ئەبوكاروان 

هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی بەپێی زۆر لە پێوەرە نێودەوڵەتی و ئەكادیمییەكان یەكێكە لە بنەما گرنگەكانی ئازادیی ڕادەربڕین و مرۆڤ دەتوانێ بەپشتبەستن بەم پرۆسەیە بەشداربێ لە بڕیاری سیاسی و هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی خۆی، واتا بەبێ بەشداریی تاك لەم پرسە سیاسییەدا، ناتوانین بڵێین ئێمە ژینگەیەكی سیاسی هاوسەنگ و تەندروستی دیموكراسیمان هەیە. 

بەتێگەیشتن لەگرنگی و بایەخ و لێكەوتەی ئەم پرۆسەیە و بەپێی دەستور و یاسا، بڕیاروایە لە یازدەی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێ، هەرچەندە بەپێی زۆر لە دیدوتێڕوانینی چاودێرانی سیاسی ئەم هەڵبژاردنە لە بارودۆخێكی نابەرابەردا ئەنجامدەدرێ و زۆر لە هێز و قەوارە سیاسییەكانی بەشدار لە پرۆسەكەدا  پارەی سیاسییان كردۆتە بنەمای جووڵە و بانگەشەكانیان و ئەمەش لە ڕاستیدا دادپەروەریی هەڵبژاردن تێكدەدات و پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت هەڵدەتەكێنێ، چونكە هاووڵاتی لەم ژینگەیەدا دەكرێتە ئامرازی كڕین و فرۆشتن و دەنگكڕین، كە دیاردەیەكی ناشارستانی قێزەونە و دەبێتە بنەمای سەركەوتن و دەنگهێنان. 

گەر هەڵسەنگاندنێكیش بكەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا، ئەوا دەبینین خەرجییەكی دارایی بێشومار و بێوێنە  خەرجدەكرێت و نفوز و دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەكە بەكاردەهێنرێ . 

لەهەرێمی كوردستانیشدا هەڵبژاردن لە بارودۆخێكدا دەكرێت كە لەنێوان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەم هەڵبژاردنەی ئێستادا چەندین كەم و كورتی دەسەڵاتداران زیادیكردووە، پاشەكشەیەكی گەورەی ئازادییەكان لە ئارادایە و ئازادیی سیاسی و ڕۆژنامەگەری لەژێر پرسیاردایە و زۆرترین پێشێلكاری دەبینرێ لەم ڕووەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بێمووچەیی و گرانی بازاڕ و نەبوونی هەلی كار و دەرفەتی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵك لەوپەڕی بێدەرەتانیدایە، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار وەك هەمیشە دامودەزگا ئەمنییەكان  و چاوسووركردنەوە و پارەی سنوورەكان و زۆر ڕێگای تر بەكاردەهێنن و خستوویانەتە خزمەتی خۆیان و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و دەیانەوێ بەو ڕێگایە سەركەوتن مسۆگەربكەن، ئەمە هەم كاریكی نادیموكراتی و نالایەقە بە پێشكەوتن و پرۆسەی بەشداریی سیاسی هاووڵاتی،  هەمیش دژەیاسا و رێكارە دەستورییەكانە، كە لە عێراقدا بانگەشەی بۆ دەكرێ، بۆیە پێموایە ئەم هەڵبژاردنەش بێ خەڵت و خەوش و كەم و كورتی نییە و ڕەنگە لەوانەی ڕابردوو خراپتر بەڕێوەبچێ، چونكە دیاردە و حاڵەتە بەراییەكانی بانگەشەی پرۆسەكە ئاماژەی باش نابەخشن و ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەدا دەچێ، كە دیسان لەم پرۆسەیەشدا هاوشێوەی ڕابردوو پرسی دیموكراتی ببێتە پرسێكی گاڵتەجاڕانە و یاری پێبكرێ، بەڵام سەرەڕای ئەو سەرنج و تێبینییانەش، ئێمە لە حزبی شیوعیی كوردستان كە لە ڕابردوودا و لە ساڵی ١٩٩٢ وە گەورەترین قوربانیی تەزویر  و ساختەی پرۆسەكانی هەڵبژاردنین، داكۆكیكارێكی سەرسەختی ئەم پرۆسەیەین و پێمانوایە دیموكراتییەت و ئازادیی هەڵبژاردن و بەشداریی سیاسی هاووڵاتی زەرورەتێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە و ناكرێ دەستبەرداری بین، چونكە ئێمە وەك هێزیكی ڕاستەقینەی  چینایەتی چەپی عێراق و كوردستانی، كە لە خەبات و قوربانیدان و لە سەنگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی پێشوودا بووین و لە چیاكانی كوردستان و داكۆكی لە خەڵكی كوردستان لە هێزەكانی تر زۆرترمان نەكردبێ كەمتر نەبووین، بۆیە بەردەوام پێمانوایە هەڵبژاردن هەنگاوێكی گرنگە لە پرۆسەی دیموكراسی و دەستەبەركردنی ئازادیدا و مافی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و ناكرێ دەستبەرداری بین، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن و خودی پرۆسەكە بۆخۆی جۆرێكە لە پردی پەیوەندیی نێوان خەڵك و حزبەكان و مافێكی سروشتی و مەدەنی خەڵكە لە بەشداریی سیاسییان و پێویستە بەگوڕوتینەوە بچینە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان و لەو ڕێگایەوە ململانێی ماف و داخوازییە ڕەواكانمان بكەین و كێشمەكێشی قووڵی نێوان یەكێتی و پارتی و  ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و قەیرانە كەڵەكەبووەكان  و شكستی حوكمڕانی  و گەندەڵی دارایی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتمانی و  دابەشكردنی هەرێم بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتدارێتیدا زیاتر هاندەرمان بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو حزبە و سیستەمە دەسەڵاتدارێتییەكەیان، كە بووەتە هۆكاری نیگەرانییەكی قووڵ لەلای هاووڵاتییان. ئەم دۆخە لە بێباكی و خەمساردی دەسەڵات وادەخوازێ نائومێد نەبین لە ئاست چارەسەرییەكان و بەدەستهێنانەوەی ماف و داخوازییە ڕەواكان، لەمەشدا پێویستە سندوقەكانی هەڵبژاردن بكەینە سەنگی مەحەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخەی كە ئەم دەسەڵاتە بەرجەستەی كردووە. 

