
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعیی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر خراپیی گوزەرانی کەمئەندامانی سەنگەر دەربڕی و بە توندی ئیدانەی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیانی کرد. کۆمەڵەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم توێژە قوربانیدەرە کە "شەهیدی زیندووی" نیشتمانن، لە ئێستادا کراونەتە قوربانیی "سیاسەتی برسی کردن" و پشتگوێخستن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کەمئەندامانی سەنگەر بۆ پاراستنی خاک و شەرەفی میللەتەکەمان جەستەی خۆیان بەخشیوە، کەچی جگە دوو مانگی کۆتایی ساڵ (١١، ١٢) کەمئەندامانی سەنگەر مووچەی مانگی (١٠) یان پێنەدراوە و ڕۆژانە لەبەردەم بانکەکاندا ڕووبەڕووی بێباکی دەسەڵات دەبنەوە." کۆمەڵەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم مامەڵە نادادپەروەرانەیە، بەشێکە لە زنجیرەی ئەو ستەمانەی بەرامبەر بەهاووڵاتییان دەکرێت.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات، کە کۆتایی بەو کەمتەرخەمییە بهێنێت و بە زووترین کات مافە یاسایی و داراییەکانی ئەو تێکۆشەرانە دابین بکات کە شایستەی ڕێزلێنانی زیاترن نەک بێبەشکردن.