15ی ئۆكتۆبەری 1972- 2025
لاوانی خۆشەویست
ئەمڕۆ ١٥ی ئۆكتۆبەری، (٥٣) ساڵ تێدەپەڕێت, بەسەر دامەزراندنی یەكێتی لاوانی كوردستان، ڕێكخراوێك كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، پاڵپشتی توێژی لاوانی كوردستان دەكات و لە ساڵانی تەمەنی پڕ لە تێكۆشانیدا بەشێكی دانەبڕاو بووە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكان.
یەكێتی لاوانی كوردستان لە ساڵی ١٩٧٢ لە هەلومەرجی سەختی ستەم و دیكتاتۆرییەت دامەزرا لە پێش ئەم بەروارە لە چوار چێوەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق تێكۆشانی خۆی دەكرد. بەڵام لە سایەی ئیرادەی نەوە لە دوای نەوەكانیدا توانیویەتی ببێت بە ناوەندێكی خەبات و هۆشیاری و پەروەردەی نەتەوەیی و دیموكراسی و ببێتە بەشێكی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوارزی كوردستان و خەباتی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە بۆ ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی.
لاوانی تێكۆشەر
زیاتر لە پێنچ دەیەیە یەكێتی لاوانی كوردستان لە پێشەنگی پرسەكانی لاواندایە و بەشداری دەكات لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەكانی ستەم و جیاكاری و گەندەلی بۆتەوە. هەروەها كاری كردووە بۆ چاندنی ڕۆحی كاری بەكۆمەڵ و خۆبەخشانە، هەروەها هانی توێژی لاوانیداوە بۆ بەشداریكردن لە ژیانی سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتیدا، بەو باوەڕەی كە ئەوان بنیاتنەری داهاتوون و بزوێنەری گۆڕانكارین.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، یەكێتی لاوانی كوردستان پابەندبوونی پتەوی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕۆڵی كارای خۆی لە ڕێكخستنی وزەی لاوان و پەرەپێدانی تواناكانیان و بەهێزكردنیان بۆ بەشداریكردنی كاریگەر لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، دیموكراسی، مەدەنیدا دووپاتدەكاتەوە.
هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی دەكات، سیاسەتی جدی بگرنەبەر لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی لاوان بە تایبەت بێكاری، بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەر، و كۆچی لاوان ، هەروەها متمانەی لاوان بۆ ئایندەی خۆیان لە نیشتمانەكەیان بگەڕێننەوە.
لاوانی كۆڵنەدەر
یەكێتی لاوانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە لە ڕەتكردنەوەی هەموو جۆرەكانی گەندەڵی و هەژموونی حزبی بەسەر ناوەندەكانی خوێندن و زانست و پێگەیاندن و وەرزشی و داوای یەكڕیزی لاوان دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی ببنەوە كە دەبێتە هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوویان.
لە سایەی حكومەتی جوت حزب و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی بانگی نێودەوڵەتی و فرۆشتنی كەرتی گشتی بە كۆمپانیاكانی حزب لە پێنا بەتایبەتكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەكان, بۆیە لە ئەنجامی نیولیبرالیزم توێژی لاوان ڕووبەڕوویی ناعەدالەتی و هەژاری و ماددە هۆشبەرەكان و دابەزینی ئاستی پەروەردە لە ناوەندەكانی خوێندنی بنەڕەتی تاكو خوێندنی باڵا بۆتەوەو و ڕۆڵیان پەراوێزخراوە لە ژیانی گشتیدا.
هەروەها رێكخراوەكەمان ئەو پێشێلكارییە بەردەوامانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی دەستدرێژی دەرەكییەوە ئیدانە دەكات، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
هەروەها داواكارین كە سەرجەم ناكۆكی و گرفتە ئابوری و ئیداری و دەستورییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ چارەسەر بكرێت لە پێناو بەدەست هێنانی مافەكانی هاونیشتمانیان بەتایبەت چارەسەركردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەكان دەكەین كە بەرژەوەندی گشتی لە پێشینەدا دابنێن و هەرێم لە ململانێكانی وڵاتانی دراوسێ دوور بخەنەوە چونكە ئێمە لە یەكێتی لاوانی كوردسنان پێمان وایە ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێن و ماندوێتی تێكۆشانی سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستانە.
بەڵێنی خۆمان نوێ دەكەینەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگای تێكۆشان لە پێناو ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بۆ ئایندەیەكی شایستەی لاوانی كوردستان.
شكۆمەند بێت یادی 53 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی كوردستان.
بژی ئیرادەی لاوان بۆ كوردستانێكی ئازاد و ئاوەدان.
بژی خەباتی لاوانی جیهانی لە پێناو دادپەروەری و ئاشتیدا.
مەكتەبی سكرتارییەتی
یەكێتی لاوانی كوردستان
١٥ی ئۆكتۆبەری2025