لەسۆنگەی ئەو تێگەیشتنەشەوە حزبی شیوعیی كوردستان بڕیاریدا لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پشتگیری و دەنگ بداتە ژنە كاندیدێكی تێكۆشەر و پێشكەوتنخواز، ژنێك كە لە خەبات و تێكۆشانی خۆی و خانەوادەكەیدا خاوەنی قوربانی و گیانفیداییە و هەر لەم پێناوەشدا هاوسەرەكەی و باوكی وەك دوو پێشمەرگە و فەرماندەی ڕۆژانی خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگایەتی، گیانی خۆیان بەخشیوەتە گەل و نیشتمان . 

ئەم كاندیدە ژنێكی لێهاتووی كۆڕی تێكۆشانی شاخ و شارە و ڕۆڵێكی كارای هەبووە و هەیە لە پرسە سیاسییەكاندا و تێڕوانین و دیدی جیاوازتری هەیە بۆ ئەو بارودۆخە جیاوازانەی كە ڕابردوو، و ئێستای هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێ.

لە هەلومەرجی شار و شاخدا و لە كاتێكدا، كە بارودۆخ بۆ بەشداریی ژنان لە چالاكییە سیاسییەكاندا ئاستەنگ بوو، ئەم ژنە وەك تێكۆشەرێكی لێهاتوو توانی ڕۆڵێكی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێكی پێشمەرگایەتی و گۆڕەپانی خەباتی سیاسیدا و فشاری ڕژێم و ئاستەنگەكانی ژیان لە هەڵوێستە نیشتمانی و چینایەتییەكانی ساردی نەكردۆتەوە و هەمیشە بە ورەی بەرز و دیدوتێڕوانینی پۆڵایینەوە لە مەیدانی تێكۆشاندا تێدەكۆشێ . 

بۆیە لە ڕوانگەی ئەم كارامەیی و چاونەترسییەوە، حزبی شیوعیی كوردستان لەم پرۆسەیەدا وێڕای ڕێگریی حزبە دەسەڵاتدارەكان و سیناریۆكانی دەنگكڕین و دروستكردنی جۆرێك لە پەرتەوازەیی، بانگەوازی پێشكەوتنخوازان و هاووڵاتییان و كۆمەڵگەی مەدەنی و تەواوی تێكۆشەرانی  كوردستان و عێراقی دەكات، كە دەنگ بدەنە (پائره یوسف عەزیز) كاندیدی ژمارە (٣٤٢) و سەركەوتنی ئەم كاندیدە، سەركەوتنە بۆ هەموو هێزە پێشكەوتنخواز و مەدەنی و چەپەكان و پێكهاتەكان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا