
سەروتاری رێگای كوردستان
یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك لە هەرێمی كوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا وەك هەر بۆنە و یادێكی تر بووەتە دروشمێك و یادكردنەوەیەكی ڕواڵەتخوازی بێ ناوەڕۆك. ئێمە لەبەردەم دژیەكییەكی قوڵی هۆشیاری و كرداریداین؛ لەلایەك "زمانی كوردی" لە مێژووی دوورونزیكدا لە ڕێگەی هزری شۆڤینی و قەدەغەكردنی لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە ڕووبەڕووی مەترسیی سڕینەوە بووەتەوە، لە لایەكی تر ئەمڕۆ لە سایەی حوكمڕانیی خۆماندا، بەهۆی سیستەمێكی پەروەردەیی و ئابووریی چەوتەوە، خەریكی لەناوبردنی و پەراوێزخستنی زمانەكەین.
مەترسییەكە چیتر دەرەكی نییە، بەڵكوو قەیرانێكی قووڵی ناوخۆییە كە ڕەگ و ڕیشەی لە بیركردنەوە و بونیادی كۆمەڵگەكەماندا داكووتاوە.
لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر زمانی كوردی، ئەو جۆرە لە "پەراوێزخستنی ئارەزوومەندانە"یە بەهۆی ئابوریی بازار و هزری بەرخۆری خەریكە دەبێتە مۆدێلێكی باڵادەستی كۆمەڵایەتی. سیستەمی سەرمایەداریی تاڵانخوازیی هەرێم و بازاڕی كار، زمانی دایكیان خستووەتە پەراوێزەوە؛ فێربوون و زانینی زمانەكانی ئینگلیزی و توركی و عەرەبییان كردووەتە تاكە پێوەری كارامەیی و بەدەستهێنانی هەلی كار.
لەم ژینگەیەدا، زمان لە شوناسێكی نەتەوەیییەوە بچووك كراوەتەوە بۆ كاڵایەك؛ ئەگەر پارە نەكات پەراوێز دەخرێت. لەوەش خراپتر، دەستەبژێری سیاسی و سەرمایەدارەكانمان، شانازی بەوەوە دەكەن كە منداڵەكانیان لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان دەخوێنن و ناتوانن بە كوردییەكی ڕەوان قسە بكەن. ئەمەش جۆرێكە لە خۆبەزلزانینی چینایەتی لەسەر حیسابی شكاندن و شێواندنی شوناسی نەتەوەییمان .
لە پاڵ ئەم نامۆبوونە كۆمەڵایەتییەدا، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە خەوێكی بێخەمی قووڵدان. لە جیاتی ئەوەی كار بۆ بە ستانداردكردن و پەرەپێدانی زمانی كوردی بكەن لەگەڵ پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیا و سەردەمدا بگونجێت، بوونەتە تەماشاكەر. لەوەش خەراپتر، بە پاساوی جۆراوجۆر و لەژێر كاریگەریی ململانێی ناوچەگەری، دەسەڵاتداران ڕێگە دەدەن شێوەزارەكان وەك زمانی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ئەمەش درزخستنە نێو یەكێتیی شوناسی نەتەوەیی و بڵاوكردنەوەی هزری ناوچەیییە لە كۆمەڵگەی كوردی.
پاراستنی زمانی دایك، تەنها بە بۆنە و یادكردنەوەی ڕواڵەتی و لە یەك ڕۆژی ساڵدا ناكرێت. زمان كاتێك لاواز دەبێت پەیوەندی نەوەی نوێ لەسەر ڕایەلەی زمانی بیانی، بازار، بازرگانی و ژیانی بەرخۆریی نیۆلیبراڵیزم گەشەی پێبدرێت و لە ناوەندەكانی زانست، بازاڕ، دادگەكان و ژیانی ڕۆژانەشدا، زەمینەی لاوازكردنی بۆ دروستبكرێت.