونی تەواوی خۆی بەسەر نیوەگۆی ڕۆژئاوادا بسەپێنێت؛ وەک هاوبەشێکی سەروەر سەیری دوورگەکە ناکات، بەڵکو وەک "قوبەیەکی زێڕینی" بەرگری دژی فراوانخوازییەکانی ڕووسیا و چین لە جەمسەرەکاندا دەیبینێت. هەڵبژاردنە گشتییەکەی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لە گرینلاند گرژییەکانی ئەم واقیعە نوێیەی دەرخست. لە کاتێکدا سەرکەوتنی پارتی (Demokraatit) ئاماژە بوو بۆ گەلێک کە بەدوای پراگماتیزمی ئابووریدا دەگەڕێن، بەڵام خۆیان لە نێوان دوو بەرداشدا بینیوەتەوە: هەرچەندە خاکەکەیان بۆ ئابووری جیهانی بەهادارتر بێت، زیاتر دەبنە ئامانجی "ڕیالپۆلیتیک"ێکی نێچیرگرانە کە هەوڵ دەدات ئیرادەیان لێ زەوت بکات.
کاتێک گرینلاند فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییە نوێیەکەی لە "نووک" لە کۆتایی ٢٠٢٤دا کردەوە، هێمایەک بوو بۆ نەتەوەیەک کە هەوڵ دەدات داهاتووی خۆی بنیاد بنێت. کەچی، ئەم "پردی جەمسەرییە" لەژێر سێبەری دەقێکی ئیمپریالیدا دروست دەکرێت کە داوای خاوەندارێتی دەکات وەک پێشمەرجێک بۆ ئاسایش. ئەم گواستنەوەیە لە خاکێکی مەترسیدار بۆ سەر کەشوهەوا بەرەو خەڵاتێکی ستراتیژیی گەورە، دەمانباتە سەر گۆڕانکارییەکی تاریکتر: بێبەهاکردنی مرۆییانەی شانۆی جەمسەری باکوور بە شێوەیەکی سیستماتیک.
لە هاوبەشەوە بۆ دارایی: بێبەهاکردنی مرۆییانەی جەمسەری باکوور
ئەم تێڕوانینە نوێیە بۆ گرینلاند نیشاندەری لادانە لە لۆژیکی بازرگانییانە؛ ئەمە زمانی ناپۆلیۆن بۆناپارتە، گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی داگیرکاریی خاکی و چەسپاندنی عەقڵییەتێکی سەربازی. بە وێناکردنی گرینلاند وەک پاناییەکی گەورە و چۆڵ ، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ چاوپۆشی لە ئیرادەی دیموکراتیی کۆمەڵگەیەکی زیندوو دەکات. ئەم گوتارە نیشانەی ئیمپریالیزمی سەربازیی تەکنەلۆژیای باڵایە. هەوڵ دەدات نەتەوەیەک بگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆن و داراییەکی ستراتیژی بۆ دەستبەسەرداگرتن، نەک هاوبەشێک بۆ مامەڵەکردن.
لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٦دا گرژییەکان گەیشتنە لوتکە، کاتێک هەڕەشەی لکاندنی یەکلایەنە و سەپاندنی گومرگی گەورە بەسەر یەکێتی ئەوروپادا، کێشەیەکی دیپلۆماسییان گۆڕی بۆ قەیرانێکی ئاسایشی جیهانی. ئەگەر ئیدارەیەکی ئەمریکا بە یەکلایەنە خاکێکی ئەندامێکی ناتۆ داگیر بکات، ئەوە تەنها قەیرانێکی دیپلۆماسی نابێت؛ بەڵکو دوایین بزمار دەبێت لە تابووتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. کارێکی لەو شێوەیە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەردەچوو دەکات و مرۆڤایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ "دۆخی سروشت" کە تێیدا تەنها هێز دراوی ڕەوایە.
لەو چوارچێوەیەدا، مێژوو وانەیەکی تاڵمان لەبارەی زیانەکانی داگیرکاری و برینە دەروونییەکانی بەسەربازیکردن پێ دەدات. تراژیدیای سەدەی بیستەم فێری کردین کاتێک دەوڵەتێک لەپێناو قووڵایی ستراتیژیدا دەستبەرداری دانپێدانانی ئەخلاقیی گەلانی تر دەبێت، ئەنجامەکەی بێبەهاکردنی مرۆیی دەبێت بۆ داگیرکەر و داگیرکراویش. فراوانخوازییەکانی ئەدۆلف هێتلەر بە سڕینەوەی سنوورەکان دەستی پێکرد و بە سڕینەوەی ژیانی مرۆڤ کۆتایی هات.
