
لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی گونجانە لەگەڵ پێشهاتەکانی قۆناغی نوێی سیاسی، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە تورکیا، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و هێڵە سیاسییەکەیدا. ئەمەش وەک بەشێک لەو دەستپێشخەرییەی بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هاتووەتە ئاراوە.
ماڵپەڕی خەبەر تورک بڵاویکردووەتەوە، پلانە نوێیەکە چەندین گۆڕانکاریی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە، گۆڕینی ناوی پارتەکە و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، لەگەڵ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سەرکردایەتی و پێکهاتەی پارتەکە، بڕیارە ناوی نوێی پارتەکە دەستەواژەی کۆماری دیموکراتی لەخۆبگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەخشینی ناوەڕۆکێکی دیموکراسیانە بە چەمکی کۆمار و جێگرتنەوەی لۆژیکی چەک بە سیاسەتی دیموکراتی و زانستی.
لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییە نوێیەوە، پارتە کوردییەکە دەیەوێت سەرنجی توێژێکی فراوانتری کۆمەڵگە ڕابکێشێت و ببێتە پارتێکی سەرتاسەریی بۆ هەموو تورکیا. ئەمەش دەبێتە دووەم گۆڕانکاریی گەورەی ڕێکخراوەیی پارتەکە لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ناوی (پارتی چەپی سەوز)، کە ئەوکات وەک جێگرەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دروستکرا بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسیی داخستن ببووەوە.
لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی زەمانی تورکی ئاشکرای کردووە، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم قۆناغە نوێیە، پەیڕەوکردنی سیستەمی چەتری یەکگرتووە. چاوەڕوان دەکرێت قەوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (DTK)، کۆنگرەی گەلی دیموکراتی (HDK) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP) بچنە ژێر باڵی ئەم پارتە نوێیە، بۆ ئەوەی تەواوی باڵە کوردی و چەپەکان لە یەک چوارچێوەدا یەکبخرێن و چالاکییە سیاسییەکانیان بە یەک ناوەوە ئەنجام بدەن.
بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەبوونی فراکسیۆنەکەیان، لەمەودوا بە توندی ڕێگە لەوە دەگیرێت کە هەر پەرلەمانتارێک لەسەر لیستی پارتەکە دەرچووبێت، دواتر پەیوەندی بە پارتێکی ترەوە بکات.
سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکی بەرفراوان ئەنجام بدرێت، هەرچەندە پێدەچێت (تونجەر باکرهان) لە پۆستی سەرۆکایەتی (هاوسەرۆک)دا بمێنێتەوە، بەڵام تەواوی ئاستەکانی تری بەڕێوەبردن و دەستەی جێبەجێکردن گۆڕانکاریی ڕیشەییان تێدا دەکرێت. بڕیارە ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆنگرەیەکی گەورەی پارتەکەدا کە وابڕیارە هاوینی داهاتوو ببەسترێت، پەسەند بکرێن.