
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت و فراواندا لەگەڵ تۆڕی میدیایی( PBS)ی ئەمریكی، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، تیشك دەخاتە سەر هەستیارترین پرسەكانی ناوچەكە، لەوانە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ واشنتۆن، رێككەوتنەكانیان لەگەڵ دیمەشق و سەرهەڵدانەوەی مەترسییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
عەبدی بە ڕاشکاوییەوە ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کاتەی هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەر و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بوونە قوربانی، هێزەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نەهاتنە دەنگ و بە هانای کوردەوە نەچوون. ئەم بێدەنگییەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، وایکردووە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و بێهیوایی لەنێو گەلدا سەرهەڵبدات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، فەرماندەی گشتیی هەسەدە تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنی کۆتایی مانگی ڕابردوو و وتی ،ڕاستە ئەمە باشترین ڕێککەوتن نییە بۆ کورد، بەڵام لە دۆخی ئاڵۆزی ئێستادا باشترین بژاردە بوو بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە.
عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمییە، بەڵام ئەوەی حکومەتی سووریا قبوڵیەتی تەنها سیستەمی حوکمڕانیی خۆجێییە، کە تێیدا کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات. هەروەها هۆشداریشیدا کە نایانەوێت ڕێککەوتنەکە هەرەس بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا تا کۆتا دڵۆپی خوێن دەستبەرداری خاکەکەیان نابن و بەرگری لە ناوچە کوردییەکان دەکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەزڵوم عەبدی زەنگی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدا و هۆشداری دا لەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم بارودۆخەدا هەڵەیەکی گەورەیە و ئاڵنگاریی نوێ دروست دەکات. ئەو پێی وایە داعش بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی ڕێکخستووەتەوە؛ ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دژی ئەو ڕێکخراوە سست ببێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە وردە وردە کۆنترۆڵی شارە گەورەکانی سووریا بکاتەوە و جارێکی تر ببێتەوە بە هەڕەشەیەکی گەورەی جیهانی.
لە کۆتاییدا، عەبدی دیدگای نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی خستەڕوو، بەوەی کە هەڵگری دوو ناسنامەیە؛ ناسنامەی سووریبوون و ناسنامەی کوردبوون، و شانازی بە هەردووکیانەوە دەکات. ئەو ئومێدەوارە سووریا لەسەر بنەمایەکی نوێ ئاوەدان بکرێتەوە، بە مەرجێک ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و گەلی کورد تیایدا سەرفراز بێت و ڕۆڵێکی پێشەنگ و کارا لە داهاتووی وڵاتەکەدا بگێڕێت.