جگە لەوەش، داگیرکاری تەنها دەستبەسەرداگرتنی خاک نییە؛ بەڵکو پرۆگرامێکی سەربازیی ڕەق دەخزێنێتە ناو کلتوورەوە. گەشەی سروشتیی کۆمەڵگە دەگۆڕێت بۆ "دیسپلینێکی میلتاریستی" کە پێداویستییەکانی ئامێری جەنگیی بێگانە دەیسەپێنێت. بۆ نموونە، دروستکردنی بنکەکان و ڕژانی سەربازی بێگانە هێدی هێدی بەستەرە کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکان دەخورێنێت و دانیشتووانێکی وابەستە بەجێدەهێڵێت کە ئەرکی سەرەکییان خزمەتکردنی زنجیرەو پێویستیەکانی لۆجستییە.
ئەم ڕێڕەوە بەرەو لکاندن (Annexation) ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەروونی ئەمریکادا؛ گۆڕان لە کۆمارێکی پارێزراو بە زەریاکانەوە بۆ ئیمپراتۆرییەتێک کە بە مەودای فراوانی هەژموون دەناسرێتەوە. کاتێک زلهێزێک سەیری جەمسەری باکوور دەکات نەک وەک پەناگەیەکی ژینگەیی یان نیشتمانێکی سەروەر، بەڵکو وەک "بەرزاییەکی ستراتیژی" لەسەر نەخشەیەکی دیجیتاڵی، ئەوا ڕەهەندە مرۆییەکە دەسڕێتەوە. ئەمە دووبارە دابەشکردنەوەی جیهانە، کە تێیدا وردەکارییەکانی کلتووری گرینلاند و سەربەخۆیی (Naalakkersuisut) - حکومەتی گرینلاند - وەک کۆسپێکی بچووک سەیر دەکرێن کە دەبێت بە فەرمانی سەرۆکایەتی تێپەڕێنرێن.
تەڵەی سەروەری: بەرەنگاربوونەوەی عەقڵییەتی سەربازی لە باکووری دوور
دڵەراوکێ فەلسەفییەکەی گۆڕەپانی سیاسیی ٢٠٢٥ ئەوەیە کە گرینلاندیبەکان بەدوای سەربەخۆیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خاوەن دەنگ بن، نەک بۆ ئەوەی سەرپەرشتیارێک بە گەورەیەکی شەڕەنگێزتر بگۆڕنەوە. داتاکانی ڕاپرسی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە زۆر کەس دەیانەوێت لە دانیمارک جیا ببنەوە، بەڵام ٨٥٪ی گرینلاندیبەکان چوونە پاڵ ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە.
سەرباری ئەوەش، جێگرەوەی ئەوان ئارەزوویەکە بۆ ژیانێکی فرەلایەنی ئاشتییانە لەگەڵ کەنەدا یان نەرویج؛ ئەو نەتەوانەی ڕێز لە هاوسەنگییە هەستیارەکەی هاوکارییەکانی جەمسەری باکوور دەگرن. ئەگەری ئاسایشی ئەمریکی کە لە داگیرکاری بچێت، جێگرەوە نییە؛ بەڵکو لەناوبردنی پڕۆژە سیاسییەکەی گرینلاندە.
ئەگەر جیهان ڕێگە بدات لۆژیکی سەربازیی زلهێزەکان بەسەر خواستە دیموکراتییەکانی گەلی گرینلانددا زاڵ بێت، ئەوا دەچینە ناو "وەشانێکی نوێتر" لە ئیمپریالیزم، کە ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ چەسپاندنی ستەمکارییە کۆنەکان بەکاردەهێنێت. ڕەنگە خەڵکی گرینلاند بەیانییەک بەخەبەر بێن و ببینن وڵاتەکەیان لەلایەن هێزێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە سەیری نیشتمانەکەیان دەکات وەک "فڕۆکەهەڵگرێکی جێگیر".
لە کۆتاییدا؛ داهاتووی مرۆڤایەتی بەستراوەتەوە بە توانای ئێمە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم گەڕانەوەیە بۆ "عەقڵییەتی سەربازی". ئەگەر یاسای نێودەوڵەتی نەتوانێت پارێزگاری لە دوورگەیەکی ئاشتیخوازی ٥٧ هەزار کەسی بکات لە بەرامبەر ئارەزووەکانی زلهێزێک، کەواتە یاسای نێودەوڵەتی بوونی نییە. ئەو پرسیارە هەمیشەییەی کە دەمێنێتەوە ئەوەیە: ئایا جەمسەری باکوور دەبێتە پردێک بۆ سەردەمێکی نوێ لە هاوکاری جیهانی، یان دەبێتە ئەو شوێنەی کە تێیدا بەهاکانی مافی مرۆڤ و سەروەری لەژێر بەستەڵەکەکەدا دە نێژرێن؟
تێبینی / ئەم ووتارە لە ڕۆژی ١٧ شوبات ی ٢٠٢٦ بە زمانی ئینگلیزی لە پێگەی Fair Observer بڵاوبۆتەوە.